"دەبێت هاواری منداڵانی سەرێکانی ببیسترێت"

زەهرا سەمۆ، ئەندامی نووسینگەی ژنان و منداڵان لە کۆمیتەی کۆچبەری سەرێکانی ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی دامەزراندنی کۆمیتەکە بۆ دۆکۆمێنتکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە دژی خەڵکی سەرێکانی.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لەگەڵ داگیرکردنی شاری سەرێکانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانیەوە، تاوان لە دژی شارەکە و خەڵکەکەی ئەنجامدرا، هەراسانکردن و کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجە لە دژی ژنان و منداڵان و تاڵانکردن و وێرانکردنی شوێنە پیرۆزەکان و موڵکی خەڵکی سەرێکانی ئەنجامدرا، لە هەمان کاتدا، یەک ملیۆن کەس لە سەرێکانی لەسەر ڕەنجی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە جێگیر کراون.

 

بە ئامانجی بەڵگەکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١، کۆمیتەی کۆچبەری سەرێکانی بە دروشمی "ئێمە بمێنین و بگەڕێینەوە" دامەزرا، ئەم لیژنەیە لە ٣٥ کۆچبەری سەرێکانی پێکهاتووە، چوار نووسینگەی ژنان و منداڵان و توێژینەوە و پەیوەندییەکان و خزمەتگوزاری لە کۆمیتەکەدا چالاککران.

 

 زەهرا سەمۆ، ئەندامی نووسینگەی ژنان و منداڵان لە لیژنەی کۆچبەری سەرێکانی، دەربارەی دۆخی ناوچەکە وتی: ئەو کەسانەی داوای ئازادی و دۆزی خۆیان دەکەن هەمیشە هێرشیان دەکرێتە سەر، سەرێکانی یەکەم جار نەبوو کە هێرشی کرایە سەر، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە هێرشی کرایە سەر، بەڵام ئامانجەکەیان بەدی نەهات و لە ساڵی ٢٠١٩ دەوڵەتی تورکیا خۆی هێرشی کرد، بە چەکی قەدەغەکراو و فڕۆکەوە، بەڵام بەداخەوە بێدەنگی هەبوو، بەدوایدا ڕێککەوتنێک لەسەر تاڵانکردن، وێرانکاری، کۆمەڵکوژی، کۆچ و گۆڕانی دیمۆگرافی کرا، داگیرکردنی سەرێکانی درێژەپێدەرێکە لە پلانەکان بۆ دابەشکردنی هاوپەیمانی سایکس پیکۆ و لۆزان.

 

"ئێمە دەنگی هاوار و داوای هاوکاری کۆچبەران ڕادەگەیەنین"

زەهرا سەمۆ، ئەندامی نووسینگەی ژنان و منداڵان لە کۆمیتەی کۆچبەری سەرێکانی ڕایگەیاند، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دامەزراندنی کۆمیتەکە چاودێریکردنی بارودۆخی کۆچبەرانی سەرێکانییە لە ناوچە داگیرکراوەکان و وتی: دوای داگیرکردنی سەرێکانی، ئێمە پێکهێنانی کۆمیەتەیەکمان بە پێویست بینی بۆ ڕاگەیاندنی تاوان دژی شارەکان و خەڵکی سەرێکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە،  لەبەر ئەوەی هەموو تاوانە نامرۆڤانەکان لە هێرشەکانی سەر سەرێکانی ئەنجام دراون، بێدەنگی هەیە و ئێمە دەمانەوێت ئەو ڕاستییە دۆکۆمێنت بکەین کە ڕوودەدات، ئازار و هەراسانکردنی ژنان و کۆمەڵکوژییەکەیان بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک بۆ بێدەنگی نەبێت، لە لایەکی ترەوە، ئێمە دەنگی کۆچبەران دەگەیەنین لە سەختترین بارودۆخدا.

 

"ژنان و منداڵان ئەو کەسانەن کە زۆرترین ئازار دەچێژن لە جەنگەکاندا"

زەهرا سەمۆ تیشکی خستە سەر هێز و بارگرانی سەر شانی ژنانی کۆچبەر و وتی: ژنان و منداڵان لە هەموو هێرش و داگیرکارییەکدا زۆرترین ئازار دەچێژن، ژنان لە سەختترین دۆخدا ژیان دروست دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان بەرگرییەکی گەورە دەکەن بۆ گەڕانەوەی ماڵ و شارۆچکەکەیان و ئەم بارگرانییە قورسەیان خستە سەر شانیان، لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ژنان دەکوژرێن و هەراسان دەکرێن، لەبەر ئەوەی ئێستا دوژمن لە هێزی ژنان دەترسێت، سەرەتا دەیەوێت هێز و ئیرادەی ژنان لەو شوێنانە بشکێنێت کە داگیری دەکات.

 

"٤٧ کەس لەناویاندا ژن و منداڵ دەستگیرکراون و ٤ کەسیان کوژراون"

زەهرا سەمۆ ڕایگەیاند کە پێویستە شاری سەرێکانی لە داگیرکاری ئازاد بکرێت و وتی: ٤٧ کەس لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەرێکانی دەستگیرکراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لەم دواییانەدا دوو ژن و دوو منداڵ کوژران، موڵکی هاوڵاتیان تاڵانکرا، شوێنە مێژوویی و پیرۆزەکان وێرانکران و دزراون، خێزانەکانی چەتەکان بە خێزانە ڕەسەنەکان گۆڕدران بۆ پێچەوانەکردنەوەی مێژووی ڕاست و دروستکردنی شتەکان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان.

 

"کامپی ئاوارەکان بە فەرمی قبوڵ نەکراوە"

زەهرا سەمۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: شەرمەزارییە کە ئەمڕۆ هەردوو کامپەکەمان لە سەرێکانی و واشۆکانی بە فەرمی وەرنەگیراوە، کۆچبەران لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە پشتگوێ خراون لەناو هەردوو کامپەکەدا ژنانی بەتەمەن و ژنانی نەخۆشی سەخت و منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆش پێویستیان بە یارمەتی هەیە، بەڵام بەداخەوە کەس یارمەتی نادا، خۆبەڕێوەبەری بەپێی دەرفەتەکانی، یارمەتی دەدات بەڵام ژمارەکە زۆرە،  لە هەمان کاتدا، دەوڵەتی تورکیا شەڕی ئاو لە دژی کۆچبەران و خەڵکی کانتۆنی حەسەکە دەکات، ئەمە لە چ بنەمایەکی ئەخلاقیدا هەیە؟ ئەمە تاوانێکی نامرۆڤانەیە و دەبێت سزا بدرێت.