"هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەبێتە هۆی ئەوەی کۆچبەران لەژێر هەڕەشەدا بن"

ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە، سەبارەت بە دۆخی کۆچبەران ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەتە هەژموونییەکان ژیان و چارەنووسی کۆچبەران بە بازاڕ دەکەن و خۆیان هۆکاری سەرەکی ئەو کۆچبەرانەن.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە شەڕ و ناکۆکی و ئاڵۆزیی تێدا سەرهەڵدەدا، بارودۆخی وەک قڕکردن و توندوتیژی زیادبوونی کۆچبەران لە پەرەسەندندان، ئەم دۆخە لە سوریا زۆر باوە و لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جیاوازە، چونکە لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکەوە بەڕێوەدەبرێت، لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەی کۆچبەران بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک سەرێکانی، گرێ سپی و عەفرین زیادیکردووە و بەو هۆیەوە خەڵکی ئاوارەی هەرێمەکە بوون و بەدوای شوێنی پارێزراودا دەگەڕێن، ئەو کۆچبەرانەی لە هەرێمەکە نیشتەجێ بوون لە دۆخێکی سەختی ژیاندا دەژین، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دۆخی کۆچبەران پشتگوێ دەخەن و دەرگاکانی یارمەتی دادەخەن.

 

کامپی کۆچبەران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

هەرێمی جزیرە

بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە، ژمارەی کامپەکانی پەنابەران و ئەو خێزانانەی لە کامپەکاندا دەژین بەم شێوەیەیە، لە ناوچەی جزیرە ٦ کامپی پەنابەران هەن، چواریان بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و داگیرکردنی ناوچەکانیانەوە کۆچیان کردووە و دوو کامپی خێزانەکانی داعشن.

 

کامپی پەنابەرانی واشۆکانی سەر بە سەرێکانییە و ژمارەی خێزانە کۆچبەرەکان دەگاتە دوو هەزار و ٣٤٧ خێزان، ئاوارەکانی کامپی سەرێکانی (کامپی تەلایح) کپچبەرانی سەرێکانی تێیدا دەژین و ژمارەی خێزانە کۆچبەرەکان دەگاتە دوو هەزار و ٣٤٩ کەس.

 

کامپی نەورۆز ئاوارەکانی سەرێکانی و گری سپی تێیدا نیشتەجێن و ژمارەی خێزانەکانیش دەگاتە یەک هەزار و ١٣ خێزان، کامپی ئەریشا کۆچبەرانی دێرەزۆر و گوندنشینەکانی تێدایە و ژمارەی خێزانەکانیش دوو هەزار ٨٤٥ کەسن.

 

کامپی هۆل خێزانەکانی داعش و هەروەها چەند خێزانێکی عێراقی تێیدا دەمێننەوە، کە ژمارەیان گەیشتووەتە ١٥ هەزار و ٢٠٥ خێزان، هەروەها کامپی ڕۆژ خێزانەکانی چەتەکانی داعشی تیدایە و ژمارەیان دەگاتە ٨٠٦ خێزان.

 

لە هەرێمی فورات کامپی تل سەمین هەیە، خەڵکی گرێ سپی و گوندنشینەکانی تیدا دەمێننەوە و ژمارەی خێزانەکانیش دەگاتە، هەزار و ٢٤٦ خێزان.

 

کامپەکانی ڕەقە و دێرەزۆر و تەبقا و مەنبەج

کامپی مەحمودلی کۆچبەرانی ناوچەکانی وەک دێرەزۆر، سەلامیە، باب و گوندنشینانی حەلەب و گوندی تل تەمری تێدا نیشتەجێیە، دانیشتوانەکەی گەیشتووەتە یەک هەزار و ٧٥٠ خێزان.

 

 کامپی تەواهینی بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەرانی گوندەکانی حەما و دێرەزۆر و کۆچبەرانی دیکەی شارەکانی سوریا دامەزرا و ژمارەی کۆچبەران ئێستا دەگاتە  ٥٨٥ خێزان.

 

 کامپی کۆنی مەنبەج و کامپی نوێی مەنبەج کۆچبەرانی ئیدلب و گوندنشینەکانی تێدا نیشتەجێن و ژمارەی خێزانەکانیان یەک هەزار و ٧٩ خێزانە، کامپی ئەبو خەشابیش هەر کۆچبەرانی دیرەزۆری تێدایە و ژمارەیان دەگاتە دوو هەزار خێزان.

 

کامپەکانی عەفرین

کامپەکانی عەفرین ماڵی کۆچبەرانی عەفرین و شێخ مەقسود و گوندنشینانی حەلەبن، کامپی بەرخۆدان ٦٧٧ خێزان، کامپی سەردەم ٧٦٣  خێزان، کامپی شەهبا ١٠٣ خێزان کامپی ئاڤرین ١١٤ خێزانی ، کامپی ڤەگەڕ ١٠٣ خێزانیان تێدایە.

