ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بە ناونیشانی “ئوردن لە چاوی جیهاندا” خولی شەشەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئاشتی ئوردن بەڕێوەچوو و دوای نمایشکردنی سەرجەم فیلمەکان باشترین فیلمەکان هەڵبژێدران و خەڵاتیان بەسەردا دابەشکرا.
لە فێستیڤاڵەکەدا ٣٥٤ فیلمی درێژ، فیلمی کورت، چیرۆکە فیلم، فیلمی دیکیۆمێنتاری و فیلمی مۆبایل لە ٢٢ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردبوو، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش تەنها فیلمی دیکیۆمێنتاریی “فەیمە کۆچەری؛ ئەو ژنەی تەنهایی هەڵیبژاردووە” بەشداریی تێداکردبوو.
فیلمەکە ماوەکەی نزیکەی ١٠ خولەکەو لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند “جومعە کەریم”ە و سەباح حسێن ئەرکی یاردەدەری دەرهێنەری لەسەر شان بووە، هەروەها باران گەرمیانی کاری ڕەنگ و مۆنتاژی بۆکردووە.
دیکیۆمێنتارییەکە باس لە سەرگوزەشتەی ژیانی ژنێکی گەرمیانی دەکات بە ناوی “فەیمە” و ناسناوی “کۆچەری” کە ٥٣ کەس لە خانەوادەکەی شەهیدبوون یان زیندەبەچاڵکراون و ئێستا کەسی بۆ نەماوەتەوە جگە لە چەند سەر مەڕ و مریشک و قازەکانی.
هەروەها لە پێشەکی و پاشەکی دیکیۆمێنتارییەکەدا سوود لە دەنگی هەریەک لە مەقامبێژانی گەرمیان "محەمەد باڵەبان و حسێن قادرکەرەمی"یە.
دوای پێشکەشکردنی سەرجەم فیلمەکان لە فێستیڤاڵەکەدا، فیلمی دیکیۆمێنتاری "فەیمە کۆچەری؛ ئەو ژنەی تەنهایی هەڵیبژاردووە" توانی پلەی سێیەم بەدەستبهێنێت.
جومعە کەریم، هونەرمەند و دەرهێنەری دیکیۆمێنتارییەکە لە بارەی بەدەستهێنانی پلەی سێیەمەوە ڕایگەیاند، ئامانجمان گەیاندنی ئێش و ناسۆرەکانی گەلی کوردە بە جیهان کە بەدەستی ڕژێمی بەعس چەشتوونی و گرنگە هونەرمەندان لە ڕێگەی فیلمەوە بتوانن ببنە ئەو دەنگەکەی کە بوارەکانی دیکە ناتوانن بیگەیەنن بە جیهان.




