ژنانی چالاکوانی سوەیدا ڕووبەڕووی هەڵمەتی چەواشەکاری دەبنەوە
هاودەنگی مەدەنی لەگەڵ چالاکوانانی لۆبی ژنان گەشەی کردووە دوای هەڵمەتەکانی هاندان و چەواشەکاری کە ئەوانیان کردووەتە ئامانج لە هەوڵێکدا بۆ سنووردارکردنی بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا-کۆمەڵێک ڕێکخراو و چالاکوان لە شاری سوەیدا لەم دواییانەدا ڕاگەیاندراوێکی هاوسۆزییان لەگەڵ لۆبی ژنان سووریا بڵاوکردەوە، ئەمەش لە وەڵامی هەڵمەتێکی سیستماتیکی چەواشەکاری و هاندان کە چالاکوانانی بوارەکانی ماف و کاری گشتی کردە ئامانج، لە کاتێکدایە کە هۆشدارییەکان لەبارەی پەرەسەندنی توندوتیژییە سیاسییە ڕەگەزییەکانەوە، بەتایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا.
ئەم لێدوانە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی هاودەنگی مەدەنییە لەگەڵ چالاکوانانی لۆبی ژنان، واژۆکاران پێیان وایە ئەم هەڵمەتانە نەک تەنها کەسانی دیاریکراو دەکەنە ئامانج بەڵکو نوێنەرایەتی هەوڵێکی فراوانتر دەکەن بۆ تێکدانی ڕۆڵی ژنان لە کایەی گشتیدا و سنووردارکردنی بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
”توندوتیژی ڕەگداکوتاوی مێژوویی”
لەو چوارچێوەیەدا، شروق ئەبوزەیدان، پارێزەر و چالاکوانی مەدەنی یەکێک لە لایەنگرانی ڕاگەیاندراوەکە، وتی: کە هەڵمەتی ئەم دواییە دەکەوێتە ناو مێژوویەکی دوور و درێژی توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها ئەم جۆرە لە ئامانجکردن تەنها لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا سنووردار نییە، بەڵکو توندوتیژییە لە ڕووی مێژووییەوە کە ڕەگ و ڕیشەی هەیە و بە تایبەتی کاتێک ژنان بەشداری کاروباری گشتی دەکەن و هەوڵدەدەن بەشداری ژنانی دیکە لەم بوارەدا فراوانتر بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی چالاکوانانی مافی ژنان تووشی دەبن "نیشانەیەکی ڕەشە لەسەر کارە گشتی و فێمینیستەکان"، بەتایبەتی کە ئەو ژنانەی ئامانجدارن و هەوڵی پیشەیییان داوە و پاڵپشتی شارەزایان پێشکەش کردووە لە بەڵگەنامەکردن و هاوکاریکردنی ژنان و ڕزگاربووان لە ماوەی ساڵانی قەیرانی سووریا و پێکهاتەکانیاندا، ئەم کارە بەڵگەنامەکردنی چەندین پێشێلکاری لەخۆگرتووە، لەوانە ڕووداوەکانی کەناراوەکان و ئەوەی لە مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا لە شاری سوەیدا ڕوویدا.
شروق ئەبو زەیدان ڕوونیکردەوە، ئامانجی ئەم هەڵمەتانە لە دەستدرێژی کەسی تێدەپەڕێت، دەگاتە ئەو ئاستەی هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی تواناکانی ئەو ژنانە، کەمکردنەوەی تواناکانیان، پاڵنانییان بۆ وازهێنان لەم کارە، هەروەها بەئامانجکردنیان تاڕادەیەکی زۆر بەهۆی کاریگەرییەکانیانەوەیە، هەروەها بەڵگەشیان ئەوەیە کە ژنان توانای جیاوازی و گۆڕانکاری دروستکردنیان هەیە، هەروەها هاوبەشی بناغەی لە بونیادنانی ئاشتی و ژیانی سیاسی و لە ناوەندەکانی بڕیاردان.
