نانسی داڤسی یەکێکە لە قوربانیانی قەدەغەکردنی لەباربردن لە ئەمریکا

نانسی داڤسی، ژنێکی دووگیانی ئەمریکییە، سەرەڕای ئەوەی پزیشکەکان مەترسی سەر ژیانی کۆرپەکەیان خستووەتەڕوو، بەڵام بەهۆی قەدەغەوە ناتوانن لەباربردنی بۆ بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

نانسی داڤسی ٣٦ ساڵ، دانیشتووی ویلایەتی لویزیانای ئەمریکایە، ١٥ هەفتەیە دووگیانە و بەهۆی دۆخی تەندروستی منداڵەکەیەوە پلانی هەیە گەشت بکات بۆ دەرەوەی ویلایەتەکەیان تا لەباربردن بۆ منداڵەکەی بکات، چونکە پزیشکەکان پێیان وتووە پێویستە منداڵەکەی لەبارببات بەهۆی بوونی حاڵەتێکی دەگمەن و کوشندە.

 

لەدوای قەدەغەکردنی لەباربردن و هەڵوەشاندنەوەی یاسای ١٩٧٣ی رۆی وەید کە ڕێگەی بە لەباربردنی ژنان دەدات، مەترسییەکان بۆ سەر ژیانی ژنان و بەتایبەت ژنانی کە ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە، زیادیکردووە، چالاکوانان، پارێزەران و ژنان دژی بڕیارەکەی حکومەتی ئەمریکا لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوامن.

 

یاسای ویلایەتەکان، کە ئێستا کاری پێدەکرێت، هەموو لەباربردنێک قەدەغە دەکات، تەنها ئەگەر مەترسی مردن یان تێکچوونی بەرچاو بۆ ژنەکە هەبێت ئەگەر بەردەوام بێت لە دووگیانی، لە ئێستاشدا دەیان ویلایەت لەباربردنی منداڵیان لە هەموو قۆناغەکانی دووگیانیدا قەدەغە کردووە.

 

نانسی داڤسی، یەکێکە لەو ژنانەی کە دەبێتە قوربانی بڕیاری قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ، بەوپێیەی دوای دە هەفتە لە دووگیانییەکەی، پزیشکانی نەخۆشخانەی ژنان لە شاری باتۆن ڕوج دەستنیشانیان کرد کۆرپەکە هەڵگری ئاکرانیایە، کە حاڵەتێکی دەگمەن و کوشندەیە و کەللەسەری کۆرپەکە لە سکی دایکیدا شکست دەهێنێت لە دروستبوون، ئاماژەشیان بەوەکردووە کە ئەگەر منداڵەکە لەدایک ببێت، تەنها بۆ چەند مانگێک دەتوانێت لە ژیاندابێت، بەڵام ڕایانگەیاند کە ناتوانن ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدەن، بەهۆی قەدەغەکردن و بڕیاری ویلایەتی لویزیانا کە هەر پزیشکێک لەباربردنی نایاسایی ئەنجام بدات، ئەوا دەتوانێت ١٥ ساڵ زیندانی بکرێت، ناتوانن لەباربردنی بۆ بکەن.

 

بێن کرامپ، پارێزەری نانسی داڤسی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا نانسی لە یەکەم ژنەکان بوو کە بەهۆی پەلەکردنی لویزیانا بۆ سنووردارکردنی لەباربردنی منداڵ زیانبار بوو، بەڵام ئەستەمە ببێتە کۆتا ژن.

 

دوای ئەو کەیسەی نانسی، نووسەری یاساکە، سیناتۆر کاترینا جاکسۆن و یاسادانەرانی دیکە ڕایانگەیاندووە کە داڤسی شایستەی لەباربردنی منداڵە و نەخۆشخانەکە بە شێوەیەکی زۆر هەڵە لێکدانەوەی بۆ یاساکە کردووە، پارێزەرەکەی نانسی داڤسیش ئاماژەی بەوەداوە، "یاساکە لاستیکییە و هەموو بارودۆخێکی ژنان جیاوازە و جێگەی لێکدانەوەیە، بۆیە بێگومان پزیشکان نایانەوێت مەترسی زیندان بخەنە سەرخۆیان یان ناچاربن سەدان هەزار دۆلار سەرپێچی بدەن بەهۆی مامەڵەیەکی هەڵە لەگەڵ یاساکەدا، کێ تەنها قسەی کەسێک وەردەگرێت کاتێک ئازادییەکەی لە مەترسیدایە؟".

 

پزیشکان و پارێزەران و شارەزایانی یاساکە، ڕەخنە لە یاسای قەدەغەکردنی لەباربردن و ماددەکانی دەگرن بەوەی دەڵێن کە بڕگەکانی یاساکە دژبەیەکن و لە ڕووی نادەستوورییەوە ناڕوونن.

 

بێن کرامپیش دەڵێت، "بیربکەرەوە کە چەند ژن لەوانەیە کاریگەرییان لەسەر بێت پێش ئەوەی پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە ناو دانیشتنی پەرلەمان بۆ بڕیاردان، چەند نانسی داڤسی دیکە دەبێت بەرگەی ئازاری دەروونی بگرێت، پێش ئەوەی یاسادانەران ئەم یاسا ناڕوونە، ڕوون دەکەنەوە".