پەرلەمان؛ لە شەش مانگدا ١٠ کۆبوونەوەی بێ ئەنجام لەسەر پرسی ژنان کراوە

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچی بۆ ژنان پێنەبوو، ڕۆژ بەڕۆژ توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لە بەرزبوونەوە دایە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ٨٠ ژن لەمساڵدا بوونەتە قوربانی، بەڵام ١٠ کۆبوونەوەی بێ ئەنجام لە لیژنەکانی پەرلەماندا سەبارەت بە پرسی ژنان کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە، کە ئەرکی چاودێریکردن و لێپرسینەوە و یاسادانانە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە ١٠ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٩ بە دەنگی ٨٨ پەرلەمانتار متمانەی پێبەخشرا، کابینەکە لەسەرەتایی دەستبەکاربوونیدا بەڵێنی بە هاوڵاتیاندا کە گۆڕانکاری گەورە دەکات و حکومەتێکی بەهێز دەبێت، بەڵێنی خزمەتگوزاری زۆری بەخەڵکدا، جەختی لە ئازادی ڕادەربڕین دەکردەوە، بەڵام ئایا پەرلەمانی کوردستان توانیویەتی لەبارەی پرسی ژنان و ئەو توندوتیژیانەی ڕۆژانە لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە یاسایەک و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژییەکان، لە کاتێکدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژی لە هەموو جیهاندا هەیە و تەنها کوردستان نییە.

 

لە شەش مانگی ساڵی ٢٠٢٢ پەرلەمانی کوردستان ١٠ کۆبوونەوەی ئەنجامداوە

لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا پەرلەمانی کوردستان ١٠ کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، بەڵام سەبارەت بە پرسەکانی ژنان و توندوتیژی دژی ژنان هیچ یاسایەک دەرنەکراوە و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنانیش سەرەڕای داوای هەموارکردنەوە، بەڵام گفتوگۆی پێویستی لەسەر نەکراوە و نەتوانرا ڕێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و کوشتن بگیرێتەبەر، لە کاتێکدا لە شەش مانگی ساڵی ٢٠٢٢ دا  ٨٢ ژن کوژراون، یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون و ڕێژەکەش لە بەرزبوونەوەدایە.

 

هەر بارودۆخێک لە کۆمەڵگەدا بێتە پێشەوە ژنان پشکی شێریان بەردەکەوێت و دەبنە قوربانی سەرەکی ڕووداوەکان، لە دادگادا کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان یەکلای ناکرێتەوە، پەرلەمانیش نەیتوانیوە ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت لە بارەی پرسی ژنان و دیاریکردنی سزایەک بۆ بکەرانی توندوتیژی دژی ژنان.

 

ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی کابینەی نۆیەم لە بەرزبوونەوە دایە و هیچ جێگەیەک بۆ پرسی توندوتیژی دژی ژنان نەکراوەتەوە

توندوتیژی دژی ژنان لەماوەی ساڵانی ٢٠١٦-٢٠٢٠ بەڕێژەی ٣٣٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش مەترسیە بۆسەر ژیانی ژنان لە کۆمەڵگەدا بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان و خێزان لەماوەی ساڵی ٢٠٢١، ١٣ هەزار و ٤٦٦ حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمارکراوە، لە دادگادا هیچ دۆسیەیەکی ژنان یەکلا نەکراوەتەوە.

 

لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا ٨٢ حاڵەتی کوشتن یاخود ناچار بە خۆکوشتنی ژنان تۆمارکراوە،  تادێت توندوتیژیەکانی دژ بە ژنان ڕوو لە هەڵکشان دەکەن و ئەو ژنانە لەلایەن هاوژین، برا، باوک و کەسانی نزیکەوە دەکوژرێن و حکومەتیش بێ هەڵوێستە بەرامبەر ئەم ڕووداوانە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، لە ساڵی ٢٠٢١دا هیچ کەیسێکی ژنان لە دادگادا یەکلانەکراوەتەوە، بەمەش ئاستی مەترسیداری دۆخەکە زیاتر دەبێت.