ڕاپۆرت: لەناو نەبوونی پاراستنی یاسایی ملیۆنان ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات کە سیستەمی دادپەروەری لە سەرانسەری جیهان بەردەوامە لە شکستهێنان، بە ملیۆنان ژن کە لە توندوتیژی ڕزگاریان بووە لە ترسی مەترسییەکان و نەبوونی دادپەروەری دوودڵن لە داوای یارمەتی.

ڕاپۆرت: لەناو نەبوونی پاراستنی یاسایی ملیۆنان ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

ناوەندی هەواڵ

 

هێشتا توندوتیژی دژی ژنان وەک قەیرانێکی دادپەروەری و مرۆیی جیهانی دەمێنێتەوە کە ڕۆژانە کاریگەری لەسەر ملیۆنان ژن و منداڵی کچ دەکات، بەو پێیەی شێوازەکانی لە نێوان جەستەیی، دەروونی و ئابووریدا هەمەجۆرن، ئەمەش ڕێڕەوەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لەکار دەخات و پێویستی بە چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی.

 

دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان دوێنێ ٢٣ی تشرینی دووەم، ئاماژەی بەوە کرد، کە ٨٤٠ ملیۆن ژن و منداڵی کچ، واتە نزیکەی یەک لە هەر سێ کەس، ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی یان سێکسی یان هەردووکیان بوونەتەوە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا.

 

سیما بەحوس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستەکە ڕایگەیاند کە زۆرێک لە سیستمەکانی دادپەروەری لە سەرانسەری جیهاندا پشت لەو ژن و منداڵی کچ دەکەن کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەو پێیەی زۆرێک لە دۆسیەکان بەبێ سکاڵاکردن دەمێننەوە، بەدواداچوونە دادوەرییەکان تووشی پەککەوتن دەبن و بڕیارە دادوەرییەکان جێبەجێ ناکرێن، زیادی کرد، کە دادپەروەری ناتوانرێت بهێنرێتە دی ئەگەر ژن و منداڵی کچ نەتوانن پێی بگەن، یان ئەگەر یاسا لە پاراستنیاندا شکستی هێنا، بۆیە دەبێت کار بکرێت بۆ مسۆگەرکردنی پابەندبوونی سیستمەکانی دادپەروەری بە بەرپرسیارێتیی جەوهەریی خۆیان کە خۆی لە پاراستنی ڕزگاربووان، پارێزگاریکردن لە مافەکانیان، لێپرسینەوە لە تاوانباراندا دەبینێتەوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە بۆ زۆرێک لە ژنان بێدەنگی وەک هەڵبژاردەیەک دانانرێت بەڵکو دەرئەنجامی ئەو مەترسییانەیە کە ڕەنگە ڕووبەڕوویان ببێتەوە ئەگەر بڕیاری قسەکردن بدەن، بەو پێیەی ئەو ژنانەی سکاڵا لە ڕووبەڕووبوونەوەیان بە مامەڵەی خراپ دەکەن ڕەنگە ماڵەکانیان، منداڵەکانیان، سەرچاوەکانی داهاتیان لەدەست بدەن.

 

ڕاپۆرتەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە دەکەوێتە ٢٥ی تشرینی دووەم و ئەمساڵ دروشمی "یەکبگرن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچ: مسۆگەرکردنی دادپەروەری، پاراستنی ڕزگاربووان، و کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا" هەڵدەگرێت.