فێرگەی کاراتی کچانی خورماڵ لە دوو مانگدا ٥٠ فێرخوازی وەرگرتووە 

فێرگەی کاراتی کچانی خورماڵ ماوەی دوو مانگە کراوەتەوە و ژنانی گەنجی سنوری خورماڵ ڕووی تێدەکەن و دەیانەوێت لە بواری وەرزشیدا ئاستێکی پێشکەوتوو تۆمار بکەن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لە یەکێک لە گەڕەکە دێرینەکانی خورماڵ فێرگەی کاراتی کچانی خورماڵ هەیە، کە زیاتر لە ٥٠ ژنی گەنج و منداڵی تێدایە و سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانن لەسەر هونەری وەرزشی کاراتی، ئەم فێرگەیە ماوەی دوو مانگ دامەزراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی خواستی زۆر لەسەرە لە پلاندایە فێرگەی دووەم بکەنەوە.

 

شێنێ زاهیر محەمەد، یاریزانی فیرگەی کچانی خورماڵ و یاریدەدەری ڕاهێنەر لە فێرگەکە، باس لەوەدەکات پاش ئەوەی هەوڵیاندا فێرگەیەکی کچان بکەنەوە، سەرجەم پێداویستییەکانیان بۆ فێرخوازان دابین کردووە، دەربارەی مەشق و ڕاهێنانەکانیش وتی: فێرگەکە ڕاهێنان لەسەر وەرزشی کاراتی دەکات، جگە لەوەش فێرخوازان دەبەینە شاخەوانی و مەلە و پیادەڕەویشیان پێدەکەین، تاوەکو هێزی جەستە و تەرکیزیان زۆر ببێت.

 

لە ئێستادا ژنانی گەنج و منداڵان خولیای وەرزشی کاراتی دەکەن
شێنێ زاهیر باسی لەوەکرد لە ماوەی کردنەوەی فێرگەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گەنج و منداڵان ڕوویان تێکردووە کە ژمارەیان لە ٥٠ کەس زیاترە، وابڕیارە فێرگەیەکی تر بکەنەوە، وتیشی: کچان زۆر حەزیان بە وەرزشی کاراتی هەیە و خواستی گەشتنە ئاستە باڵاکانیان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کاتەوە نەتوانراوە وەک پێویست مەشقیان پێبکرێت.

 

سەنا فەرەیدون، تەمەنی ١٤ ساڵە و دەیەوێت بچێتە هەڵبژاردەی عیراق و هیواخوازە کچانیش وەک ئەمان بتوانن بچنە فێرگەکە و ڕاهێنان بکەن و دەشڵێت: بەردەوام بن تاوەکو بگەنە لوتکە.

 

فێرگەی کچانی خورمال ماوەی دوومانگە دامەزراوە و زیاد لە ٥٠ یاریزانی هەیە، ڕۆژانە سێ کاتژمێر و لە هەفتەیەکدا سێ ڕۆژ ڕاهێنان دەکەن و لە ئێستادا بۆ بەرزکردنەوەی توانا و ئاستەکانیان مەشق و ڕاهێنانیان چڕکردووەتەوە.