مەسیحییەکان بەهۆی داگیرکاری و تۆپبارانەکانەوە لە زێدی خۆیان کۆچیان کردووە

داگیرکاری و بۆردوومانی ناوچەجیاوازەکانی باشووری کوردستان کاریگەری کردووەتە سەر ئارامی هاوڵاتییەکانی، گوندی هەرمۆتە بەهۆی بۆردوومانەکانی ڕژێمی ئێران دۆخی ئاساییان تێکچووە و دانیشتوانەکەی هەست بە ئارامی ناکەن.

شنیار بایز

 

کۆیە- گوندی هەرمۆتە لە شاری کۆیە، یەکێکە لە گوندە کۆنەکانی کوردستان، لە سەرەتادا ئەم گوندە شار بووە و مەسیحییەکانی تێدا ژیاون، خاوەن مێژوویەکی دێرینە و بەهۆی ناوچەکەیەوە بەردەوام بووەتە شوێنێ هێرشی مەغۆل و تەتەرەکان و وێرانکاری ناوچەکە، شارەکەی کردووەتەوە بە گوند.

 

ئەم گوندە لە مێژووەوە تا ئێستا لە هێرش و بۆردوومانەکانی داگیرکەران بێبەش نەبووە، لە ئێستاشدا بەهۆی بوونی قەڵای دیموکرات لە نزیک ئەو گوندە کە دووریەکەی تەنها ٢٠٠ کیلۆمەترە، ڕژێمی ئێران لە مانگی ئەیلولدا بۆردوومانی کرد، لە ئێستاشدا بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دانیشتوانەکەی گیانیان لە مەترسیدایە و هەندێکیان ناوچەکەیان جێهێشتووە و ڕوویان لە شەقڵاوە، عەنکاوە و کۆیە کردووە.

 

لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر تا سنوری ئێران هەرمۆتە تاکە گوندە کە مەسیحی تێدابێت، هۆکاری مانەوەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەمیشە بڕوایان بە ئاشتی و پێکەوەژیان هەبووە، ڕیاز عەزیز، ئەنجومەنی گوندی هەرمۆتەیە و ئاماژەی بەوەکرد، لە بۆردوومانەکانی ڕژێمی ئێراندا زۆر ژن و منداڵ هەن تا ئێستا دۆخیان نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسای خۆیان و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدان.

 

نزیکەی ١١٠ ماڵی مەسیحی و ٢٣ ماڵی ئیسلامی تێدایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی بەر لە تۆپبارانەکەی ڕژێمی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبی دیموکرات بریتیبوو لە ٤٢٨ مەسیحی و ١٤٨ ئیسلامی، بەڵام لە ئێستادا بریتین لە ٣٨٠ مەسیحی و چەند ماڵێکی ئیسلامی تێدایە.

 

"هێرشەکانی ڕژێمی بەعس و ئێران لە مێژووەوە ژیانی تێکداوین"

شلێر سولاق، دانیشتووی گوندی هەرمۆتەیە، ئاماژەی بەوەدا لە مێژە لەو گوندە دەژی و هەر لەوێ لەدایکبووە و ژیانی بردووەتە سەر، دواتر بەهۆی دۆخی گوندی هەرمۆتەوە کە بەردەوام بۆردوومان و هێرشەکانی لەسەر بووە، لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا گوندەکەیان جێهێشتووە و ڕوویانکردووەتە شاری بەغداد و لەوێ ژیانیان بەسەر دەبرد.

 

بەهۆی ڕەوشی ئەو سەردەمەی شاری بەغدادەوە، دوای ١٢ ساڵ ژیان لەو شارە ڕوویانکردەوە گوندی هەرمۆتە، وتیشت "حکومەتی بەعس و سەدام حسێن بە بەرچاوی هاوڵاتیانەوە خەڵکیان دەکوشت، بۆیە نەمانتوانی لەوێ بەردەوامی بە ژیان بدەین"، ئەوەشی ڕوونکردەوە کە ئەوان لە هەر جێگەیەک بن تۆپباران و بۆردوومان هەیە، هەر لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەهەمان شێوە تۆپبارانەکانی ڕژێمی ئێران بۆسەر قەڵای دیموکرات کە نزیکەی ٢٠٠ مەتر لە گوندەکەوە دوورە، دانیشتوانی گوندەکەی هەراسانکردووە.
        

