ژنێکی گەنج هەوڵدەدات بۆ گەیشتن بە شاخی ئێڤەرێست

سەجا وەک گەنجێک، لە منداڵییەوە وەرزش ئەنجام دەدات و هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە گەیشتنە بە شاخی ئێڤەرێست، پێیوایە لە ژیاندا بەربەستێک بوونی نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

گەنجێکی قودسی بە ناوی سەجا ئەبو عیشە، لە خولیای بۆ وەرزشدا بڕیاریدا لە ٣٠ ساڵەی یادی لەدایکبوونیدا بە شێوازێکی جیاواز ئاهەنگ بگێڕێت، بۆیە ڕیاری دا لە بەرەبەیانی ٣٠ ساڵیدا بە جلوبەرگێکی وەرزشییەوە ٣٠ کیلۆمەتر لە ماڵەکەی خۆیەوە لە شارۆچکەی بەیت حنین لە قودس، ڕابکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پێیەکانییەوە دیمەن و گەڕەکی شارەکەی ببینێت.

 

ئەو ژنە بە دوو شێواز خۆی ناساندووە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، بەوەی کە وەرزشوانێکی بەهێزە و توانیویەتی بەسەر چوار شاخدا وەک وەرزشوانێک سەربکەوێت لەوانە "کیلیمانجارۆ، ئارارات، کۆتۆپاکسی، و ئێلبروس، هەروەها وەک گەنجێک حەزی بە گەشتە، تەواوی ئاڵای ئەو وڵاتانەی لە هەژماری تایبەتی خۆی داناوە کە سەردانی کردووە تا ئێستا نزیکەی ١٠ وڵاتە.

 

سەجا، ئەندازیاری میکانیکی خوێندووە، لە ئێستادا سەرقاڵی خوێندنی ئەندازیاری کۆمپیوتەرە، هەرچەندە بەردەوام سەرقاڵی خوێندنە، بەڵام گرنگی بە وەرزشیش دەدات بە تایبەت شاخەوانی، پاسکیلسواری و مەلەکردن.

 

کلیمانجارۆ لە ئەفریقا، یەکەم شاخ بوو کە سەجا تونای لە ساڵی ٢٠١٨ گەشتە لوتکە، دواتر بەناوبانگترین زنجیرە چیای بڕی بە بەناوی ئارارات-ئاگری کە لە تورکیاوە بە باکوری کوردستاندا تا ئەرمینیا درێژ دەبێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ شاخی ئەلبورسی بڕی کە بەرزترین لوتکەی شاخەکانی ڕووسیایە، پاشان ساڵی ٢٠٢١ بەسەر کۆتۆپاکس کە دووەم بەرزترین لوتکەیە لە ئیکوادۆر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دەشڵێت "هەموو ئامانجم ئەوەیە بگەم بە ئێڤەرێست".

 

لە تەمەنێکی منداڵییەوە دەستی کردووە بە وەرزش

سەجا لە تەمەنێکی بچوکەوە دەستی کردووە بە ئەنجامدانی وەرزش، مەلەکردن یەکەم وەرزش بووە کە لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەستیپێکردووە، دواتر بۆ ماوەی نۆ ساڵ وەرزشی کاراتی ئەنجامداوە و تا ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام بووە، هەروەها یۆگای ئەنجامداوە لەو ماوەیەشدا و لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕاکردنی سۆڵۆی کردووە.

 

دەڵێت: "هەمیشە تێگەیشتووم لەوەی بەربەستێک نییە بتوانێت ڕێگریم لێبکات، ئەگەر بەربەستێک هەبێت دەروونی خۆمان دروستیدەکات، هەر کارێکیش هەبێت جەستە دەتوانێت ئەنجامی بدات بۆیە بۆ ئامانجەکانم بەڕێکەوتنم".

 

"تامەزرۆم بگەم بە شاخی ئێڤەرێست"

ئامانجەکانی سەجا تەنها لە وەرزشی ڕاکردندا کۆنەبۆتەوە، بەڵکو لە ماوەی چوار ساڵدا توانیویەتی بەسەر چوار شاخی بەرزدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، هەموو ئامانجی ئەوەیە بگات بە لوتکەی ئێڤەرێست و مێراپی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

 

دەربارەی شاخەوانی ئاماژەی بەوەکرد، وەرزشێکی مەترسیدار و قورسە، بەڵام چێژێکی تایبەتی پێدەبەخشێت، یەکێکە لەو وەرزشانەی پێویستی بە ئیرادە و ئارامگرتن هەیە، سەجا لەلایەن خێزانەکەیەوە بە گشتی و دایکی بەتایبەت پشتیوانی دەکرێت، باسی لەوەشکرد هەرچەندە وەرزش گرنگە، بەڵام پێویستە هۆشیارانە ئەنجام بدرێت، بە جۆرێک کار نەکاتە سەر تەندروستی، "لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوەی ساڵێک وەرزشەکانم ڕاگرت".

 

سەجا چەندین جار لە کاتی ئەنجامدانی وەرزش ڕووبەڕووی پێکان بووەتەوە، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەر دووبارە دەستیپێکردووەتەوە و نەوەستاوە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی، چونکە پێیوایە مرۆڤ بۆ ئەوە دروستبووە هەوڵ بدات بۆ ئەوەی لە ژیانیدا بە زۆرترین شت بگات و خولیاکانی پێشبخات.

 

سەرچاوە: جزیرە نێت