یارییە وەرزشییەکان بوونەتە مۆرکی پیاوان

ژنان وەک پیاوان خاوەن هێزن، توانای ئەنجامدانی وەرزشە جیاوازەکانیان هەیە، بەڵام دەرفەت زیاتر بۆ پیاوان ڕەخساوە لە بەشداریکردنیان لە وەرزشدا، وەرزشکارێکیش هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ پەروەردەی خێزان و خوێندنگە کە جیاوازی لە نێوان کچان و کوراندا دروستدەکات.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لەگەڵ ئەوەی جیاوازی لە نێوان ڕەگەزەکاندا نییە بۆ وەرزشکردن، بەڵام لە مێژووەوە لەلایەن پیاوانەوە بەشی زۆری وەرزشەکان داگیرکراون، بە هۆی نەبوونی سیستمێکی پەروەردەی گونجاو لەناو خێزان و خوێندندا، بەردەوام جیاوازی لە نێوان ژنان و پیاوان دەکرێت.

 

وەرزیش یەکێکە لەو بوارانەی بووەتە موڵکی پیاوان، بە تایبەت لە کۆمەڵگای کوردیدا، هەرکاتێک ژنێک بیەوێت ببێتە وەرزشوان، پەنجەی بۆ درێژەدەکرێت و پێی دەوترێت کە وەرزش کاری ئەو نییە، دکتۆر شنە ضاهر، یاریدەدەری ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانی، ئەو هۆکارانە ڕوون دەکاتەوە کە وای لە ژنان کردووە کەمتر بچنە بواری وەرزشییەوە.

"ئاشنابوونی ژنان بە وەرزش بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو باشتر بووە"

دکتۆر شنە ئاماژە بەوە دەکات، لە ئێستادا ژنان زیاتر بەشداری وەرزش دەکەن بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەڵام شتێک هەیە بە ناوی پەروەردەی وەرزش کە لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە، هەروەها باس لەوە دەکات ساڵانی ڕابردوو بەهۆی کەمی ژنان لەناو وەرزشدا ژنان هەموو جۆرە وەرزشێکیان دەکرد، نەیاندەتوانی خۆیان لە بەشێکیدا پێشبخەن، یاخود پەرە بە خۆیان بدەن بەڵام لە ئێستادا بەهۆی باشتربوونی ڕێژەی بەشداری کردنیان دەتوانن لە یەک وەرزشدا یاری بکەن و پەرە بە خۆیان بدەن.

 

بەپێی قسەی ئەو یاریدەدەرە ژنان زیاتر بەشداری ئەو یاریانە دەکەن کەبە شێوەی گروپ ئەنجام دەدرێت کەمتر بەشداری یارییە تاکەکانی وەک کاراتی، کۆنفۆ و لەشجوانی دەکەن.

 

"بە پێی یاسای وەزارەت، دەبێت ئیدارەی هەموو یانەیەک ئەندامێکی ژن بێت، بەڵام پەیڕەو ناکرێت"

بەپێی یاسایەک لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، پێویستە ئیدارەی هەموو یانەیەک ئەندامێکی ژن بێت، بەڵام بەشێکی کەمی ئیدارەکان ژنیان تێدایە، دکتۆر شنە دەڵێت: "بە بڕوای من هەبوونی یەک ئەندامی ژن بۆ یانەیەک کەمە، چونکە هێندەی وەرزشوانە ژنەکان ئاستیان باشە لەسەر ئاستی عێراق، ئاستی کوڕان باش نییە، بۆیە بەشی زۆریان بۆ ئەنجامدانی یاری دەچنە دەرەوە و پێویستیشە ژنان لەناو ئیدارەی یانەکاندا زیاتر بێت لە یەک ئەندام".

 

ڕۆژانە دەرچووانی کۆلێژی وەرزش زیاد دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی دانامەزرێن، بگرە لەناو یانەکانیشدا بەشداریان پێناکەن، لەکاتێکدا دەتوانن ببنە ڕاهێنەر و ناوبژیوان، هۆکارەکەشی بۆ پشتگوێ خستنی حکومەت و نەبوونی سیستمێکی ڕاستی وەرزشییە.

