هیومان ڕایتس ۆوچ لەبارەی دەستگیرکردنی چالاکوانەکانان هۆشداری دەداتە ئێران

هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی لەبارەی دەستگیر کردنی چالاکوانەکانی مافی مرۆڤی ئێران دەردەبڕێت و ڕایگەیاند، دەبێت بەرپرسانی ئێران دەستبەجێ ئەو کەسانە ئازاد بکەن.

هیومان ڕایتس ۆوچ لەبارەی دەستگیرکردنی چالاکوانەکانان هۆشداری دەداتە ئێران

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٢ی کانوونی یەکەم، لە مەراسیمی یادکردنەوەی خوسرۆ عەلی کوردی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی و بەبێ فەرمانی دادوەر ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران دەستگیر کران و تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە، بەو هۆیەوە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.

 

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ سەبارەت بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: نیگەرانی خۆمان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەردەبڕین کە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەستگیر کراون لەوانە، نێرگس محەمەدی، سپێدە قولیان، پورام نازەمی، هەستی ئەمیری، عەلی موتەلیب زادە و عەلی ئەدینەزادە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دەستگیرکردنە لەکاتی مەراسیمی یادکردنەوەی خوسرۆ عەلی کوردی پارێزەری مافی مرۆڤ ڕوویداوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.

 

باس لەوەشکراوە، دەبێت بەرپرسانی ئێران دەستبەجێ و بێ مەرج هەموو ئەو کەسانە ئازاد بکەن کە بە هۆی چالاکییەکانیان دەستگیرکراون.