باشاک دەمیرتاش بۆ ئایسەل توغلوک و ئایشە ئۆزدوغان هەڵوێستی نیشان دا

باشاک دەمیرتاش ئاماژە بەوەدەکات، ئایسەل توغلوک بەجێهێلدرا بۆ مردن، ئایشە ئۆزدۆغان دەستگیرکرا، چ ویژدانێک ئەوە قبوڵ دەکات؟.

ناوەندی هەواڵ

 

باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە ئێستا لە زینداندایە، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر پەیامێکی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئایشە ئۆزدۆغان بڵاوکردەوە و ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، وەک ئەوەی بەندکردنی هەزاران نەخۆشی وەک ئایسەل توغلوک لە گرتووخانەکاندا و بەجێهێشتنیان بۆ مردن بەس نەبێت، ئایشە ئۆزدۆغان سەرەڕای نەخۆشییە قورسەکەی دەستگیرکرا و ڕەوانەی گرتووخانە کرا، چەند هێندە زیادبوونی نادادپەروەری لە چ ویژدانێکدا جێگەی دەبێتەوە؟.

 

ئایشە ئۆزدۆغان تووشبوویەکی نەخۆشی شێرپەنجەیە و لە ئێستادا نەخۆشییەکەی گەیشتووەتە قۆناغی چوارەم و لە بارودۆخێکی تەندرووستی زۆر خراپدایە، بەڵام داواکاری دواخستنی سزاکەی ڕەتکرایەوە و ڕەوانەی گرتووخانە کرا.

 

ئایشە ئۆزدۆغان سزای ٩ ساڵ و ٤ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و سەرەڕای خراپی بارودۆخی تەندرووستی سزاکەی لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە پەسەندکراوە.