دۆخی ژنانی عەرەب دوای بەهاری گەلان

ژنان لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ڕاپەڕینەکانی بەهاری گەلانی ساڵی ٢٠١١ ڕاپەڕین و داوای مافەکانیان کرد، دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک وەستانەوە و لە دە ساڵی ڕابردوودا دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێنا.

ڕەفیف سەلیم

 

غەزە- ئەو ڕاپەڕینانەی ژنان کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەرپابوون، ڕووبەڕووی چەندین هێرش بووەوە تا ئیرادە و دەستکەوتەکانیان بشکێنرێت، مافی ژنانی تونس و نوێنەرایەتیکردنیان لە پەرلەمان کەمبووەوە، ژمارەیەکی کەم لە ژنانی لوبنانی کاندیدی هەڵبژاردنەکان بوون، هەروەها بارودۆخی ژنانی فەلەستینی و هێرش بۆ سەر ژنان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" گۆڕی بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشی ژنان.

 

دونیا ئیسماعیل، توێژەر و بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی داهێنەر لە غەزە، باسی لە تێکۆشانی ژنان دوای ساڵی ٢٠٢١ کرد و وتی: ڕاپەڕینی گەلان گۆڕانکاری گەورەی لە دۆخی ژنانی میسر دروستکرد و بوونی خۆیان دووپاتکردەوە، ژنانی ئوردن هەندێک گۆڕانکارییان لە یاساکاندا کرد و شۆڕشی فیکری و هۆشیاری لەلایەن ژنانی فەلەستینی ئەنجامدرا، چونکە ئەوان بەشێکن لە کۆمەڵگەی عەرەبی و پەیوەندییان بە پرسەکانی دراوسێوە هەبوو، ژنانی فەلەستین سوودیان لە گۆڕانکارییەکان و بیرۆکەی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا وەرگرت و تۆڕی پەیوەندی نێوان خۆیان و ئوردن و میسریان دروستکرد.

 

دەستکەوتەکانی ژنانی فەلەستینی

دونیا ئیسماعیل ڕایگەیاند، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان دەرفەتێکە بۆ ژنانی فەلەستینی بۆ پێشخستنی خەباتی ڕزگاریخوازی فەلەستین، داوایانکرد کە سیستمی کۆتای ژنان و نوێنەرایەتی سیاسی زیادبکرێت بۆئەوەی ڕۆڵیان هەبێت لە دانوستانەکانی ئاشتەوایی فەلەستین، کە چەندین ساڵ بوو ژنی تێدا نەبوو، وتیشی: ژنانی فەلەستینی ئێستا دەتوانن بابەتی نوێ بخەنەڕوو، وەک دادپەروەری ژینگەیی، کەرتی ئاو، جوڵەی ئازاد و ئاوەدانکردنەوەی ناسنامەی ژنانی فەلەستینی لە چوارچێوەیەکی نەتەوەیی عەرەبیدا، بەم شێوەیە دەتوانن لە دژی بیرۆکە دواکەوتووەکان و ئایدۆلۆژیا سیاسییەکان بوەستن کە ڕۆڵی ژنان سنووردار دەکەن.

 

دوای ڕاپەڕین، هێرش بۆ سەر ژنان دەستیپێکرد

دونیا ئیسماعیل ئاماژەی بە هێرشەکانی دژی دەستکەوتەکانی ژنان کرد لەگەڵ ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لە ڕێگەی ڕاپەڕینی جەماوەرییەوە بەدەستیان هێناوە، "تونس لە ڕووی یاسا و مافی ژنانەوە پێشکەوتووترین نموونە بوو، سەرەڕای ململانێی ئەو وڵاتە لە نێوان پارتە دیموکراسییە عەلمانییەکان و ڕادیکاڵەکان و هەوڵدان بۆ شکاندنی ژنان، بەڵام دەیانتوانی یاسای دادپەروەرانە بسەپێنن، ژنانی تونس دەتوانن مەرجی خۆیان دابنێن و بۆچوونەکانیان بەسەر داهاتوو و بیرۆکەکانی بوون لە هەر ڕێکخراوێکدا بسەپێنن، ژنان هەمان داواکاری و جیاوازیان هەبوو، ئەو لایەنانە لەسەر مافە سەرەتاییەکانی ژنان کۆک بوون و زۆر شتیان بەدەستهێنا، بەڵام بارودۆخی سیاسی وڵات بە گشتی لەدوای خۆی مایەوە.

 

ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵات و ئێران

سەبارەت بە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکرد، دونیا ئیسماعیل وتی: هەواڵی کوشتنی ژینا ئەمینی وەک هەورەبروسکە بوو، مردنەکەی ژیانی بە زۆرێک لە ژنان بەخشی، لە ماوەی ڕۆژێک و شەوێکدا ژینا بوو بە قوربانی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی، یەکەمین شۆڕشەکانی ژنان لە ئێران دەستیپێکرد، چەندین تێزی فیکری لەسەر خەبات و کاری ئەو ژنانە تۆمارکران، ژنان باجێکی زۆر گرانیان دا بۆ ئەوەی بتوانن بۆچوونەکانیان بگۆڕن، بەڵام بەردەوامن لە کارەکانیان و نموونە و مێژووی بەهێز دروست دەکەن.