ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداری لە دووبارە زیندانیکردنی چالاکوانێکی تونسی بە سزای ٢٥ ساڵ دەدات
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداری داوە لە مەترسی ڕەوانەکردنەوەی سیحم بن سێدرینی چالاکوانی مافی مرۆڤی تونس بۆ زیندان، ئەوەش دوای دوو بڕیاری دادگا دژی سزادانی بە گشتی ٢٥ ساڵ زیندانیکردنی.
ناوەندی هەواڵ
بازنەکانی مەدەنی و سیاسی تونس شاهیدی هەڵکشانی بێ وێنەن لە لێپێچینەوە و سزای زیندانیکردن دژی چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و سەرکردەکانی بیروڕا، لەڕێگەی تۆمەتە ناڕوونەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی و پیلانگێڕی و ناڕێکی دارایی.
سیهم بن سێدرین چالاکوانی مافی مرۆڤی تونسی ڕووبەڕووی مەترسی دووبارە زیندانیکردنەوە دەبێتەوە، دوای ئەوەی دوو بڕیاری دادگا دژی سزادانی بە گشتی ٢٥ ساڵ زیندانیکردن بۆی. دوێنێ ٢٧ی ئەیلوول، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕوونیکردەوە کە ئەم دوو بڕیارە پەیوەندییان بە دوو لە کۆی حەوت دۆسیەی دژی ئەوەوە هەیە کە لە کارەکانی پێشووی وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی ڕاستی و کەرامەت سەرچاوەیان گرتووە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سیحم بن سێدرین بۆ ئێستا بە ئازادی دەمێنێتەوە، تاوەکو دەرئەنجامی تانەکەی، بەڵام ڕووبەڕووی مەترسیی دووبارە دەستگیرکردنەوە دەبێتەوە بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی. هەروەها ڕووبەڕووی پێنج حاڵەتی دیکە دەبێتەوە کە تێیدا قەدەغەکردنی گەشتکردن لە دژی دەرچووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، سیحم بن سێدرین لە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠٢٤ تا ١٩ی شوباتی ٢٠٢٥ دەستبەسەر کراوە، پێش ئەوەی دادگای تێهەڵچوونەوەی تونس بڕیاری ئازادکردنی بدات بە دانانی بارمتە تا دادگاییکردن.
ڕێکخراوەکە ئەو حەوت تۆمەتەی کە ئاراستەی بن سێدرین کراوە بە هێرشی ڕاستەوخۆ دەزانێت بۆ سەر کارە ڕەواکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی ڕاستی و کەرامەت، ئەو دەزگایەی بەرپرسیارە لە دادپەروەری ئینتقالی و لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی ڕابردووی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختی لەوەکردەوە کە ڕێوشوێنی دادگاییکردنەکە بەهۆی پێشێلکردنی ڕوونی گەرەنتی دادگاییکردنی دادپەروەرانە تێکچووە و داوای لە دەسەڵاتدارانی تونس کرد بڕیارەکان هەڵبوەشێننەوە و هەموو تۆمەتەکانی دژی ئەو هەڵبوەشێننەوە.
هەروەها ڕێکخراوەکە هۆشداریدا لە کاریگەرییە جددییەکانی ئەم دۆسیەیە بۆ داهاتووی دادپەروەری ئینتقالی، ئاماژەی بەوەدا کە مەترسی لەسەر توانای ئەو کەسانە دروست دەکات کە لەم بوارەدا کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە فەرمییەکانیان بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە.