کاردانەوەی ڕاگەیاندنەکان: پێویستە هاوڵاتییان خۆیان بە بەرپرسیار ببینن بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا
دەزگای ڕاگەیاندنی هاوڵاتی و کەناڵی ئازادی تیڤی بەجیا کاردانەوەیان بەرامبەر بۆردوومان و هێرشی دەوڵەتی تورک و گیان لەدەستدانی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەهۆی بـۆردوومانەوە لە نزیکی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی نیشانداو مەترسییەکانیان خس
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢٣ی ئاب، لە نزیکی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی کرد، بە هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی "گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین" گیانیان لەدەستداو و ٦ ڕۆژنامەنووسی دیکەش برینداربوون.
لە درێژەی کاردانەوەکان، دەزگای ڕاگەیاندنی هاوڵاتی و کەناڵی ئازادی تیڤی بەجیا هاوخەمی خۆیان دەربڕی.
دەقی پەیامەکەی دەزگای هاوڵاتی:
ئەم بێباکییە هەتا کەی؟
لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا گەیشتووەتە ئاستێک، هەموو ڕۆژێک هەواڵی کارەساتێکی نوێ دەبیستین، کەچی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ بێدەنگتر دەبن و هیچ کاردانەوەیەکی سیاسیی و سەربازییان نییە لە بەرانبەردا. ئەم بێباکییەی حزبە کوردییەکانیش کە بووە بە ستراتیژ و لە سایەیدا سەرقاڵی پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانن، دوو ڕاستیی سەرەکیمان بۆ ئاشکرا دەکات: یەکەمیان ئەوەیە چیتر هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزێکی سیاسیی نیشتیمانی نییە و سەرجەمی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکانییشەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دروستبوون و پەیوەندییان بە پاراستنی خاک و وڵات و ژیانی هاوڵاتییانەوە نییە، دووەمیشیان ئەوەیە ژیانی خەڵکی کوردستان لە ژێر هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەدایە و پێویستە بە دوور لەو بێدەنگییە ستراتیژییەی دەسەڵاتداران، کاردانەوەی گەورە بە ڕووی ئەم لەشکرکێشییە سەربازییانەی تورکیای داگیرکردا بنوێنن، کە ڕۆژانە دووبارە و سێبارە دەبێتەوە.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دوای بۆردوومانی هەندێک ناوچەی شارباژێڕ لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، لەسەر ڕێگای سەیدساق-هەڵەبجە، دوای سنووربەزاندن و دەستدرێژیی سوپای تورکیا بە درێژی ٤٠٠کم، بۆسەر خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بۆردوومانکردنەوە بە درۆن، دوو خاتوونی ڕۆژنامەنوس شەهیدکران و شەش هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون. بێگومان ئێمە چەندین ساڵە گوێبیستی ئەوە دەبین، کە باشوور باجی خەباتی باکوور دەدات، بەڵام ئەم قسەیە نەک ڕاست نییە، بەڵکو خۆدزینەوەیەکی ئاشکرایە لە بەرپرسیارێتی نیشتیمانیی و هاوکاتکەوتنی دەمامکی کوردایەتیشە بە ڕوخساری سیاسییەکانی هەرێمەوە. لە لایەکی تریشەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێت کام هێز لە خەباتێکی بەردەوامدایە بۆ پاراستنی گەلی کورد و لەبەر چ هۆکارێکیش بەردەوام ڕەتدەکرێتەوە.
ئەوەی پێویستە هاوڵاتییانی کوردستان ئەنجامی بدەن، پەرەدانە بە فۆڕمێک لە خەباتی فرەیی و ڕاکێشانی بەرەنگارییە بۆناو کایە و پانتاییە کولتوورییەکانی وەک میدیا و گردبوونەوەی جەماوەری سەرتاسەری و ڕەتکردنەوەی داگیرکەر و خانەخوێ ناوخۆییەکانیان لە یەک کاتدا. چونکە خەبات و بەرەنگاریی تەنیا بە چەک ناکرێت، بەڵکو بە بیری ئازاد و تێگەیشتن لەو ڕاستییەوە دەکرێت، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم چاوساغی داگیرکەرانن و خەباتی ئێمەی گەلی کورد بەشێک نییە لەو خۆ ڕادەستکردن و بێباکییەی ئەوان. ئەوەتا ئەمڕۆ دوو خەباتکاریی میدیایی شەهیدبوون، خۆ ئەگەر ئەوانیش وەک ڕۆژنامە نابەرپرسیارەکانی دەزگاکانی ئەوان مفتەخۆر بوونایە، ژیانیان پارێزراو دەبوو.
کەواتە بۆ ئەوەی لەم دۆخە ژێردەستەیی و پڕ مەترسییە ڕزگارمان ببێت، بۆ ئەوەی مێژووی سەدان ساڵەی بەرخۆدان و خەباتکردنمان بۆ ئازادیی بە فیڕۆ نەڕوات، نابێت فریوی گوتاری دەسەڵاتداران بخۆین کە خۆیان هاوپەیمان و هاوبەرژەوەندی داگیرکەرن، بەڵکو دەبێت سیاسەتی بەرەنگاریی و بەرخۆدان وردکەینەوە بۆسەر ئاستی فرەیی کایەکان و هەر هاوڵاتییەک لە هەر شوێن و جێگایەکدایە، خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە بەرانبەر ئەم هێرشانەی تورکیای داگیرکەردا و بەشدار بێت لە هەر هەوڵێکدا، کە وادەکات جۆرێک لە سیاسەتی فرەیی کولتووریی سەرپێ بکەوێت، تا لە ڕێگایەوە مرۆڤبوون و کوردبوونی خۆمان بپارێزین و کۆتایی بەو گوتارە ناسیۆنالیستییە بهێنین چەندین ساڵە سیاسییەکانی باشوور وەک مشەخۆر لەسەری دەژین.
کەناڵی ئازادی تیڤی پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کۆمپانیای چەتر کرد
دەستەیی بەڕێوەبردنی کەناڵی ئاسمانی ئازادی تیڤی سەر بە حزبی شیوعی کوردستان، لە پەیامێکدا هاوخەمی بۆ کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی دەربڕی و ئیدانەی بە ئامانج کردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی کردووە و تێیدا هاتووە: بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی دوو ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیاکەتانمان پێ گەیشت, ئەم کردەوە ترسنۆکانانە ناتوانن ڕێ لە خەباتی ڕۆژنامەوانی کورد بگرن و کوردستانیان لەو تێکۆشانە بووەستێنن.
لە کۆتایی پەیامەکەشدا کەناڵی ئازادیی سەرەخۆشی لە کۆمپانیای چەتر کردووە و وتی: سەبوریی و دڵنەوایی بۆ خانەوادە و هاوڕێی و هاوکارانی شەهیدان و سەرشۆڕی بۆ دووژمنانی کوردستان.