"کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی تەنها بۆ شرناخ و گەلی کورد نییە"

١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی تێپەڕی، پارێزەر ڕەیحان یاڵچینداغ بایدەمیر جەختیکردەوە کە سزانەدانی بکەرانی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، چەندین پێشێلکاری دیکە ڕوویدا و بەرژەوەندی دەوڵەت لەپێش هەمووانەوە بوو.

مەدینە مەمەدئۆغلو

 

ئامەد-١١ ساڵ بەسەر بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گوندی ڕۆبۆسکی سەر بە ناحیەی قلەبانی شرناخ تێپەڕی، کە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١دا ٣٤ کەس گیانیان لەدەستدا کە ١٧یان منداڵ بوون، سەرەڕای سکاڵای کەسوکاری قوربانیان، بەڵام دەوڵەت بە بیانووی "بۆردومانەکە هەڵە کراوە" و بەڵێنی قەرەبووکردنەوە هەوڵی کشانەوەی سکاڵاکان درا، دوای ١٠ ساڵیش ئەگەرچی چەندین داواکاری سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکە پێشكەشکراوە، بەڵام لەلایەن دادگا ناوخۆییەکانەوە بە هۆکاری جیاواز ڕەتدەکرێنەوە و هیچ لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی ئەنجام نەدراوە.

 

هەرچەندە پرۆسەی یاسایی دەستیپێکرد، بەڵام هیچ کەسێک دادگایی نەکرا

لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە دوای ڕووداوەکە دەستیپێکرد، ٣ پرۆسەی تاوانکاری و کارگێڕی و یاسایی جیاواز سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی دەستیپێکرد، لەناو ئەم پرۆسانەدا ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە بە گشتگیرترین شێوە ئەنجامدرا، لێکۆڵینەوەی کارگێڕی بوو، لە چوارچێوەی ئەم بەدواداچوونەدا، پشکنینی موڵک و ماڵی وەزارەتی ناوخۆ سێ پەیامنێری ڕاسپارد بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتی ئەگەری بەرپرسانی گشتی لەو ڕووداوەدا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٢ تەواو بووە، بەو ئەنجامە گەیشتووە کە پێویستە لێکۆڵینەوە لە زۆرێک لە بەرپرسانی گشتی بکرێت. بەڵام سەرەڕای ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو، هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە دژی هیچ فەرمانبەرێک نەکرایەوە.

 

"سیاسەتی بێ سزا لە سەرەتای کۆمارەوە هەبووە"

ڕەیحان یاڵچینداغ بایدەمیر، چالاکوانی مافی مرۆڤ و پارێزەر، جەختیکردەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ کۆمەڵکوژییەکە لەبیر ناکرێن و هیچ کەسێکی بەرپرسیاریش نەخراوەتە بەردەم دادگا، وتیشی: فڕۆکە جەنگییەکانی پڕ لە بۆمب دەیان کەسیان کوشت، کە زۆربەیان منداڵن و هەموویان خەڵکی مەدەنی بوون، نابێت ئەم ڕووداوە وەک قسەی بەرپرسیارەکان و کەمتەرخەمییەکان پشتگوێ بخەین، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لەم وڵاتەدا ژمارەیەکی کەم لە لێکۆڵینەوە یان کەیسەکان سەبارەت بەو پێشێلکارییە جددییەکان کراوەتەوە گەشتووەتە ئەنجان، بەڵکوو هەموو کەیسەکان تاوانبار بە بێ سزا لێی دەردەچێت، ئێمە پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم بێ سزا دەرچوونە بووەتە سیاسەتێکی سیستماتیکی.

 

"مافی مرۆڤ بۆ ژیان پێشێل کرا"

ڕەیحان یاڵچینداغ بایدەمیر ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕووداوەکانی پێش کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی و دوای کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، کە سیاسەتی بێ سزای تێدا جێبەجێکرا، مافی ژیانی خەڵک پێشێلکرا و وتی: سیاسەتی بێ سزای تورکیا کێشەیەکی هاوشانی بوونی کۆمارە، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم بێ سزایە، پێشێلکارییەکانی مافی ژیان بە ئاسانی بەردەوام دەبن، پێش ئەوەی فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکان بۆردومان بکەن، زانیارییان هەبوو، هیچ سنوورێک بۆ ئەم تاوانانە نەما، تەنها دۆخێک نییە کە پەیوەندی بە یاسا ناوخۆییەکانمانەوە هەیە، بەڵکو لە بواری ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانیشدایە کە تورکیا لایەنێکە، بۆیە بێ سزای لە پێش ساڵانی نەوەدەکان و تا ئێستاش بەڕێوەدەبرێت.

 

"پرۆسەکە هەم یاساییە و هەم بە ویژدان"

ڕەیحان یاڵچینداغ بایدەمیر ڕایگەیاند کە دۆسیەی ڕۆبۆسکی هەم یاساییە و هەم ویژدانییە، بۆیە تا ئێستا لە دادگای دەستووری و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەردەوامە، وتیشی: لە ١١ ساڵی ڕابردوودا هیچ بەرپرسێکی سەربازی و فەرمی لە بەردەم دادگاکانی تاواندا دادگایی نەکراون، چونکە مەبەستیانە بە بێ سزا کۆتایی پێبهێنن، بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، پێویستە جارێکی دیکە ئەوە ڕابگەیەنین کە تا گوتارمان لە بەرەنگاربوونەوەی بێ سزای کاریگەرتر نەبێت، پێشێلکارییەکان بە هەمان شێوە بەردەوام دەبن، مەحاڵە باس لە سەلامەتی کەسێک بکرێت بە تایبەت مافی ژیان، لەکاتێکدا مافی ژیان بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە ژێر هەڕەشەدا بێت، دۆزی ڕۆبۆسکی تەنیا بۆ کورد و شرناخییەکان نییە، کێشەی هەموو تورکیایە.