ناوەندی هەواڵ
دەستپێشخەری ژنانی کوردی ئەوروپا، بە دروشمی "بە یەکێتیی ژنانی کورد بەرەو کوردستانێکی ئازاد"، لە نێوان ١٢ بۆ ١٣ـی کانونی یەکەم لە شاری دیسنی هۆڵەندا کۆنفرانسێک ساز دەکات و لەڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ئامانجی کۆنفرانسەکە ڕوونی کردەوە کە ژنانی کورد پێشەنگایەتیی تێکۆشانیان دژی سیستەمی پیاوسالاری و تێکۆشانی مافە نەتەوەییەکان کردووە و ڕایگەیاند کە ئەم تێکۆشانە ئەمڕۆ بە "ژن، ژیان، ئازادی" گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ.
دەستپێشخەرییەکە باسی لەوە کرد کە لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکێتیی ناوخۆیی هەیە و وتی ئامانجی کۆنفرانسەکە بنیادنانی داهاتوویەکی ئازاد و یەکێتییە.
دەستپێشخەرییەکە وتیشی: "لەم قۆناغەدا کە گەلی کورد زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە یەکێتیی نەتەوەیی و چارەسەرێکی دیموکراتیک هەیە، ئێمە وەک ژنانی کورد بۆ ئەوەی دەنگ و ئیرادەی خۆمان بۆ چارەسەری دەرببڕین، کۆدەبینەوە. وەک ژنانی جوگرافیا و دامەزراوە جیاوازەکان، کاتی ئەوە هاتووە پێکەوە دژی سیاسەتەکانی ژنکوژی هەڵوێست نیشان بدەین و ڕێگەیەک بۆ ئاشتی بکەینەوە.
بەرنامەی کۆنفرانسەکە بەم شێوەیەیە:
کۆنفرانسەکە لە ١٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا و لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ بە دانیشتنی یەکەم دەست پێ دەکات.
دانیشتنی یەکەم بە ناونیشانی "هاوبەشیکردنی ئەزموونەکان لە هەر چوار بەشەوە" دەبێت و تێیدا ئەزموونی پلاتفۆرمەکانی یەکێتیی نەتەوەیی ژنان لە کوردستان دەخرێنە ڕوو.
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد، وەزیری پێشووی عێراق نەرمین عوسمان، و پەرلەمانتاری دەم پارتیی وان گوڵجان کاچماز ساگیگیت، قسە دەکەن.
دانیشتنی دووەم بە ناونیشانی "ژیانی تاراوگە و ناکۆکییەکانی بنەماڵە" بەردەوام دەبێت. مێژوو و هۆکارەکانی کۆچبەریی کوردان و ناکۆکی نێوان کەلتوور و مۆدێرنیتە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. لێرەشدا د. مونەوەر عەزیزۆغڵو بازان و ئەکادیمی سەحرا تاریح مافی قسەکردن وەردەگرن.
دانیشتنی سێیەم بە ناونیشانی "ڕۆڵی دەوڵەتانی ئەوروپا لە پرسی کورددا" بەڕێوە دەچێت. سیاسەتەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا بەرامبەر کورد و تێڕوانینی سیاسیی کورد لەسەر ئەوروپا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. د. سوهەیلە شەهریاری، ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەورووپای پەیەدە مزگین ئەحمەد و ئەندامی کژار مریەم فەتحی قسە دەکەن.
دانیشتنی چوارەمیش بە ناونیشانی "یەکێتیی نەتەوەیی لە دەرەوەی وڵات، بوون و پاراستنی ژنان" بەڕێوە دەچێت. بەڕێوەبەری ئەم دانیشتنە جەلانە نەقشبەندییە. لەم دانیشتنەدا گفتوگۆ لەسەر یەکێتیی نەتەوەیی لە دەرەوەی وڵات و ڕۆڵی ژنان لە پاراستندا دەکرێت.
چالاکوانی تەژەئا دیلان درایەت تاشدەمیر و چالاکوانی سیاسی دەرسیم زەند بابەت پێشکەش دەکەن.