"ئێمەی مەسیحی هەمیشە پەیامی ژیانمان ئاشتییە"

شلێر باسی لەوەشکرد، لە مانگی ئەیلولەوە گوندەکەیان بەهۆی بۆردوومانەکانەوە جێهێشتووە و ڕوویانکردووەتە کۆیە و عەنکاوە، وتیشی: بژێوی ژیانی ئێمە لەسەر کشتوکاڵ کردنە، بەڵام لە ترسی بۆردوومان ئەمساڵ نەمانتوانی کشتوکاڵیش بکەین.

 

لە کۆتایدا وتیشی: دانیشتوانی گوندەکە کە بەشی زۆریان مەسیحین، پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانیان هەیە و نایانەوێت بۆردوومان و هێرش لە ناوچەکەیاندا هەبێت، بەڵام هێرشەکانی سەر ناوچەکەیان وایکردووە ناوچەکەیان جێبێڵن و تەنها بۆ جەژنی خۆیان بگەڕێنەوە و وەک ساڵانی ڕابردوو خۆیانی بۆ ئامادە نەکەن.

 

"لە ترسی تۆپبارانەکان خەومان لێناکەوێت"

باسیمە عیسا، یەکێکی دیکەیە لە دانیشتووانە مەسیحییەکانی گوندی هەرمۆتە، دەربارەی ڕەوشی ژیانیان و بوونی تۆپبارانەکانی ناوچەکەیان باسی لەوەکرد، نەک تەنها خۆی، بەڵکو دایک و باوکیشی لە هەرمۆتە لەدایکبووە، وەک باسی لێوە دەکات لە مێژوودا هێرش و تۆپباران زۆر بووە لەو ناوچەیەدا، دواتر ڕەوشەکە باشتر بووە بەڵام دووبارە لە ئێستادا بەهۆی تۆپبارانەکانی ڕژێمی ئێرانەوە هەرمۆتە کەوتووەتە دۆخێکی خراپەوە.

 

وتی: بەجۆرێک دۆخمان خراپبوو، هەموومان ناوچەکەمان جێهێشتوو لە شاری کۆیە دەژیاین، بەو هیوایەی دۆخەکە هێمن بێتەوە، ئێستاش کە بۆ جەژن گەڕاوینەتەوە، خەومان نەماوە لە ترسی تۆپباران و بۆردوومانەکان، لە هەر بۆردوومانێکدا پەنجەرەی ماڵەکەمان شکاوە، وەک دانیشتوان و ژنانی هەرمۆتەش دڵمان ژان دەکات بۆ چۆڵکردنی گوندەکە.

 

باشووری کوردستان شوێنی ئامانجی داگیرکاران بووە

جێی ئاماژەیە باشووری کوردستان هەمیشە شوێنی ململانێی داگیرکاران بووە، ڕژێمی بەعس لەکاتی داگیرکارییەکانیدا زیاتر لە ٤٠٠٠ گوندی وێران و تاڵانکرد، لە ناوچەی بادینان سەرجەمی گوندە وێرانکراوەکانی شاڵاوی ئەنفال کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کرا، نزیکەی "٤٥٠" گوند بوو، ئێستاش بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر ئەو گوندانەی دەکەونە ناوچە سنورییەکانی نێوان باشوور و باکووری کوردستانەوە، دانیشتوانەکەی لە ترسو دڵەڕاوکێدان، ژمارەیەکی زۆریشیان شەهید و بریندار بوون،  هەربۆیە گوندنشینەکان ناچاربوون شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن و گەندەکانیان چۆڵ بکەن.

 

بە نزیکەی ٥٠٠ گوندی بادینان لە باشووری کوردستان بەهۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاوە چۆڵکراون، کە بەشێکی وێران بوون، لەوانەش زیاتر لە ٥٠ گوندی زاخۆ لەلایەن هاوڵاتیانەوە چۆڵکران و بوونەتە ناوچەی سەربازیی، لە شارەدێی دەرکار ١٤ گوند و ناوچە چۆڵکران، لە باتیفا زیاتر لە ٤٠ گوند و ناوچە چۆڵکران.

 

لەلایەن ئێرانیشەوە هێرش و داگیرکارییەکان بەردەوامە و لە مانگی ئەیلول و دوای شۆڕشی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان، بۆردومانی سەر کامپی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە کۆیە و ڕزگوێز و پردێ دەستیپێکرد و چەندین کەس شەهید و بریندار بوون و زیانی ژینگەیی و ماددی بە ناوچەکەش گەیاند.