بە دروشمی "مێژووی شۆڕش، بەبێ چیرۆکی ژنان تەواو نییە" پێشانگایەک بۆ ژنانی پێشمەرگە کرایەوە
بە مەبەستی بەرزڕاگرتن و ناساندنی ڕۆڵی ئەو ژنانەی لە شاخ و ژینگەی شۆڕشدا خەباتیان کردووە، پێشانگای وێنەو بەڵگەنامەی ژنانی پێشمەرگە لە ساڵەکانی ١٩٦١-١٩٨٣، کرایەوە.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە گەلەری ئارتفرۆش لە ڤیم فاوندەیشن لە شاری سلێمانی، یەکێتی ژنانی کوردستان، بە مەبەستی بەرزڕاگرتن و ناساندنی رۆلی ئەو ژنانەی لە شاخ و ژینگەی شۆڕشدا خەباتیان کردووە، بە دروشمی "مێژووی شۆڕش، بەبێ چیرۆکی ژنان تەواو نییە"، پێشانگای وێنە و بەڵگەنامەی ژنانی پێشمەرگە لە ساڵی ١٩٦١- ١٩٨٣، کردەوە کە تێیدا ژنانی پێشمەرگەو خەباتکاری کورد و زۆرێک لە ژنانی ئازادی خواز و چالاکوان بەشداربوون.
پێشەنگاکە لە ٤۸ وێنەی ژنانی پێشمەرگەی دێرین پێکدێت، کە پێشنیاری سوهەیلە حەسەن وەیس، پێشمەرگەی دێرین، بووە، چالاکییەکە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت.
شارا محەمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی یەکێتی ژنانی کوردستان وتی : ئەم پێشانگایە لە لایەن یەکێتی ژنان بۆ ژنای پێشمەرگە ئەنجامدراوە، لە لایەن سوهەیلە حەسەن وەیس پێشمەرگەی دێرین، پێشنیار کراوە، کە ٤۸ وێنەی لەخۆ گرتووە، پێشانگاکە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت، ئەم پێشانگایە دەریدەخات خەبات بەبێ بوونی ژن نابێت، ڕێزی بێپایانمان بۆ ئە ژنە پێشمەرگانە هەیە کە لە کۆندا خەباتیان بۆ ئازادی ئێمە کردووە، لە تەواوی پارچەکان خەباتی ژنان دەبیندرێت، ئێمە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانمان بینی چۆن بەرخۆدان دەکەن، هیوادارین ڕۆژێک پێشانگایەک بۆ ژنانی شۆڕشگێڕی دیکە بکەینەوە.
سوهەیلە حەسەن وەیس، پێشمەرگەی دێرین ئاماژەی بەوەکرد، هەبوونی ئەم پێشەنگایە خەونی لەمێژینەی ژنانی پێشمەرگە بووە، وتی: ئەم پێشانگایە باس لە خەباتی ژنانی پێشمەرگەی باشووری کوردستان دەکات، یەکەم ژنە پێشمەرگە مارگرێت دەبێت دوابەدوای ژنانی دیکەی پێشمەرگە خەباتی شاخ و شاریان ئەنجامداوە، ئێمە لەگەڵ برا پێشمەرگەکانماندا خەباتمان کردووە ڕووبەڕووی ڕەخنەو تانەوتەشەل دەبویینەوە، بەڵام ئێمە لە خەباتی سەربازی و ڕێکخستنی ناوشارمان ئەنجامدەدا، لە ناو نەخۆشخانەکاندا وەک چارەسەرکار خەباتمان دەکرد، ژیانێکی سەختمان هەبوو بەڵام کۆڵمان نەداو ڕوبەڕووی سەختییەکان بوینەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: خەباتی ژنان بەردەوامە، وەک دەبینین ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان خەبات دەکەن تەواوکەری خەباتی ژننی پارچەکانی کوردستانە، پێویستە ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکان ببنەوە، گوێ بە قسەی کەس نەدەن و بەردەوامبن لە خەبات و تێکۆشانەکانیان.
https://www.youtube.com/watch?v=_we9Nvx3c4w