دەرکردنی زۆرەملێ و لەناوبردنی ژێرخانی کەناری ڕۆژئاوا... شێوازێکی نائارامکەری گۆشەگیری
پزیشکانی بێ سنوور دووپاتیکردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل نزیکەی ٣٨ هەزار هاوڵاتی مەدەنییان ناچارکردووە لە شارەکانی جەنین و تولکەرەم لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا هەڵبێن و داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرا هێرشەکان ڕابگرن.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250212-jpgd912d6-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر ژمارەیەک شار و شارۆچکە پەرەپێداوە و دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و برینداربوون و دەستگیر کراون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەشێوەیەکی بەرفراوان موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتیان لەناوبردووە.
دوێنێ ١١ی شوبات، هێزەکانی ئیسرائیل ماڵێکیان لە کامپی پەنابەرانی جەنین لە باکووری کەناری ڕۆژئاوا تەقاندەوە، دوای ئەوەی هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی سەعیرە، لە قەزای هێبرۆن، لە باشووری کەناری ڕۆژئاوا، هاوڵاتییەکی مەدەنییان کوشت و چوار کەسی دیکەشیان بریندار کرد.
لە ئەنجامی لێدانی دڕندانەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جیاوازەکانی کەناری ڕۆژئاوا ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون و بۆ چارەسەرکردن گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
پزیشکانی بێ سنوور ڕایانگەیاندووە، هێزەکانی ئیسرائیل بە زۆرەملێ نزیکەی ٣٨ هەزار هاوڵاتی مەدەنییان لە پارێزگاکانی جەنین و تولکەرەم لە کەرتی ڕۆژئاوای باکوور ئاوارەکردووە، ئەمەش بە ترسناک دەزانن.
ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەرکردنی زۆرەملێ و وێرانکاری بەرفراوان کە لە کەناری ڕۆژئاوا ڕوودەدات، شێوازێکی نائارامکەری گۆشەگیری پەیڕەو دەکات و کاریگەریی توندی لەسەر دۆخی تەندروستی و ژیانی دانیشتووان هەیە، هەروەها هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کامپی فەرەح بە توندی جموجۆڵی خەڵکی مەدەنی و دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان سنووردار دەکات، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە پەرەسەندنی توندوتیژی و هێرشەکانی دژی مەدەنییەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان دژی فەلەستینییەکان ڕابگرن.