سەبارەت بە سروشتی هەڵمەتەکانی چەواشەکاری، وتی: زۆرجار سەرنجیان لەسەر ژیانی کەسی چالاکوانان دەبێت، کە ژنان بە تایبەتی لەبەر ئەم هۆکارە تۆمەتبار دەکرێن و ناوزڕاندنیان بۆ دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی لە هەندێک کۆمەڵگەدا، ئامانج لێی پاڵنانی خودی کۆمەڵگەیە بۆ ڕەتکردنەوەیان و بەشداریکردن لە پڕۆسەی دوورخستنەوە، سەبارەت بە کاریگەرییە دەروونی و پیشەییەکان، هەروەها ئەم هەڵمەتانە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی هەندێک لە ژنان لە ترسی زیانگەیاندن بە ناوبانگیان لە بەشداریکردنی گشتی بکشێنەوە، بەڵام ئەم توندوتیژییە ڕەنگە کەسانی دیکەش بەرەو ئیرادەیەکی زیاتر ببات، هەموو ئەم هاندانانە سەرەڕای توندییەکەی، ڕەنگە هاندەرێک بێت بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن، چونکە بەئامانجکردنی ژنان بەم شێوەیە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە دەنگیان دەبیسترێت و کاریگەرییەکانیان ڕاستەقینەیە.
دووپاتیکردەو، کە ژنان ئەمڕۆ پایەیەکی بنەڕەتی لە پرۆسەکانی بونیادنانی ئاشتی و دادپەروەری گوازراوە پێکدەهێنن، داوای بەهێزکردنی ئامادەیی خۆیان لە کەرتە جیاوازەکاندا کرد و جەختی لەسەر پێویستی هاودەنگی لەنێوان ژناندا کردەوە وەک ئامرازێکی بنەڕەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵەنگاریانە.
شروق ئەبوزەیدان دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بە بەرپرسیار زانی لە پاراستنی ژنانی چالاکوانان، داوای "کۆتاییهێنان بە هاندان و دەنگۆ بە تایبەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا" و دەرکردنی یاسای ڕوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەوانەش سزای هاندان وەک جۆرێک لە توندوتیژی دەتوانێت ڕێگر بێت لە بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی گشتیدا.
”هەڵمەتەکانی دەنگۆ دەکەونە ژێر خانەی توندوتیژی سیاسی”
چالاکوان نەجوا تەویل مامەڵەی لەگەڵ چالاکوانانی ژن بە بەشێک لە شێوازێکی دووبارەبوونەوەی توندوتیژی سیاسی زانی، وتی ژنان بەردەوام تووشی هەڵمەتی چەواشەکاریی دەکرێن کە ناوبانگیان دەکاتە ئامانج لەسەر بنەمای ڕەگەز، ئەمەش یەکێکە لە دیارترین جۆرەکانی توندوتیژی سیاسی کە ئاراستەیان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەندامانی لۆبی ژنان لەگەڵ چالاکوانانی دیکەدا، لەلایەن لایەن و کەسایەتییە جیاوازەکانەوە" تووشی هەڵمەتی چەواشەکاری ڕێکخراو بوون دەبن، ئەمەش بەهۆی کارەکانیانەوەیە لە بەدواداچوونی پرسە هەستیارەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژی سێکسییەوە هەیە، بەڵگەنامەکردنی ئەم پێشێلکارییانە، کە پێچەوانەی هەندێک گێڕانەوەیە، کە هەندێک لایەن هەوڵدەدەن بەرەوپێشی ببەن.
ڕوونیشیکردەوە، ژنان لە بواری گشتیدا بە بەراورد لەگەڵ پیاوان دوو هێندە ئاستەنگەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەو پێیەی بۆچوونە سیاسییەکانیان بە هەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو لەسەر ئاستی کەسی و ڕەوشتی لە ئەنجامی "کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی و بیرکردنەوەی باوکسالاری باو" دەکرێنە ئامانج.
نەجوا تەویل جەختی لەوەشکردەوە، کە زۆرجار توندوتیژیی سیاسی بەرامبەر بە ژنان کاراکتەری سێکسی وەردەگرێت، بەتایبەتی کاتێک ژنان بابەتی مەدەنی یان مافی مرۆڤ دەگرنەبەر کە لەگەڵ ئاراستەکانی هەندێک لایەندا ناگونجێت، هەروەها ئەم جۆرە بەئامانجگرتنە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت بۆ دوورخستنەوەی ژنان و ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونیان لە کارە گشتیەکاندا.