"ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و مافی مرۆڤ قەرزداری گەلی کوردن"

فەلەک یوسف، ئەندامی ئەنجومەنی دادوەری ژنان دەڵێت: دەوڵەتی تورک سەرەڕای واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، بەڵام یاسا و سنوردارەکان پێشێل دەکات.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە ساڵی ١٩٩٣دا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ڕێککەوتننامەیەک بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بە ١٩٣ دەنگی بەڵێی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکا واژۆ کرا کە لە ٢٤ بەند پێکدێت، لە ٢٩ی نیسانی ١٩٩٧یشدا کەوتە جێبەجێکردنەوە.

 

ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کە ناوەندەکەی لە هۆڵەندایە، لەسەر دوو بنەما دامەزرا، ناناوەندبوونی لایەنێکی ناو هاوپەیمانییەکە، دووەمیان جێبەجێکردنی هەموو مەرجەکانی هاوپەیمانیە بە یەکسانی لە هەموو دەوڵەتەکاندا، بەڵام لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا سەرەڕای واژۆ کردنی هاوپەیمانییەتیەکە بەڵام چەکی کیمیایی بەرامبەر کوردان بەکاردەهێنێت.

 

ساڵی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس لە شاری هەڵەبجە چەکی کیمیایی بەکارهێنا، دواتر دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٩٧ بەدواوە چەکی کیمیایی دژی گەلی کورد لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەکاردەهێنێت، هەموو هێرشەکانیش کراونەتە بەڵگە و ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار کراون، بەڵام هەتا ئێستا سزای دەوڵەتی تورکیا نەدراوە.

 

فەلەک یوسف، ئەندامی ئەنجومەنی دادوەری ژنان لە هەرێمی فورات، باسی لە هێرشە کیمیاییەکانی سەر گەلی کورد کرد و وتی: بەداخەوە ئێمە وەک گەلی کورد و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا هیچ کارێکی جدیمان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە نەبینیوە، ئەمە ڕەخنەیە لەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی سوریا جێبەجێ ناکەن، منداڵێک بەناوی محەمەد لە سەرێکانی کە بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی لە ئەنجامی شەڕی چەکی کیمیایی چووەتە فەرەنسا یەکێکە لە نمونەکانی ئەم بێدەنگییە، هەروەها هەموومان شاهیدی بەکارهێنانی چەکی کیمیایین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە باشووری کوردستان، بەڵام جیهان لێی بێدەنگە.

 

"وڵاتان گڵۆپی سەوز بۆ هێرشکردنە سەرمان هەڵدەکەن"

فەلەک یوسف لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە لاوازی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد و وتی: ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و ئەو ڕێکخراوانەی کە خۆیان وەک پارێزەری مافەکانی مرۆڤ نیشان دەدەن، هیچ ڕۆڵێکی خۆیان نەخستووەتە گەڕ، لە شۆڕشەکەماندا زۆر ڕەنج دراوە، ئێستا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرخۆدانێکی گەورە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام ئێمە هیچ هێزێکمان نەبینیوە کە بەڕاستی پاڵپشتمان بێت و پاراستنی پێکهاتەکان بکات، ئەو هێزانەشی لەسەر خاکەکەمانن بەو بیانووەی پاراستنی ئێمە دەکەن، بەردەوام گڵۆپی سەوز بۆ هێرشەکانی هێزە داگیرکەرەکانی وەک تورکیا و ڕژێمی سوریا و گروپە چەتەکان هەڵدەکەن".