نووسەرێک: داگیرکردنی کوردستان، داگیرکردنی کۆی دۆزی ڕەوای گەلی کوردە

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان لێکەوتی جیاوازی هەیە، نووسەرێکیش ئاماژە بەوەدەدات کە دەوڵەتی تورکیا شەڕی تایبەت لە باشوری کوردستان بەڕێوەدەبات و ئەوەی گرنگە هەڵوێستی گەلە کە نەبنە بەشێک لە خەتی خیانەت و نۆکەرایەتی.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- مژدە عەلی، نووسەر و مامۆستا، دەربارەی مێژووی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بە فراوانییەوە لە پرۆسەی داگیرکاری بڕوانرێت، "داگیرکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە بووەتە شەڕ و ماڵوێرانی بۆ دانیشتوانەکەی، خاکی کورستان بووەتە ناوەندێک کە وڵاتانی ئیمپریالیست چاویان تێبڕیوە، ئێستاش بە ڕابەرایەتی دەوڵەتی تورکیا و بە هاوکاری وڵاتانی ناتۆ و بە تایبەت ئەمریکا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا درێژەی هەیە"

 

دەوڵەتی تورکیا لەدوای ساڵی ١٩٨٣ەوە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ باشووری کوردستان سەری هەڵدایەوە، لەدوای ساڵی ١٩٩١یشەوە بنکە و بارەگا سەربازییەکان و ناوەندە سیخوڕییەکانی لە ناوجەرگەی هەرێمی کوردستان کردەوە، ئەو نووسەرە دەڵێت دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی باشوور بکاتە مۆڵگەی خۆی هێرشی سەر سنورەکان دەکات و لەوەوە درێژە بە داگیرکاری بەشەکانی دیکەی کوردستان دەدات و دەبێتە هۆی پەکخستنی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان.

 

کۆمەڵگەی باشوور بۆنەتە دوو خەتی تێکۆشان و نۆکەرایەتی

بە نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتن بە پەیماننامەی لۆزان، هێرشەکان بۆ باشووری کوردستان چڕ بوونەتەوە، مژدە عەلیی نووسەر، دەربارەی دابەشبوونی کۆمەڵگە لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکاندا دەڵێت: کۆمەڵگە بووەتە دوو خەت، خەتی تێکۆشان و خەبات لەپێناو گەلدا، خەتێکی دیکە دەبێتە بەرەی خیانەت و دوژمن، ئەوەی گرنگە لە ئێستادا ئاستی هۆشیاری گەلە، کە ببێتە هۆی لەباربردنی خەتی خیانەت تا درێژە بە مانەوە لەژێر ستەم و داگیرکاریدا نەدرێت و نەبنە بەشێک لە خیانەت، لەکاتێکدا ئەم خاکە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی داگیرکاریدا بووە.

 

مژدە عەلی، گرنگی هەڵوێست وەرگرتن لەم دۆخەی ئێستادا دەخاتەڕوو کە گەل بتوانێت خاوەن هەڵوێست بێت و بە چالاکی و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەنگ هەڵبڕێت و نەچێتە ژێرباری شەڕی تایبەت، کە وڵاتانی داگیرکەر بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا لە کوردستاندا درێژەی پێدەدات، "داگیرکردنی کوردستان، داگیرکردنی کۆی دۆزی ڕەوای گەلی کوردە، دەوڵەتانی داگیرکەر نایشارنەوە کە هەر پارچەیەکی کوردستان خەبات بۆ زیندووکردنەوەی دۆزەکەی و دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆی خۆی بکات، هەوڵی لەناوبردنی دەدات، لە ماوەی ڕابردوودا هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی نموونەیەکە".