بانگەواز لە شرناخەوە بۆ دەرکردنی "یاسای بنەڕەتی" و چەسپاندنی ئاشتی
ژنانی شرناخ لە باکووری کوردستان داوایان کرد، کە ئەوەی پێی دەوترێت "یاسای بنەڕەتی" دەربکرێت بۆ دابینکردنی مسۆگەری یاسایی کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بکاتە هەمیشەیی و جێگیر.
ئاکین ستێرک
شرناخ ـ لەگەڵ هاتنە ناوەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ساڵی دووەمی، ژنانی شرناخ نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی کە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی یاسایی بەرجەستە نەهاتووەتە ئاراوە، داوایان لە پەرلەمان کرد، کە پەلە بکات لە دەرکردن و پەسەندکردنی "یاسای بنەڕەتی" کە مسۆگەرییەکی یاسایی هەمیشەیی دەداتە پرۆسەکە.
داواکاری بۆ چاکسازییەکی یاسایی گشتگیر
لەگەڵ چوونە ناو ساڵی دووەمی پرۆسەکەوە، ڕەخنەکان لە ناوەندە گشتییەکاندا بەهۆی نەبوونی هەنگاوی سیاسی و یاسایی بەرجەستەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە، "یاسای بنەڕەتی" وەک یەکێک لە گرنگترین داواکارییە خستنەڕووەکان دەژمێردرێت بۆ مسۆگەرکردنی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگای دیموکراتیک و یاسایی.
ناوەندە سیاسییە دیموکراتیکەکان پێیان وایە کە ئەم یاسایە دەبێت تەنها سنوردار نەبێت بە گۆڕانکاری تەکنیکی، بەڵکو ببێتە سەرەتایەک بۆ گۆڕانکارییەکی دیموکراتیکی گشتگیر کە ئەو پێشێلکارییانە چارەسەر بکات کە لە ئەنجامی ساڵانی ململانێوە دروست بوون، هەروەها بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان بەهێز بکات، ڕێگا بکاتەوە لە بەردەم کاری سیاسی دیموکراتیکدا، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان مسۆگەر بکات.
لەو کاتەشدا، کە پەیوەندییەکانی نێوان پارتە سیاسییەکان بەردەوامە، تا ئێستاش گفتوگۆکان لەسەر ناوەڕۆکی ئەم یاسایە و سنوورەکەی لە ئارادان.
"هیچ هەنگاوێکی بەرجەستە نەهاتووەتە ئاراوە"

فیلێز ئاجۆ، هاوسەرۆکی لقی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان لە پارێزگای جزیر وتی: دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا تێپەڕیوە، بەڵام ئێمە هیچ هەنگاوێکی بەرجەستە نابینین، نە لەبارەی خودی پرۆسەکە و نە لەبارەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە داوا کراون، گەلی کورد لە سەرەتای پرۆسەکەوە داوای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کردووە، یەکەم داواکاریشی ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالانە، بە جۆرێک کە بەدیهێنانی ئەوە بەشدار دەبێت لە سەرکەوتنی پرۆسە دیموکراتیکەکەدا.
هەروەها هیوای خۆی دەربڕی بۆ ئازادکردن و بەردانی گشت زیندانییەکان و گەڕانەوەی ئەوانەی لە چیاکانن بۆ بەشداریکردن لە کاری سیاسیدا، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەمە پێویستی بە دەرکردنی یاسا پێویستەکان هەیە لە زووترین کاتدا.
"گەلی ڕێکخراو هەمیشە سەرکەوتوو دەبێت"
ئاماژەی بەوەشکرد، کە کورد ئەو بەرپرسیارێتیانەی جێبەجێ کردووە کە دەکەونە ئەستۆی بۆ پرۆسەکە، بەڵام ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا گرت بەهۆی ئەوەی بە وتەی خۆی، هیچ هەنگاوێکی کردارییان نەناوە و ماوەی پرۆسەکەیان درێژ کردووەتەوە، هەروەها دروستکردنی متمانە پێویستی بە هەنگاوی بەرجەستە هەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، بانگەوازی لە گەلی کورد کرد کە بەردەوام بن لە ڕێکخستن و کارکردنی هاوبەش، وتی ئەوەی لە وڵاتانی تردا دەبینرێت ئەوە دەردەخات کە گەلە ڕێکخراوەکان ئامانجەکانیان بەدی دەهێنن.
"با پێکەوە ئاشتی بونیاد بنێین"

