"یاساکان لە عێراقدا لە بەرژەوەندەی سیاسییەکان دەردەکرێن"

خێزانەکانی عێراق و دۆخی ژنان لە ئاستێکی خراپدایە بەهۆی بڕیار و یاساکانی کە دەردەکرێن و تەواو پێچەوانەی مافی مرۆڤ و ژنانن، ئەمەش باڵیکێشاوە بەسەر هەرێم و وایکردووە پیاوان بە دزی ژنەکانیانەوە ژنی دیکە بهێنن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر هێنانی ژنی دووەم بووە جێی باسی گەرمی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەندێک باسیان لەوەدەکرد کە دەتوانن ژنی دووەم بهێنن بێ ئەوەی ژنی یەکەم داوای جیابوونەوە بکات، ئەگەرچی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە بنەڕەتدا ماددەیەکە لە یاسای باری کەسێتی عێراقی، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت و ئە ماددەیە گۆڕاوە بەوەی کە "لە کاتی هێنانی ژنی دووەم لەلایەن پیاوەوە، ژن مافی ئەوەی هەیە داوای جیابوونەوە بکات".

 

بەهۆی ئەوەی لە عێراق هێنانی ژنی دووەم یاساییە و ڕێگەپێدراوە، پیاوانی هەرێمی کوردستان دەچنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق و ژنی دووەم دەهێنن، بێ ئاگاداری ژنی یەکەمیان، ئەم بڕیارە نەک تەنها خێزانەکانی عێراق بەڵکو خێزانەکانی هەرێمی کوردستانیشی تەواو شێواندووە، بووەتە هۆکاری سەرەکی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و زیادبوونی توندوتیژییەکان.

 

"بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق نوێ نییە و تازە  خەڵکی هەرێم پێی ئاشنا دەبێت"

زیلان عوسمان، پارێزەر، دەربارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کە ڕێگە بە ژنی یەکەمی پیاوێک نادات جیاببێتەوە، کاتێک ژنی دووەمی بەسەردادێت ڕوونیکردەوە، لە مێژە دادگای فیدراڵی لە عێراق بڕیارێکی لەو شێوەیەیە دەرکردووە، بەڵام بابەتەکە دوای نانەوەی هەرایەک لە بڕیاری دادوەرێک لە دادگای شاری هەڵەبجە نوێبووەتەوە و بووە جێی ڕەخنە، وتیشی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگیراوە، لە ئایەتەکەدا ڕوونکراوەتە کە دەبێت پیاو دادپەروەر بێت لە هەموو پێداویستییەکدا، بەڵام بە پێچەوانەوە پیاوان کە ژنی دووەم دەهێنن مافی تەواو نادەن بە ژنی یەکەم و دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە نێوانیاندا.

 

"یاساکان بەهۆی ئەوەی تەواو ڕوون نەکراونەتەوە بۆیە کەموکرتن"

وەک ئەو پارێزەرە باسی لێوە دەکات، ڕاستە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقدا ژنان ناتوانن بە هۆکاری هێنانی ژنی دووەم داوای جیابوونەوە بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەیان دادپەروەر نەبێت دەتوانێت داوای جیابوونەوە بکەن، چونکە دەقی یاسا و ئایەتەدە دەڵێت دەبێت پیاوان دادپەروەر بن، بەهۆی ئەوەی پیاو دادپەروەر نییە دەتوانێت داوای جیابوونەوە بکات، بەڵام خەڵکی بە گشتی هۆشیاریان دەربارەی ڕاستی یاسا و ئایەتەکە نییە و تەنها کردوویانەتە هەڵا لە بەرژەوەندی پیاوان، دەشڵێت: هیچ کات یاسایەکی لەو شێوەیە لە بەرژەوەندی ژن نییە، چونکە ژنان تیایدا مافەکانیان دەخورێت و بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت".

