"هەر جۆرە پاڵپشتییەكی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ حكومەتە دیكتاتۆرەكانی رۆژهەڵات دژی گەلی كوردستان دەبێت"

ئامینە کاکەباوە، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی سوید پێیوایە هەرکەسێک بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات ئەردۆغان بە دوژمنی دەزانێت، بۆیە دەستی بە هێرشی دژە کورد کردووە.

سەمیرە سەڵەواتی

 

ناوەندی هەواڵ - پەیوەستبوونی سوید و فینلاند بە ناتۆ یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و تورکیا لە چەند مانگی ڕابردوودا. دەوڵەتی تورکیا بە سەركردایەتی ئەردۆغان ڕەتیكردەوە هیچ هەوڵێك بۆ مافەکانی کورد بدرێت و ڕێگری لە هاوڵاتیانی كورد و بەتایبەت چالاكوانانی سیاسی کرد و ئەمانەش بوونە مەرجی ئەرێکردنی بوونە ئەندامی وڵاتانی سوید و فینلاند لە ناتۆدا.

 

لە دانیشتنی ٧ی حوزەیرانی پەرلەمانی سویددا، لە دەنگدانی متمانەی پەرلەماندا، دەنگی نوێنەری کورد ئامینە کاکەباوە بۆ پێدانی ڕای چوونە ناوەوەی تورکیا بۆ ناو ناتۆ یەکلاکەرەوە بوو. ئامینە کاکەباوە ویستی متمانەی حکومەتی سوید بۆ پشتیوانیکردن لە پرسی گەلی کورد بەدەستبهێنێت و ڕادەست نەبوونی ئەو وڵاتە بە داواکارییەکانی ئەردۆغانی کردە مەرج بۆ دەنگدانەکەی.

 

بەڵام دوای ئەوەی سوید پەیوەندی بە ناتۆوە کرد، ئەوە ڕوون بووەوە کە زۆربەی مەرجەکانی تورکیا، هاوکاری نەکردنی هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە حکومەتی تورکیا لەلایەن حکومەتەکانی سوید و فینلاندەوە بوو، ئەو دوو وڵاتەش پەسەندیان کرد.

 

ئامینە کاکەباوە، نوێنەری سەربەخۆی کوردی سوید، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی نوژنها، ئاماژە بەوە دەکات کە مەرجی بنەڕەتی ڕازیبوونی تورکیا بۆ دەنگدان بە ئەندامێتی سوید و فینلاند لە ناتۆدا، قبوڵکردنی داواکارییەکانی بووە لە دژی گەلی کورد، وتیشی: تورکیا بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی تەقەمەنی و پارەی لەو وڵاتانەوە دەستبکەوێت ڕەزامەندی دەربڕی تا ببنە ئەندامی ناتۆ، چونکە تورکیا بە چەکی ئەوروپا و ناتۆ گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکات.

 

"ئەردۆغان تێکۆشان و بەدەستهێنانی مافی کورد بە تیرۆر بەناو دەکات"

ئامینە کاکەباوە لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە هەڵوێستی سوید و فینلاند لەسەر داواکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەڵێت: بەداخەوە ئەردۆغان دەیەوێت گەلی کورد و خەباتەکانیان بە تیرۆر و تیرۆریست بناسێنێت، هەروەها سەرچاوەی ماددی و سەربازی لە وڵاتانی بیانی بە تایبەت سوید و فینلاند بەکاردەهێنێت و سیاسەتەکانی لە ژێر ناوی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" جێبەجێ دەکات.

 

"ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی تورکیا بەڕێوەدەچێت، ئەردۆغانیش دۆخێکی بەرچاوی لەم وڵاتەدا نییە، بە تایبەت لە ڕوانگەی ئابورییەوە، لە دۆخێکی مەترسیدار دایە و وەک جاران کەسێکی بەناوبانگ و پۆپۆلیست نەماوە و لە زۆربەی شارە گەورەکان دەنگ بەدەستناهێنێت، هەروەها ترسی لە دەستدانی دەسەڵاتی هەیە لەو هەڵبژاردنەدا".

