قەندیل
دوێنێ لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵی گیابەهاریی بناری قەندیل د. دڵشێر ئیبڕاهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، جەختی لەوەکردەوە کە فیستیڤاڵەکە تەنها بۆ خواردن و گەشتیاری نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پاراستنی ژینگە، زیندووکردنەوەی کولتووری کوردی و پتەوکردنی پەیوەندیی مرۆڤ بە سروشت و ناسنامەی خۆی.
ئاماژەی بەوەدا کە گیابەهارییەکان و خواردنە کوردەوارییەکان بەشێکن لە بیرەوەری و شێوازی ژیانی خەڵکی ناوچەکە و پاراستنیان ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە، هەروەها ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی میراتی خواردن و کلتووری کوردی بە گرینگ و کاریگەر پێناسە کرد.
لە بەشێکی تایبەتدا ئامادەکارانی فێستیڤاڵەکە بە شێوەکاری و کۆلارە هەڵدان دڵی منداڵانیان شاد کرد،
دواتر دایکانی مەخموور بە دەنگبێژیی لاوک و حەیران و بە جل و بەرگی ڕەسەنی کوردی، کەشێکی تایبەتیان بە فیستیڤاڵەکە بەخشی.
هەروەها ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی سێمینارێکی فکریی بە ناونیشانی "ئیکۆلۆژی وەک کۆڵەکەی پێکەوەژیان" بەڕێوەبرد، کە تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی هاوسەنگی نێوان مرۆڤ و سروشت و پێویستیی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی کرایەوە.
فیستیڤاڵەکە هەروەها چالاکیی هونەری، وەرزشی، کۆلارەفڕاندن و بەرنامەی تایبەت بۆ منداڵانی لەخۆگرتبوو ئەمڕۆ سێیەمین ڕۆژی و فستیڤاڵەکە دەبێت چەندین چالاکی و سیمیناری دیکە لە خۆدەگرێت.










