"دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین کاری نامرۆڤانە بەڕێوەدەبات"

چوار ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێپەڕی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ زیاد دەکات، بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، دەوڵەتی تورکیا شوێنەوارەکان وێران دەکات، هاوڵاتی مەدەنی دەکوژێت، دەڕفێنێت و دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنان.

سلێمانی

 

چوار ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تێپەڕی و تا دێت پێشێلکاری مافی مرۆڤ، ئەشکەنجە و توندوتیژی، ڕفاندن و کوشتن زیاددەکات، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا زیاتر لە ٨ هەزار و ١٨٠ کەس ڕفێندراون، زیاتر لە ٦٦٧ کەس لە ژێر ئەشکەنجە و هێرشدا کوژراون، ٨٦ ژن کوژراون، ٧٠ ژن دەستدرێژییان کراوەتەسەر و لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دراون، ٦ ژن بەهۆی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ناچار بە خۆکوشتن کراون، ئەمە جگە لەو زیانانەی بەهۆی ڕوخاندن و سوتاندنەوە بەر شوێنەوارە مێژووی و ژینگە و باخە زەیتوونەکان کەوتووە.

 

ئەڤین سوید، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان، لە بارەی داگیرکردنی عەفرینەوە وتی: سەرەڕای سەرکەوتنی گەورە بەسەر داعشدا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڵام بەداخەوە لە ١٨ی ئاداردا شاری عەفرین دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانی هێزە هەژمونگەراکان ڕێگەیان بە دەوڵەتی تورکیادا کە عەفرین داگیربکات، دەتوانین بلێین لە ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرخۆداندا ژنان و چوار پارچەی کوردستان ئەوەیان خستەڕوو کە بەرخۆدان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بوو، لە جیهاندا گولەیەک بتەقێت هەموو ئەو ناوە  چۆڵ دەکرێت، بەڵام بە هەزاران کەس بۆ پاراستن روویان لە عەفرین کرد.

 

 

ئەڤین سوید وتیشی پلانێکی نێودەوڵەتی بوو تا عەفرین بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، لەبارەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیاشەوە دەڵێت: لە ماوەی چوار ساڵدا ئێش و ئازارێکی زۆر ڕوویان لە عەفرینیەکان کرد لە ناوەوە و دەرەوەی عەفریندا، چەندین بەڵگە هەیە کە کوشتن، دەستدرێژی و ڕفاندن ئەنجامدەدرێت، ئەو ژنانەی کە سورن لەسەر ئەوەی لەناو ماڵەکانیان لە عەفریندا بمێننەوە پیشانی ئێمەیان دا کە خەڵکی عەفرین لە دار و زەیتون و خاکەکەیان جیاناکرێنەوە، ئەو سیاسەتی کوشتن و بڕینەش لەناو عەفریندا بۆ ئەوەیە کە خەڵکەکەی کۆچ بکەن و موڵک و ماڵ و خاکەکەیان بەجێبهێڵن، ٣٠٠ هەزار کەس لە عەفرین ئاوارەی شەهبا و شارەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوون، ئەوان ڕووبەڕووی زەحمەتییەکانی ژیان دەبنەوە دوور لە ماڵ و خاکەکەیان.

 

 

لەیمان شویش، بەرپرسی نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان، بۆ نوژنها دوا و ئیدانەی داگیرکردنی عەفرینی کرد، ئاماژەی بەوەدا شەڕ و هێرشەکانی سەر عەفرین زۆر بەرفراوان بوو، ئەو هێزانەی پاراستنی عەفرینیان دەکرد وەک ڕوسیا هاوکاری دەوڵەتی تورکیایان کرد و گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکرد، وتیشی: گەلی عەفرین و شەڕڤانان بەرخۆدانییەکی مێژووییان بەڕێوەبرد تا عەفرین داگیر نەکرێت، بەڵام دوای ٥٨ ڕۆژ عەفرین داگیرکرا، ئەو هێرش و توندوتیژییانەی کە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لەناو عەفریندا بەڕێوەی دەبەن، کارێکی نامرۆڤانەیە کە دەکرێتە سەر ژنان و خەلک و شوێنەوارەکانی عەفرین.

 

ت.پ