لە بەهارەگەشتی ژنانی گوندی توتمێ لە بناری قەندیل جەخت لە یەکڕیزی و پاراستنی ژینگە دەکرێتەوە

 دانیشتوانی گوندی توتمێی سەربە هەرێمی مارەدوو لە بناری قەندیل، بەهارەگەشتێکی فراوانیان ڕێکخست، لەم گەشتەدا کە بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردییەوە بەڕێوەچوو، ژنانی گوندەکە جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و یەکڕیزی کردەوە.

بناری قەندیل

 

سەیران و بەهارەگەشت لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، تەنها بۆ بەسەربردنێکی کاتیی کاتەکان نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گەڕانەوە بۆ باوەشی سروشت، خەڵکی گوندی توتمێ لە بناری قەندیل، بە کۆبوونەوەیەکی گەورە پێشوازییان لە بەهار کرد و ژنانی گوندەکەش ڕۆڵی سەرەکییان لەم یەکڕیزییەدا هەبوو.

سنەوبەر مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی گوندی توتمێ، باسی لە خۆشییەکانی ئەو ڕۆژەو ئامانجی کۆبوونەوەکە کردو وتی: ئەمڕۆ زۆر خۆشە چونکە هەموومان یەکتر دەبینینەوە. باوەڕ بکەن منداڵەکانمان یەکتری ناناسن، چونکە کاتێک بەشێک لە خەڵکەکە لێرە ڕۆیشتوون، زۆربەی ئەم منداڵانە هێشتا لەدایک نەببوون. ئێستا زۆر خۆشە کە هەموومان هاتووینەتە سەیران، هەم یەکتر دەبینین و هەم منداڵەکانیش یەکتردەناسن.


سنەوبەر دڵخۆشیی خۆی بە پاراستنی کولتوور دەربڕی و ئاماژەی بەوەشدا کە وەک ئەنجومەن بڕیاریان لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگە داوە: لە خوا بە زیاد بێت هەموومان بە جلوبەرگی کوردی و بە شێوازێکی کوردەواری هاتووین. هەروەها بڕیارمان داوە هەر خێزانێک گەشتەکەی تەواو بوو، زبڵ و خاشاکەکەی لەگەڵ خۆی بباتەوە و فڕێی بداتە ناو زبڵدانەکان.

 سنور حوسێن، یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی گەشتەکە، ئاماژەی بە گرنگی ئەم جۆرە چالاکییانە کردو وتی: گرنگی ئەم گەشتوگوزارە لەوەدایە کە خەڵکی گوند پێکەوە کۆدەبنەوە و بە جلوبەرگی جوان و ڕەنگاوڕەنگی کوردییەوە دەردەکەون، کە بۆ منداڵانیش کەشێکی زۆر خۆشە و چێژی لێ وەردەگرن، لەسەر ئەم خەڵکە ئەرکە کاتێک دێنە گەشتوگوزار، ئەو شوێنەی لێی دادەنیشن بپارێزن و پاشماوەکانیان بەجێ نەهێڵن، بۆ ئەوەی خەڵکی تریش کە هاتن، بتوانن پشووی خۆیانی تێدا بدەن.

 

"دۆستایەتی زیاتر دەبێت"

ئاوێزان محەمەد، ژنێکی تری گوندەکەیە، کە هیوادارە ئەم نەریتە ببێتە کولتوورێک لە هەموو گوندەکانداو وتی: ئەم بەهارەگەشتە زۆر باشە کە گوندەکانی بناری قەندیل ساڵانە ئەنجامی دەدەن. لە ڕێگەیەوە زیاتر ئاشنای یەکتر دەبین، دۆستایەتییەکان زیاتر دەبن و وەک جاران نامێنین کە خەڵک لە یەکتر دوور کەوتبوونەوە.

 

ئاوێزان لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامێکی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی ئاراستە کرد و وتی: هیوادارین هەموو گوندەکان بەهارەگەشت بکەن بۆ زیاتربوونی دۆستایەتی، بەڵام داواکارین ژینگە بپارێزن و پیسی نەکەن، کاتێکیش دەگەڕێنەوە زبڵەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە.