بوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی پەیوەستە بە ئازادی ژنەوە

دەستەواژەی دادپەروەری لە زۆربەی زمانەکاندا وەک دەستەواژەی مێ(ژن) دەرباز دەبێت، بەڵام بە سەدان ساڵ ژنان لە نادادیەکی قوڵدا ژیاون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە لاپەڕەکانی مێژوودا چەندین ژن هەن کە کۆمەڵکوژ کراون، ژنانێک ئەشکەنجەدراون، هەندێکی تر سوتێنراون، ڕەجم کراون، وەک ژنی خراپ یان شێت پێناسەکراون، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە بێ ڕێزی و چەواشەکاری خراپ بوونەتەوە.

 

ئەو ژنانەش کە بەسەر هاتەکانیان نازانرێت و نەنووسراوەتەوە، ژمارەیان لەوانەی تر کەمتر نیە، هەروەها چەندین ژن هەن کە بۆ مافەکانیان بەرگری و تێکۆشانیان کردووە، بەڵام باسنەکراون لە مێژوودا و هیچ شوێنێکیان بۆ تەرخان نەکراوە، ئەو ژنانەی بەدوای پرس و مافە نیشتمانی و ژنانەکانیانەوە بوون وەک لەیلا قاسم، شیرین عەلم‌هولی، ئۆلیمپ دە‌غوش، ساکینە جانسیز و هەزارانی دیکە، ڕووبەڕووی گەورەترین ناهەقی و توندوتیژی و تیرۆرکردن بوونەتەوە.

 

ئەگەرچی لە بنەڕەتدا ئاشتی و دادپەروەری لەسەر دەستی ژن دروستبووە و بەڕێوەبراوە، بەڵام لەدوای دروستبوونی هەڕەمی چینایەتی و باڵادەستبونی پیاو ئەو دوو چەمکەی بەڕێوەبردی کۆمەڵگە و سەدان چەمکی داهێنان، ڕێکخستن، تەندروستی، سیاسەت، ئابوری و کشتوکاڵ لە دەستی ژن سەندرانەوە و کۆمەڵکوژی، توندوتیژی و سیاسەتی لەناوبردن بەسەر ژناندا سەپێنرا.

 

داپەروەری بە پەیکەری ژنێک دەناسرێت

دادپەروەری بە پەیکەری ژنێک دەناسرێت کە لە تاجەکەی سەریدا سەمبوولی گەنم دەبینرێت و لەدەستیدا شمشێر.

 

لە بەردەم کۆلێژەکانی مافدا، دادگاکان و ناوەندەکانی داد، پەیکەری دادپەروەری دانراون، بەڵام لە هۆڵەکانی دادگادا سەبارەت بە پرسی ژنان و بەو بڕیارانەی لەسەر ژنان دەدرێن گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نییە، ئەو ژنانەی دەستدرێژیان کراوەتەسەر، دەبێت بۆ سەلماندنی ئەو دەستدرێژییە بچێتە هۆڵەکانی دادگا، ئەگەر نا ناتوانێت ئەو تاوانە بسەلمێنێت، کاتێک دەچێتە ناوەندەکانی دادوەری لەلایەن دادوەر، پزیشک، پارێزەر و بە ڕێبازێکی دیکە ڕووبەڕووی هەمان هەڵوێستی بێ دادپەروەری و توندوتیژی دەبێتەوە. بەم هۆکارەش ژنان لە بەدواداچوون و سکاڵاکانیان پەشیمان دەبنەوە، ئەو پیاوەی پەلاماری کچانی منداڵ دەدەن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر لەناو داددا بێتاوان دەبێت و ئەو کچە منداڵە بەناوی ئەوەی هەستی پیاوی ورووژاندووە، تاوانبار دەکرێت و ئەو پەلامارە پیاوسالارانەیە بە ڕەوا دەکرێت.

 

دادی ژنان

لە هەندێک لە وڵاتاندا لەبەر ئەوەی ژنان دادی خۆیان دەخەنەڕوو لە ڕووداوەکاندا، زیندانی دەکرێن یانیش دەکوژرێن، وەک ڕێحانە جەباری کە لە ئێران لەسێدارەدرا، ئەو ژنانەی داوای مافی خۆیان دەکەن بەپێی یاسا فەرمیەکان لەگەڵ ئەو کەسانەی لێی داون، فرۆشتویانن و هاوسەرگیریان پێ دەکرێت، بەو جۆرە وەڵامی داواکانی ژنان بۆ مافەکانیان دەدرێتەوە.

 

سیمبولی ئاماژەپێکراو کە وەک دادپەروەری ژن و یەکسانی پێناسە دەکرێت، بەڵام چاوی ئەو پەیکەری دادپەروەریە بە پەڕۆیەک بەستراوە، ئەم چاو بەستنەوەیە وەک سیمبولی دادپەروەری یەکسانییە، چاوی خوداوەندی ڕاستیش بەستراوە.

 

ساڵانە هەزاران کەس لە پەیمانگا و زانکۆ و ناوەندە دادییەکانەوە دروستدەبن، بەڵام تا دێت باری یاسا و دادوەری بۆ ژنان قورستر و نالەبارتر دەبێت، ئەو بڕیارانەی لە بواری دادگەریەوە دراون و یاسای گشتیش هەر بۆ پیاوانە و بەپێی ویستی پیاوان پێناسە دەکرێت، مافی ئازادیش هەر بۆ ئەوانە، چەندین ساڵە سەبارەت بە ژنان تەنها یەک بڕیار نەگۆڕاوە، پیاو وەکو سەرۆکی ماڵ و سەرمایەی ماڵ پێناسە دەکرێت. هەتا ئەم ساڵانەی دوایش ئەم بڕیارە لە زۆربەی یاسادانانە گشتییەکاندا هەبوون و یان زۆر بوار یان زۆر وڵاتدا هەتا ئێستاش پەیڕەو دەکرێن.

 

بزوتنەوەی ئازادیخوازی ژن لە تێکۆشاندایە

بزوتنەوەی ئازادیخوازی ژن چەندین ساڵە لەپێناو دەستەبەرکردنی یاسا یەکسان و سیستمێکی دادپەروەرانە تێدەکۆشن، لەو ڕێگەیەشدا قوربانی گەورەی داوە، ئەمڕۆ ژنان بە هەوڵ و تێکۆشانێکی بێوچان توانیویانە لە زۆربەی وڵاتانی دیموکراتی جیهان ڕێکخراوەی خۆیان بۆ پشتگیری لە مافی یەکسانی و ئینسانی دابمەزرێنن و زۆربەی مافەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن.

 

لە چەندین بەڵگەی نێونەتەوەیی و پەیمانەکاندا سەرەڕای ئەوەی باسی هەندێک لە مافەکانی یەکسانیش دەکرا، لە یاساکاندا بۆ ژنان و دادی کۆمەڵایەتی هیچ بڕیار و پەیمانێک نیە بۆ ژنان، ڕێبەری گەلان، عەبدوڵا ئۆجەلان لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ شاندی دانوسانی ئیمرالی، هۆکاری ئەو گێژاوە بەو شێوە چارەسەرییە هەڵدەسەنگێنێت: "چارەسەر خۆی لەلایەنی یەکسانی، ئازادی و دادپەروەری دەبینێتەوە. دادپەروەری ژن، بۆهەموومان دادپەروەری سەرەکییە".

 

ئەم هەڵسەنگاندنە جارێکی تر دەمانخاتە ژێر بەرپرسیاری و ڕۆڵی ژن و داد بەبیردەهێنێتەوە، سیستمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی سەدان ساڵ بەردەوام بووە، چونکە بە دادپەروەری ژن پەرەیسەندووە و بەبەرخودانی خۆی و ڕەهەندە ئەخلاقیەکانی تا ئەمڕۆ هاتووە.