ئیمان ئەلشەرەفی: کێشەی ژنان تەنها توندوتیژی نییە

ئیمان ئەلشەرەفی سەرۆکی کۆمەڵەی هۆننای تونس ئاماژەی بەوەکرد کە نابێت کێشەکانی ژنان تەنیا بەتوندوتیژی بەرامبەریان سنووردار بکرێت بەپێچەوانەوە دەبێت لایەنەکانی تری کێشەکان ببینرێت.

 

زوهور ئەل-مەشریقی

تونس- لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی نوژنها، ئیمان ئەلشەرەفی سەرۆکی کۆمەڵەی هۆننای تونس تەئکیدیکردەوە کە پێویستە کێشەی ژنان لەپلەی یەکەمدا دابنرێت و هەوڵبدرێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و کۆمەڵگە لەسەر پرسەکانیان ئاگاداربکرێتەوە.

 

ئایا لە ساڵێکدا ڕۆژێک بەسە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا جەخت لە گرنگی پرسی ژنان و ڕۆڵیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگادا بکات؟

لەتونس و جیهانیش تەنها ڕۆژێک بەس نییە بۆ قسەکردن لەسەر چۆنیەتی بەگژداچوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژیێک بەرامبەر بەژنان و مافەکانی ژنان بەڵام دەبێت ئەم ڕۆژە تەرخان بکرێت بۆ زانین و هەڵسەنگاندنی دەستکەوتەکان و ڕێوشوێنی پراکتیکی لەسەر یەکسانی مافەکان و جێبەجێکردنی یاساکان، لەکۆمەڵەکەماندا هەوڵدەدەین چاودێری ئەوە بکەین کە چ پەیوەندیەک بەگرەنتی ئەو مافانەوە هەیە بۆ سەلماندنی یەکسانی ژنان لەبواری سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری و کلتوریدا.

 

ڕۆژێکی ساڵ بۆ هاندانی کۆمەڵگاکان بۆ ئاگاداربوون لەکێشەی ژنان بەس نییە، ٣٦٥ ڕۆژ بەژنان دەدەین کەکاتی تەواویان هەبێت بەڕای ئێمە کێشەی ژنان تەنیا توندوتیژی نییە، ئێمە ئێش و ئازارەکانی هەموو ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ژنانی گوند و جووتیار و نەخوێندەوار دەبینین و هەوڵ دەدەین بە شێوازی جۆراوجۆر پشتگیرییان بکەین و لە باوەشیان بگرین.

 

پێتوایە ئاستی داخوازیەکانی ژنانی تونس چییە؟ ئایا یاساکانی ئێستا بەسن بۆ گەرەنتیکردنی هەموو ئەو شتانەی کە ژنان دەیانەوێت؟

دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە هیواکانی ژنان سنوردار نین دەمانەوێت بگەینە قۆناغی فراوانکردن و پەرەپێدانی دەستکەوتەکانی ژنان لە رێکخراوەکەماندا هەوڵ دەدەین هاوکاری و پشتیوانی و بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان بکەین،  ئەمڕۆ ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە پێکەوە کار بکەین و یارمەتیان بدەین بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانیان، سەرەڕای ئەوەش زیندانیانی ژن دوای سزاکانیان لە دڕندەیی کۆمەڵگا و ئەو تێڕوانینە بچووکەی ئەوان بپارێزین.

 

ئایا هیچ خەمساردییەک لە میدیاکانەوە دەبینیت، لە گوێگرتن لە کێشەکانی ژنان و ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیانەی کە هێشتا بە قورسی لەسەریانە؟

هەرچەندە لە لایەن میدیاکانی تونسەوە نیگەرانی لە کێشە بنەڕەتییەکانی ژنان هەیە و جگە لە یەک یان دوو بۆنە هیچ دۆسیەیەکی ژنان نابینین، . چونکە باس لە واقیعی ژنان و کێشەکانیان لە ڕۆژی ژناندا دەکرێت و دواتر ئەو کێشانە لەسەر ڕەفەکان دەمێنننەوەو دیسان لە 1١٣ی ئابی ساڵی داهاتوو ڕۆژی پیرۆزکردنی ڕۆژی نەتەوەیی ژنانی تونس تاوتوێ دەکرێت، ئێمە پێمانوایە پێویستە ڕۆژانە مافی ژنان لە میدیاکاندا بپارێزرێت و بەڕێوەببرێت نەک بەشێوەیەکی وەرزی و بابەتی ژنان وەک کێشەیەکی سەرەکی وەربگیرێت و وێنەی ئەو ژنانەی کە سەرکەوتوو بوون و خۆیان سەلماندووە لە بوارە جیاجیاکاندا پێشکەش بکرێن، پێویستە شوێنێکی گرنگ بۆ ژنان لە میدیاکاندا تەرخان بکرێت.

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە دەتەوێت چی بڵێیت؟

هیوای بەختەوەریی دەخوازم و ئومێدەوارین وڵاتەکەمان لە هەموو شتێکدا بنەمای هاوسەنگی ڕاستەقینە بەدەست بهێنێت و ئەو یاسایانەی لە نێوان ڕەفەکاندا ماون چالاک بکرێن، بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی خۆبوون دەبێت بەردەوام بین لە خەبات و قوربانیدان بۆ ڕاستییەکان و ئایندەیەکی باشتر بۆ ژنان و کۆمەڵگا بە گشتی.