ئاینور لجیۆغڵو، هاوسەرۆکی لقی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە" لە جزیرە وتی: گەلی کورد لە سەرەتای پرۆسەکەوە گشت هەنگاوە داواکراوەکانی ناوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی بەرجەستە نەدیوە، دایکانی کورد چەندین ساڵە داوای ئاشتی دەکەن چونکە منداڵەکانیان لەدەست داوە و دەیانەوێت ڕێگری لە ڕشتنی خوێن بگرن، هەرگیز دەستبەرداری داواکاری ئاشتی نەبوون، هەروەها بانگەوازێکی ئاراستەی دایکان لە گەلی تورکیا کرد بۆ بەشداریکردن لە پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاشتی "با پێکەوە ئاشتی بونیاد بنێین.
داواکاری بۆ ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هێشتا دەستبەسەرە لە دوورگەی ئیمراڵی و لە ژێر گۆشەگیریدایە، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەکەدا، هێشتا ئازاد نەکراوە، هەروەها زیندانییەکانیش ئازاد نەکراون، داواکارییەکانی خوێندن بە زمانی دایک و هاوڵاتیبوونی یەکسانیش جێبەجێ نەکراون وتیشی: کە ئەو داواکارییە گەلیانە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا دەخرێنە ڕوو، تیشک دەخەنە سەر ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، بەدیهێنانی ئەم داواکارییە بە دەروازەیەک دەزانێت لەبەردەم بەدیهێنانی داواکارییەکانی تردا.
"ئێمە تیرۆریست نین، ئێمە کوردین"

ئاینور ئێلجیۆغڵو باسی لە "یاسای بنەڕەتیش" کرد و جەختی لەسەر پێویستی دەرکردنی لە زووترین کاتدا کردەوە، وتی: گەلی کورد بە هیوایەکی گەورەوە چاوەڕێی ئەم یاسایەیە، بەڵام بەردەوام دواخستنی بەخۆوە دەبینێت، ئێمە بە تیرۆریست پێناسە دەکرێین چونکە کوردین، ئەوە ڕەت دەکەینەوە، ئێمە نامانەوێت زاراوەی تیرۆر لە پەرلەمان یان لە هیچ شوێنێکی تردا بەرامبەر ئێمە بەکار بهێنرێت، چونکە ئێمە تیرۆریست نین، بەڵکو ئێمە کوردین.
"نامانەوێت دڵی دایکان بسووتێت"
سەبارەت بەو بابەتەش، سانیە دانری، دایکی زیندانی لوقمان دانری کە سزادراوە بە ٤٠ ساڵ زیندانیکردن و ماوەی ١٦ ساڵە لە زینداندایە، وتی: دەستپێکردنی پرۆسەکە هیوای خستەوە ناو دڵیانەوە، بەڵام ئەم هیوا پشت بە متمانە بە دەوڵەت ناهێنێت، بەڵکو پشت بە گەلی کورد دەبەستێت "ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بەدی بهێنین و دەرگای زیندانەکان بکەینەوە، نامانەوێت ئازاری دایکان بەردەوام بێت. ئێمە باوەڕمان بە خۆمان هەیە، بەڵام متمانەمان بە دەوڵەت نییە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە دایکان هێشتا چاوەڕێی منداڵەکانیان دەکەن لە بەردەم زیندانەکاندا، داوای لە پەرلەمان کرد کە "یاسای بنەڕەتی" دەربكات، پرۆسەی ئاشتی تەنها داواکارییەکی تایبەت بە گەلی کورد نییە، بەڵکو هی گشت گەلانی وڵاتە، دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵگرن بۆ بەشداریکردن لە سەرخستنیدا.