زیندانیانی زیندانی قزڵ حەسار بەشێوەیەکی کاتی کۆتایی بە مانگرتنەکەیان دێنن
زیندانیانی زیندانی قزڵ حەسار لە شاری کەرەج کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پەرەسەندنی خێرای لەسێدارەدان دەستیپێکرد، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران بەڵێنیان دا کە ڕەچاوی داواکارییەکانیان بکەن مانگرتنەکە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرا.

ناوەندی هەواڵ
یەکێک لە دیارترین ناڕەزایەتییەکانی ناو زیندانەکانی ئێران لە زیندانی قزڵ حەسار لە کەرەج ڕوویدا، کە ژمارەیەک لە زیندانییەکان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەکان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، ئەمەش دڵەڕاوکێ و توڕەیی لای زیندانییەکان لێکەوتەوە.
زیندانیانی زیندانی قزڵ حەسار لە شاری کەرەج کە ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە گواستنەوەی ١٦ هاودەستبەسەرکراویان بۆ ژووری تاکەکەسی بەر لە سزای لەسێدارەدانیان دەستیان بە مانگرتن کردبوو، ڕایانگەیاند، کە بڕیاریان داوە مانگرتنەکەیان بەشێوەیەکی کاتی ڕابگرن بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەسەڵاتداران بدەن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، ئەگەر ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکرێن مانگرتن دەست پێدەکاتەوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، شەش زیندانی کە پێشتر بۆ زیندانی تاکەکەسی بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان گواستراونەتەوە، گەڕێندرانەوە بۆ ژوورەکەیان لە یەکەی ٢.
دوای چەند کاتژمێرێک، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دادوەری گەیشتنە زیندانەکە و لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ زیندانییەکان، ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانەکەدا، بە لانیکەم بۆ شەش مانگ ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەگەری پێداچوونەوە بە سزاکان و گفتوگۆکردنیان لە پەرلەمان.
دوابەدوای گواستنەوەی بەکۆمەڵ لەلایەن بەڕێوەبەرێتی زیندانەوە، کە بە لانیکەم ١٦ زیندانی بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ کەرەنتینە گواسترانەوە، بۆ چاوەڕوانی جێبەجێکردنی سزاکانیان، مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی یەکەی ٢ی زیندانی قزڵ حەسار لە شاری کەرەج لە ١٣ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردبوو.