کژار: شیرین عەلەمهۆلی و هاوڕێیانی ژیانێکی واتاداریان پێشکەش کرد

لە ١٦یەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهۆلی و هاوڕێیانی، کژار ڕایگەیاند، خەباتە بەردەوامەکانی ئەمڕۆ، بەرهەمی بەرخۆدانەکانی دوێنێن، کە لە زیندانەکانی ئێران، لەلایەن شیرین عەلەمهۆلی و هاوڕێکانی دیکەمانەوە ئەنجام دران.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لە ١٦یەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهۆلی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کژار بەم شێوەیەیە:

“لە کاتێکدا دەچینە ناو شازدەیەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی هاوڕێیانمان «شیرین عەلەمهۆلی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان»، لە لایەک هێرشەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە ئازادیخوازان، بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی، زیاتر دەبن و لە لایەکی دیکەوە تێکوشانی کۆمەڵگا ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت.

 

 کژار لەگەڵ ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەری شەهیدانی ٩ـی ئایار، دەڵێت شەهید شیرین عەلەمهۆلی و هاوڕێیانی دیکەی، بە خەباتەکانیان ژیانێکی بەواتایان پێشکەشی کۆمەڵگە کرد.

 

هەر یەکێک لەم هاوڕێیانە، هەنگاویان ناوە بۆ ڕێگایەک و بۆ گەیشتن بە ئامانجێک خەباتیان کرد، کە دواتر لە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا ڕەنگی دایەوە، درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کە شیرین عەلەمهۆلی لەسەر دیواری زیندان نووسیبووی، فەلسەفەی ژیانی خۆی بوو.

 

 شیرین عەلەمهۆلی جگە لەوەی زیندانییەکی سیاسی بوو، وێنەی نەوەیەک لە ژنانی کورد و ژنانی ئازادیخوازی ئێران بوو، کە ئامادە نەبوون لەبەردەم سووکایەتی، جیاکاری و سەرکوت سەری خۆیان دابنێن، دەنگی ئەم تێکۆشەرە دواتر لە ڕاپەڕینەکانی شەقامەکان لە ساڵی ١٤٠١ و ١٤٠٤ و دادخوازیی دایکانی ئاشتی و خەباتکاردا ڕەنگی دایەوە، ئەمڕۆش بەرخۆدانی ژنانی سیاسی وەک زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و زیندانیانی سیاسیی دیکە، لە فەرهەنگی «بەرخۆدان ژیانە» سەرچاوە دەگرێت؛ ئەو فەرهەنگەی کە شیرین عەلەم‌هۆلی و هاوڕێکانی دیکەمان باوەڕیان پێی هەبوو.

 

فەرزاد کەمانگەر، ئەو مامۆستایەی کە بە هۆنراوە و نووسینەکانی ئەدەبیاتێکی نوێی هێنایە ناو تێکوشانی زیندان، ئەدەبیاتێک کە تێیدا ژیان بە نرختر و بەواتاتر دەبێت، نووسین و شیعرەکانی ئەم مامۆستای ئازادیخوازە، قوتابیگەلێکی پەروەردە کرد کە لە ساڵانی ڕابردوودا سروودی ئازادییان لە پۆلەکاندا دەخوێندەوە، لەسێدارەدانی فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان، مردنی ‌سیاسەتی کۆماری ئیسلامی زیاتر ئاشکرا کرد؛ ئەوان لە دڵی خەڵکدا نەمرتر بوون، زیندانیانی سیاسیی ئازادیخوازی کورد، بە چالاکییەکانیان نیشانیان دا چەندە باوەڕیان بە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک هەیە و بۆی تێکوشان دەکەن.

 

ئەزموونی دەیانە ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە کۆماری ئیسلامی، سزای سێدارە وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ پاراستنی دەسەڵات بەکاردێنێت، لە دەورانی خوێناوی سەرکوتەوە تا ئەمڕۆ، هەزاران مرۆڤ تەنها بەهۆی بیرکردنەوە، ناڕەزایەتی، چالاکیی سیاسی، بەرگری لە مافەکانی خەڵک یان تەنانەت ئارەزووی ئازادی، ڕووبەڕووی حوکمی مردن بوونەتەوە، زیادبوونی بەرچاوی سێدارەکان، بە تایبەتی دوای ڕاپەڕینەکانی گەلان، نیشانی دەدات کە حکومەت هێشتا مانەوەی خۆی لە سەرکوت و دروستکردنی ترسدا دەبینێت.

 

ئەمڕۆ، لە بارودۆخێکدا کە چاوی جیهان لەسەر قەیران و شەڕەکانی ناوچەکەیە، ژمارەی سێدارەکان لە ئێران بەردەوام لە زیادبووندایە و زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی، خوپیشاندەر و هاووڵاتیان لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی مردندان، بێدەنگی لەبەرامبەر ئەم تاوانە، تەنها ڕێگا بۆ دووبارەبوونەوەی هەموارتر دەکات. لەبەر ئەوە، کەژار داوا لە هەموو ژنان، دامەزراوە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، میدیای سەربەخۆ و ویژدانی زیندووی جیهان دەکات کە لەبەرامبەر ئەم بازنەی مردنە، چالاکییەکانیان بۆ وەستاندنی سێدارە فراوانتر بکەن.

 

نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد

ژن، ژیان، ئازادی”.