 

نەبوونی ئەندامی ژنان لەناو یانەکاندا وای کردووە خێزانەکان ڕێگری بکەن لە بەشداریکردنی کچەکانیان بۆ ناو وەرزش و یانەکان، چونکە ڕۆژانە گوێبیست دەبن لەلایەن ڕاهێنەرە پیاوەکان و بەشێک لە ئیدارەی یانەکان توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، هەر بۆیە خێزانەکان هاوڕانین لەگەڵ ناردنی منداڵەکانیان بۆ ناو وەرزش.

 

پەروەردەی نا دروست، وای کردووە پیاوان خاوەندارێتی وەرزش بکەن

لەبارەیەوە یاریدەدەری ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، ئاماژەی بەوەدا لە مێژووەوە وا هاتووە وەرزش بە گشتی و یاری تۆپی پێ بە تایبەتی بۆ پیاوان بێت، چونکە پیاوان خۆیان بە بەهێزتر دەزانن بۆیە پێیان وایە یاریەکە تایبەت بەوان.

 

وتیشی: "ژنان بە لاواز سەیر دەکرێن بۆیە کەمتر دەرفەتیان بۆ گونجاوە بۆ ئەنجامدانی یاری تۆپی پێ، ئەم لاواز سەیرکردنەش دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی خێزانی کەلە منداڵیەوە تۆپێک دەدرێتە دەست کوڕەکە و ناهێڵدرێت کچان یاری پێبکەن، کەواتە ناڕاستی لە پەروەردەی خێزان کۆمەڵگا بەروەو ئاکارێکی خراپ دەبات، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ژنانیش وردە وردە بەشداری یاری تۆپی پێیان کردووە و پاڵەوانیەتی ئەنجام دراوە بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە.

 

"کۆمەڵگای کوردی بە چەق بەستووی ماوەتەوە"

شنە ضاهر، باسی لەوەکرد کۆمەڵگای کوردی بە چەقبەستووی ماوەتەوە، بە پێویستی دەزانێت لایەنە ئەکادیمیەکان داڕشتنی باش بکەن بۆ ڕێکخستنەوەی سیستمی ورزشوانی و کردنەوەی خوول بۆ فێرکردن و بەرەو پێشچوونی وەرزشوانەکان بکرێنە وەرزشوانی پێگەیشتوو، هەروەها هەوڵ بدرێت لەلایەنە کۆمەڵایەتییەکەیەوە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە تا کۆمەڵگا چیدیکە چەق بەستوو نەبێت.

 

"وەرزش وەک بوارێکی تایبەت سەیرناکرێت بەڵکو تەنها بە یاریکردن ناسێنراوە"

سەبارەت بەو بوونی وەرزش لەناو کۆمەڵگای کوردی بە تایبەت بۆ ژنان شنە ضاهر وتی: دەتوانرێت بە شێوەیەک پەرەبدرێت بە وەرزش کە لە لایەنی ئابوری وڵاتەوە سودی لێوەربگیرێت، خێزانەکان چیدیکە ڕێگر نەبن لە بەشداریکردنی منداڵەکانیان لە وەرزش، هەرکەسێک خولیای وەرزشی هەبوو دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن و پێشیان بخەن.

 

ئەوەشی خستە ڕوو کۆمەڵگای ئێمە تا ئێستا قبوڵی پۆشاکێکی وەرزشی نییە چ بگات بە وەرزش، ئەگەر ژنێک بە جلێکی وەرزشی ببینرێت لە دەرەوەی یاریگا کۆمەڵێک قسە و باس دروست دەکرێت لە پشتیەوە.

 

بۆ باشتر کردنی دۆخی ژنان، لە بواری وەرزشی دا چی بکرێت باشە؟

شنە ضاهر، مامۆستای زانکۆ، باشترین ڕێگەچارە بە هەبوونی سستمێکی پەروەردەیی دادەنێت کە لە هەرێمی کوردستان پشتگوێ خراوە، دەشڵێت "پێویستە فیستیڤاڵ بکرێت بۆ منداڵەکان لە منداڵیەوە، کوڕ و کچ بە یەکسانی یاری بکەن تا هەست بکەن هەردووکیان بە توناکانیان دەتوانن وەرزش بکەن".

هەروەها پێی باشە ئەم فیستیڤاڵانە پەلبکێشنە ناو قۆناغەکانی ناوەندیەوە، چونکە ئەگەر تێکەڵ یەک نەکرێت لە نێوان کوڕان و کچان هەمیشە جیاوازی دروستدەبێت و هەلی زیاتر بۆ کوڕان دەڕەخسێنرێت.

 

ت.پ