پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، تەنها بەدەست پیاوەوە

پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕی و ململانێی حزب و لایەنە سیاسییەکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەردەوامە، لە کۆتا لیستی کاندیداندا کە ٤٠ کەسن تەنها سێ ژن هەیە و هیچ شانسێکی بۆ بوونە سەرۆک کۆمارییان نییە.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- دوای ئەوەی سیستمی پاشایەتی عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ بووە سیستمی کۆماری، تا ئێستا ١٠ کەس پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیان وەرگرتووە، ئەوانیش محەمەد نەجیب ئەل-ڕەبیعی، عەبدولسەلام عارف، عەبدولڕەحمان بەزاز، عەبدولڕەحمان عارف، ئەحمەد حەسەن بەکر، سەدام حوسێن، غازی یاوەر، جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعسوم، بەرهەم ساڵحن، لەو ١٠ کەسەشدا تەنها سیانیان کورد بوون و لە ماوەی ٦٤ ساڵی سیستمی سەرۆکایەتییدا ڕێگە بە هیچ ژنێک نەدراوە ببنە سەرۆک کۆماری عێراق.

 

هەڵبژاردنی ١١هەمین سەرۆک کۆماری عێراق

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ هەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق "پەرلەمانی عێراق" بەڕێوەچوو، ماوەی پێنج مانگ و ١٦ ڕۆژە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی نوێ بۆ عێراق کاندید دیاری دەکرێت و ململانێ لەنێوان تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە کورد و عەرەبەوە هەیە، لەناو کوردیشدا بۆ دیاریکردنی یەک کاندید کە کورد بێت ڕێککەوتن نەکراوە، سەرەڕای بوونی چەند کاندیدێکی سەربەخۆی کورد هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان-یەنەکە، نەوەی نوێ، کە زۆرترین کورسیەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنن کاندیدی جیایان هەیە.

 

بڕیاربوو ڕۆژی ٧ی شوبات دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ، کە ٢٥ کاندید هەبوون و تەنها دووانیان ژن بوون، یەک لەو ژنانەش کورد بوو بە ناوی گەلاوێژ پیرداود، کە سەربەخۆیانە کاندید بوو، لە سەرەتای خۆ کاندید کردنیدا گەلاوێژ پیرداود لێدوانێکیدا بۆ نوژنها وتی: "ئەگەر دیاریکردنی سەرۆک کۆمار بەڕاستی لە پەرلەمانەوە بوایە ئەوا ژنانی پەرلەمانتار ئەگەر دەنگیان بدایە بە ژنێک کە کاندیدە ئەوا سەرۆک کۆماری عێراق ژن دەبوو، ماف دەسێندرێت نادرێت، هەروەها هیچ پیاوێکیش تا ئێستا نەیوتووە با ئەو پۆستە بۆ ژن بێت، لەبەرئەوە دەبێت ژنان خۆیان بڕیار بدەن کە پۆستە باڵاکان وەربگرن و بەشداری سیاسەت بن".

 

ژنان لە لیستی کاندیدەکاندا دەکشێنەوە

بۆ دانیشتنەکەی ٧ی شوبات بەهۆی بایکۆتی هەندێک کوتلە و ئامادە نەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دانیشتنەکە بۆ ٢٦ی ئادار دواخرا و کاندیدەکان بوون بە ٤٠ کەس، بەڵام تەنها سێیان ژنن، گەلاوێژ پیرداودیش کە تاکە کاندیدی ژنی کورد بوو کشاوەتەوە و لە لیستە نوێکەدا هیچ ژنێکی کورد بوونی نییە.

 

لە دانیشتنی دوێنێشدا، ٢٦ی ئادار، لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی پەرلەمان دەبوایە دوو لەسەر سێ(٢٢٠)ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەبن بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدی سەرۆکی کۆمار، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی کە تەنها ٢٠٢ ئەندام لە هۆڵەکەدا ئامادەبوون، دووبارە دەنگدانەکە دواخرا بۆ ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو.

 

دەزانرێت کە هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک کۆماری عێراق بە ڕیککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانە و پێش دانیشتنی پەرلەمان بۆ ئەو پرسە ڕێککەوتن دەکرێت، هەر لایەنە و پەرلەمانتاری خۆی ڕادەسپێرێت کە دەنگ بەو کەسە بدەن کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون، تەواوی ئەو کاندیدانەشی کە قسەی لەسەر دەکرێت ببنە سەرۆک کۆمار تەنها پیاون و هیچ ژنێک لەلایەن هیچ لایەنێکەوە پاڵپشتی نەکراوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.


      

ت.پ