تێڕوانین چەقبەستووی کۆمەڵگە ڕێگری دەکات لە بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەتدا

چالاکوانانی فێمێنست داوا دەکەن ژنان بچنە پۆستی باڵاوە و پەرە بە تواناکانیان بدرێت و بگەنە هەر ئاستێک کە خۆیان ئامانجیانە بە مەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی.

نەغم کەراجە

 

غەززە ئەو فکرە چەقبەستووەی لە ئێستادا باوە لە فەڵەستین هێشتا هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی پێگەی ژنان، ڕۆڵیان کەم دەکاتەوە و ڕێگریان لێدەکات لە بەشداریکردنیان لە گۆڕەپانی سیاسەت و گەشەسەندنی بەردەوامدا.

 

شيرين زائی، چالاکوانی فێمینیست، ئاماژەی بەوەکرد ژنان لە فەڵەستین دووچاری فشار دەبنەوە بە هۆکاری ئەو توندوتیژییەی ماوەی ١٧ ساڵە بە بەردەوامی لەسەریان جێبەجێ دەکرێت، هۆکارەکەش مانەوەی دابونەریتی چەقبەستووی کۆمەڵگەیە لە هزری نەوە جیاوازەکاندا، هەروەها پێی وایە بیروباوەڕی کۆمەڵایەتی کاریگەری نەرێنی لەسەر کولتوور و سیاسی کۆمەڵگە عەرەبیەکان بە گشتی و فەلەستینییەکان بە تایبەتی هەبووە بە شێوازێک پیاوان ڕۆڵی ژنان سنوردار دەکەن، تەنها بۆ ئەرکە خێزانییەکان و کاری ناوماڵ بەرتەسکی دەکەنەوە.

 

"ژنان لە کایەی سیاسیشدا ڕێگریان لێدەکرێت"

شيرين زائی ئاماژەی بەوەشکرد، وێنەی ژنان تا ئێستاش لە میدیا عەرەبییەکان تا ڕادەیەک کولتووری کۆنەپەرستی و پیاوسالاری پێوە دیارە، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ چەسپاندنی یاسا نادادپەروەرەکان بەسەریاندا، یاخود ژنان وەک کاڵایەک بەکاردەهێنن بەتایبەت لە ڕێکلامەکاندا.

 

وتیشی: میدیاکان هەمیشە هەوڵیان داوە وێنەی ژنە لاوازەکان نیشان بدەن، ئەو ژنانەی بەهۆی زۆرترین بەربەست و ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە نەیانتوانییەوە بگەنە ئامانجەکانیان لە کاتێکدا چەندین ژنی تێکۆشەر و خەباتکەر هەن لە پێناو بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد بۆ ژنان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ئەم ڕێگریی و ئەقڵیەتی پیاوسالارییە یەکێکە لە بەربەستە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەشداری نەکەن، ئەم فکرە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گوازراوەتەوە، تا ئێستاش پێیان وایە ژنان ناتوانن پلە و پۆست بەڕێوە ببەن.

 

لە کۆتایدا داوای کرد، ڕێگە بە ژنان بدرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سیاسی و باڵای ناو سەرکردایەتییەکان، کار بۆ بەهێزکردنیان بکەن بە مەبەستی گۆڕینی تێڕوانینی ئەقڵیەتی کۆنەپەرستانە لە کۆمەڵگەکان و میدیاکاندا، باس لە دەستکەوتەکانی ژنان و ڕۆڵیان بکرێت، بە پێویستی دەزانێت ژنان بە شداریکردنیان هەبێت لە بواری گەشەپێدان و کۆمەڵایەتی بۆ گەیشتن بە چەمکی بەردەوامیی و دادپەروەری جێندەری.