هەشت زیندانی سیاسیی ژن لە ژێر سەرکوتکاری توندی ڕژێمی ئێراندان
سەرەڕای بەردەوامبوونی فشاری ئەمنیی لەسەر ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەواڵەکانی ئەم هەفتەیە نیشانی دەدەن، هەشت ژن ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن، سزادانی زیندانی، بێبەشکردن لە مافە بنەڕەتییەکان و هەڕەشەی سزای قورس بوونەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارە بە درێژەی سەرکوتەکانی ڕژێمی ئێران لە دژی زیندانیانی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ڕاپۆرتێکدا زانیاریی خستەڕوو.
مانگرتنی زارا محەمەدوەلی لە ١٠ـەمین ڕۆژدا
زارا محەمەدوەلی خەڵکی شارۆچکەی ئاودانان لە گرتووخانەی ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی ١٠ ڕۆژە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، بە مەبەستی بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی، نادڵنیایی دادوەری و ڕەتکردنەوەی مافە یاساییەکانی.
سەرەڕای چەند هەفتەیەک لە دەستبەسەرکردنی، هێشتا بەبێ یەکلاکردنەوەی کەیس لە گرتووخانەی ئیلام ڕاگیراوە و لە ژێر لێپرسینەوەدایە و لە دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر لێی بێبەشکراوە.
ڕەتکردنەوەی پەیوەندی و سەردانکردن
ئازار یاهوو سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢٥ ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنیدا، هێشتا لە گرتووخانەی وەکیل ئاباد لە مەشهەد بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دەرنەچووە و تا ئێستا دۆسیەکەی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، هەروەها وەک سزایەک مافی پەیوەندی تەلەفۆنی و سەردانی خێزانەکەی لێسەندراوەتەوە.
بەرپرسانی زیندانەکە ڕایانگەیاندووە، ئازار یاهوو دوای بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگی سەبارەت بە بارودۆخی گرتووخانەکە سزا دراوە.
مەحبووبە شەعبانی لەژێر هەڕەشەی لەسێدارەدان
مەحبووبە شەعبانی زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە، بەرپرسانی گرتووخانەکە ئاگاداریان کردووەتەوە کە ئەگەری دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لە دۆسیەکەیداهەیە، تۆمەتی سەرەکی مەحبوبە شەعبانی پەیوەندی بە گواستنەوەی بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەیی گەلانی ئێران هەیە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان بە ماتۆڕسکیلی تایبەتی خۆی.
میترا بەندی ئەمیرئابادی ١٠ ساڵ زیندانییکردن
میترا بەندی ئەمیرئابادی هاووڵاتییەکی بەهایی و دانیشتووی شاری یەزد لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی”چالاکی و بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندە” بە پێنج ساڵ زیندانیکردن و ١٠ ساڵ زەوتکردنی مافە کۆمەڵایەتییەکان سزا درا.
میترا بەندی ئەمیر ئابادی پێشتر بەهۆی بیروباوەڕی ئایینییەوە دەستبەسەر و سزای بەسەردا سەپێندراوە.
سزادانی نازەنین سالاری پاریزەر بە زیندانیی
نازەنین سالاری پارێزەر و خەڵکی شیراز لەگەڵ دوو هاوڕی دیکەی لەلایەن بڕیارەی لقی یەکی دادگای شۆڕشی شیراز هەریەکێکیان بە کۆی گشتی سێ ساڵ زیندان و قەدەغەکردنی دوو ساڵ لە چوونەدەرەوەی وڵات بە هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکانیان بەسەردا سەپێندرا.
ئەو ژنە پارێزەرە لەگەڵ هاوڕێکانی بە تۆمەتی”گردبوونەوە و هاوکاری بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی و پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت” سزا دراون، بەڵام دۆسیەکەی پەیوەندی بە چالاکییەکانیانەوە هەیە لە بواری مافەکانی منداڵان و ژنان.
١٤ ڕۆژ لە بێسەروشوێنکردنی سیما سسەبائۆ
لە ٢ی تەمووزی ئەمساڵدا، سیما سەباتۆ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنیدا، تا ئێستاش مافی پەیوەندی تەلەفۆنی یان سەردانی خێزانەکەی لێ زەوتکراوە، کەسوکارەکەی هیچ زانیارییەکی فەرمییان لەسەر شوێن و بارودۆخی نەگەیشتووە.
بەردەوامی سزادانی مێهرەگان ناماوەر
لە ٦تەمووزی ئەمساڵدا، مێهرەگان ناماوەر خەڵکی شارۆچکەی دهدشتی سەر بە پارێزگای کهگیلویه و بویرئەحمەد و شاعیرێکی ڕەخنەگر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران دەستبەسەر کرا و لە دۆسییەکەدا بە پێنج ساڵ زیندانیی سزا درا.
ئەو ژنە پێشتر لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٥دا، لەلایەن چەند کەسی نەناسراوەوە هێرشی کرایە سەر و بریندار بوو.
تێکچوونی دۆخی تەندرووستی فاتمه سپێهری
فاتمه سپێهری زیندانی سیاسی زیندانیکراوی گرتووخانەی وەکیل ئابادی شاری مەشهەد سەرەڕای خراپی باری جەستەیی بە هۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە، لە چاودێری پزیشکی پێویست بێبەش کراوە.
ئەسغەر سپێهری برای ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕایگەیاندووە، سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشک بۆ فاتمە سپێهری بۆ بینینی پزیشکی دڵ لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا، ئەم گواستنەوەیە نەکراوە، زۆربەی دەرمانە پێویستەکانی تەواو بوون و بەردەوام بوون لە چارەسەرەکەی پێویستی بە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ و نوێکردنەوەی ڕەچەتەی پزیشکی هەیە.
فاتمە سپێهری لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٤، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد حسێن سپێهری برای، لەلایەن لقی پێنجی دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا. فاتمە سپێهری و براکەی هەریەکەیان سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.