 

"پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێم بڕیارێکی هاوبەشیان هەبێت"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەدا ئەم بڕیارە باش و خراپی خۆی هەیە کە لە هەرێمدا جێبەجێناکرێت، باشیەکەی ئەوەیە مافی ژنانی تێدا پارێزراوە، بەڵام لە بەشێکی دیکەدا ژنان بە جۆرێکی دیکە مافیان پێشێلدەکرێت، ئەمەش خراپەی یاساکەیە کە وادەکات پیاوان بچنە ئەو ناوچانە ژن بهێنن، کە سەر بە عێراقن وەک کەرکوک و خانەقین، لە کاتێکدا ژنەکانیان ئاگادار نین، "ئەوەی گرنگە بکرێت دەرکردنی بڕیارێکە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم لەسەری کۆک بن، ئەگەرنا پیاوان ئەم هەلە زیاتر دەقۆزنەوە و بە فەرمی دەچن ژنەکانیان لە ناوچەکانی دیکە دەهێنن".

 

زیلان داوا لە کۆمەڵگە دەکات چیتر ژنان ناچار بە هاوسەرگیری نەکەن

زیلانی پارێزەر باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەم یاسایەوە خێزانی عێراقی تەواو شیرازەی تێکچووە، هەروەها بەهۆی بڕیارە جیاوازەکانی ئەم دوو حکومەتەش خێزانەکانی هەرێم بەهەمان شێوە و بەهۆی شاردنەوەی پیاوان کە ژنی دووەم دەهێنن، دووبارە کێشەی بۆ خێزانەکان ناوەتەوە، دەربارەی ئەو قسانەی لەسەر ژنان دەکرێن کە هەر ژنە لە ژن دەدات و دەبێتە ژنی دووەمی پیاوێک، زیلانی پارێزەر ئاماژەی بەوەدا، کۆمەڵگە هۆشیار نییە، "هەندێک ژن هەر خۆیان حەز بە هاوسەرگیری ناکەن، بەڵام کۆمەڵگە ئەوەندە قسەی لەسەر دەکەن و پرسیاری لێدەکەن بەوەی بۆ شوناکەیت، کێشەت چییە، کەوا لە ژنەکە دەکەن ناچاری دەکەن، یاخود هەر ئەوەندە تەمەنی سەرکەوێت وشەیەکی ناشرینی بەرامبەر بەکاردەهێنن، و پێی دەڵێن ماویتەتەوە، بۆیە دواجار ناچاری دەکەن شوبکات"، داوا لە دایکان و باوکان و خێزانەکان دەکات چیتر ئەم بیرکردنەوەیەیان نەبێت بەرامبەر بە ژنێک، چونکە هاوسەرگیری بۆ ژنان ئامانجی یەکەمیان نییە و پەیوەندیدار نییە بە سەرکەتووی ئەو ژنەوە.

 

"دەسەڵاتدارانی عێراق لە بەرژەوەندی خۆیان یاساکان لە دژی ژنان دەردەکەن"

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەدا، ڕاستە یاساکان لە عێراق بە پاڵپشتی بە دەقی قورئان یاساکان دەردەکەن، بەڵام تەنها ئەو بەشەی بەکاردەهێنن کەلە بەرژەوەندی خۆیانە ڕاستی ئایەتەکە ڕوون ناکەنەوە، لە کاتێکدا مەرج دانراوە بۆ هێنانی ژنی دووەم و سێیەم ئەوان مەرجەکان ئاشکرا ناکەن، تەنها ئەو دەقە دەڵێنەوە کە خوا چوار ژنی حەڵاڵ کردووە، بۆیە دەسەڵاتداران لە بەرژەوەندی خۆیان یاسا دەردەکەن، دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق فرە مەزهەبە، ئەمەش دووبارە وایکردووە ژنان مافەکانیان پێشێل بکرێت، بۆ نمونە شیعەیەک دەتوانێت چەندین ژنن بهێنێت، ئەمەش وادەکات سونەکانیش بە بڕیاری جیاواز بۆ بەرژەوەندی خۆیان یاسا دەربکەن.

 

لە کۆتایدا، پارێزەر زیلان باسی لەوەکرد، گرنگە ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ لە ڕێی سیمینار و هەوڵی جدییەوە هەوڵبدەن هۆشیاری بڵاوبکەنەوە، هەروەها حکومەت بۆ خۆی یاسا دەربکات کە لە بەرژەوەندی ژن بێت نەک پێشیلی مافەکانی ژنان بکات.