مارکا برێستۆ، داکۆیکارێک لە مافی خاوەن پیداویستییە تایبەتەکان

مارکا برێستۆ، ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کە پێگەکەی بۆ باشترکردنی ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەکارهێناوە، بووە یەکێک لە کاریگەرترین ژنەکانی جیهان.

 

ناوەندی هەواڵ

 

مارکا برێستۆ، ژنێکی بە ڕەگەز ئەمریکی، لە ساڵی ١٩٥٣ لە شاری نیویۆرک لەدایکبووە، لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا تووشی ئیفلیجبوون دەبێت، لە سینگی بەرەو خوار ناتوانێت بجوڵێت.

 

لەکار کەوتنی زیاتر لە نیوەی لەشی، نابێتە ڕێگر لەبەردەم هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، لە کۆلێژی بیلۆیت لە شاری ویسکۆنسن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کۆمەڵناسی دەخوێنێت، دواتر لە زانکۆی "ڕۆش" پەرستاری دەخوێنێت و دەبێتە پەرستار لە نەخۆشخانەی ژنانی پرەنتیس.

 

مارکا هەمیشە هاوکاری پێشکەشی خاوەن پێداویستییەکانی دیکە کردووە، کورسییەکی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ئەنجومەنی نیشتیمانی ئەمریکا بەدەستدەهێنێت، یەکێک بووە لەو کەسانەی کە ڕۆڵی سەرەکی لە ئامادەکردنی یاسای تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەتدا لە ساڵی ١٩٩٠ هەبووە.

 

مارکا بەهۆی کارە بەردەوامەکانی بۆ خاوەن پێداویستییەکان لە ساڵی ١٩٩٣ دەبێتە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی شیکاگۆ، بەڕێوەبەری لیژنەی ڕاوێژکاری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بووە.

 

ئەو لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ ٢٠٠٢ سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بووە، لە هەشتی ئەیلولی ٢٠١٩ بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایکردووە.

 

ت.پ