 

ئامینە کاکەباوە ئاماژەی بەوە کرد: ئێمە باش دەزانین کە هەر جۆرە پاڵپشتییەک لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بۆ حکومەتە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵات لە بەرژەوەندی ئەوان و دژی گەلی کورد دەبێت، ئەردۆغان هەرکەسێک بەرگری لە مافەکانی بکات یان بانگەشەی مافەکانی بکات بە دوژمنی خۆی دەزانێت، هەربۆیەش ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە لە دژی گەلی کورد دەگرێتەبەر، بەڵام بەداخه‌وە تا ئێستا گەلی کورد و گەلی كوردستان نەیانتوانیوه یەكگرتوو و پەیوەندیدار بن لەم بابەتەدا، هەڵوێستی خەڵك جیاوازه، تەنانەت پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش سەرباری جیاوازی سیاسییەکانیان بەرامبەر ئەو دۆزە یەکگرتوو بن و ته‌نیا حیزبی بیر نه‌كه‌نه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌ له‌ به‌رچاو بگرن.

 

"سوید و فینلاندیش ڕاستگۆ نین"

ئامینە كاكەباوە بە ئاماژەدان بە كاردانەوەی حكومەت و پەرلەمانی سوید دەشڵێت: پەرلەمان و پارتی چەپ و پارتی ژینگەش لەگەڵ حكومەت هاوڕان و ڕاستگۆیانە مامەڵە ناكەن، دەڵێن ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ ناتۆدا نییە، بۆ ئەوەش پێویستە ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانی سویدی هەڵوێستیان هەبێت، دەبێت کورد یەکگرتوو بێت، چونکە ئەم ئەرکە تەنها لەسەر شانی کەسانی وەک ئێمە نییە، بە سەدان هەزار هاوڵاتی کورد لە وڵاتانی ئەوروپی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و چەند وڵاتێکی دیکە دەژین، بەڵام بەداخەوە خەبات ناکەن و چاوەڕی دەکەن لە دەرەوە شتێکیان بۆ بکرێت، پێویستە هەموو خەڵک ناڕەزایەتی دەرببڕن و کۆک بن، ده‌بێت ده‌نگی گه‌لی كوردستان بن و بێ هیچ لایه‌ندارییه‌ك خه‌بات بۆ گه‌له‌كه‌یان بكه‌ن.

 

"خەڵکی کورد بە پشت بەستن بە هزر و ئایدۆلۆژیا و شاخ دەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت"

ئامینە کاکەباوە لەبارەی مەترسییەکان لەسەر ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا وتی: لەبەرئەوەی من هاوڵاتی سویدم لەوانەیە کێشەم نەبێت، بەڵام ئەوانەی ڕەگەزنامەیان نییە و کۆچبەرن، من نیگەرانم لێیان، مەترسی جددی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، تورکیا لەگەڵ پۆلیسی سوید ڕێککەوتووە و ئەم دۆسیەیە مەترسیدارە، پێویستە کوردان لە کاتی بوونی کار بە پۆلیس بە تەنها نەچن و یاوەریان لەگەڵدا بێت، چونکە مەترسی ڕفاندن و ڕادەستکردنیان بە تورکیا هەیە.

 

لە کۆتاییدا ئامینە کاکەباوە دەڵێت: خودی خۆم زۆر هەوڵمدا بۆ ئەوەی ئەم کەیسانە و پرسی کورد لە هەموو میدیاکاندا ڕەنگ بداتەوە و ئەمەش کاریگەر بووە، ئەردۆغان بەردەوام هەڵمەتی بۆ بێلایەنکردنی گەلی کورد کردووە، بەڵام گەلی کورد هەمیشە توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بەرەنگاری ببێتەوە. ئه‌گه‌ر کورد كه‌سیشی لە پشت نەبێت، ده‌توانێت بە بڕوابوون به‌ ڕامان‌ و پاشخانی مێژوویی و شاخه‌كان به‌رده‌وام بێت له‌ بوون و ژیان بدۆزێتەوە.