 

"دەوڵەتانی هەژموونی بازاڕ لەسەر ژیان و چارەنووسی کۆچبەران دەکەنەوە"

ئەڤین جومعە، بەڕێوبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە، باسی لە دۆخی کۆچبەران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و وتی: چەندین سیاسەت و پلانی پیس لەسەر پرسی کۆچبەران پەیڕەو دەکرێت، دەوڵەتە هەژموونییەکان بازاڕ لەسەر ژیان و چارەنووسی کۆچبەران دەکەن و خۆیان هۆکاری سەرەکی ئەو کۆچەن، هەرچەندە لە هاوپەیمانەکانیاندا ئەوەندە دیموکراسیانە خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام لە پراکتیکی ئەو هاوپەیمانیەدا لە پشتەوەن، دوای ئەوەی کە هێرشکردن و داگیرکاری مرۆڤ کۆچبەر دەکات لەسەر ژیانیان هاوپەیمانی دروستدەکەن، ئەو کۆچبەرانەی کە لە کامپەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەژین، ئێستا ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبنەوە، لە پێداویستی ژیانەوە ا ڕەوشی دەروونی و نەخۆشی و دەرچوون لە شوێنەکانیان، هەموو ئەمانە ترسێکی گەورە دروستدەکات، بەدەر لەو هەڕەشە و هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هەرێمەکە، کاریگەرییان لەسەر کۆچبەران دەبێت و وادەکات بیر لە کۆچێکی نوێ بکەنەوە. کەیسی کۆچبەران دۆسیەیەکی مرۆییە و پێویستە هەموو مرۆڤایەتی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی بۆ کۆچبەران هەبێت".

 

"گەمارۆدانی هەرێم ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە سەختی کۆچبەراندا"

ئەڤین جومعە، تیشکی خستە سەر دۆخی ئەو ناوچانەی کە دۆخی کۆچبەران تێیدا دژوارتر بووە و وتی: ئێستا لە ناوچەکانی وەک حەلەب و تل ڕەفعەت و شەهبا دۆخێکی زۆر مەترسیدار هەیە کە زۆربەیان ئاوارەی عەفرینن، دەروازە سنوورییەکانی هاوکارییەکان داخراون و ڕژێمی سوریا سیاسەتی کۆمەڵکوژی دژی کۆچبەرانی ئەو ناوچانە پەیڕەو دەکات، بینیمان چۆن منداڵەکان لە سەرما گیانیان لەدەستداوە بەهۆی ڕێگەنەدانی ڕژێم بۆ ناردنی یارمەتی وەک سوتەمەنی و گاز بۆ زستان، لەلایەکی ترەوە ڕێگەنادەن هاوکاری تەندروستی و دەرمان بۆ نەخۆشەکان بنێردرێن، گەمارۆی سەر هەرێم کاریگەری لەسەر سەختی ژیان هەیە و نەبوونی هاوکارییە مرۆییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە بارگرانی ئیدارەی هەرێم لە دابینکردنی ژیانێکی باش بۆ کۆچبەران توند بێت، لە ئێستادا ژمارەی کۆچبەران زیاتر لە ٥٠٠ هەزار خێزانە و هیچ هاوکارییەک لە دەرەوە دابین نەکراوە، بڕیارەکانی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی پاراستنی کۆچبەران جێبەجێناکرێت و تەنها بڕیاردرا دەرگای باب ئەلحەوا بۆ ماوەی ٦ مانگ بکرێتەوە و لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دایە، ئەو هاوکارییانەی لەو دەرگایەوە تێدەپەڕن ناگاتە کۆچبەران، بەڵکو لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، گەیشتن بەم یارمەتییانە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ هەرێمەکانمان زەحمەتە.

 

"هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک هەڕەشە لە ژیانی کۆچبەران دەکات"

ئەڤین جومعە، تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە بووەتە ڕێگر لەبەردەم دابینکردنی بژێوی ژیانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، چونکە ئەو دەوڵەتە ناوەندەکانی نەوت و گاز و کارەبا و وێستگەی گەنمی کردە ئامانج، ئەم هێرشانە بووە هۆی ئەوەی کە بارودۆخی ئابووری هەرێم بچێتە دواوە، وتیشی: دەوڵەتانی نێودەوڵەتی لە هەرێمەکەمان وەک هێزی گرەنتی جێگیر بوون و بە چاوی خۆیان دۆخی ئێستا دەبینن، ئەوان هیچ کارێک ناکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستا، تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان کاردەکەن، هەروەها پێویستە پارێزگاری نێودەوڵەتی بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی لە هەرێمەکە بپارێزرێت.