ڕۆزەرین کەمانگەر: ڕۆحی شۆڕش لە هیچ شوێنێک قەتیس نابێت

ژنان کۆکن لەسەر درێژەپێدەری تێکۆشانەکەی ساکینە جانسز، ڕۆزەرین کەمانگەریش دەڵێت: تیرۆرکردن و داگیرکارییەکان نابێتە ڕێگری لە بەردەم تێکۆشانکردن بۆ ئازادی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنانی ئازادیخواز درێژەپێدەری تێکۆشانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزن، ئەمەش دەگەنە خاڵی سەرەکی تێکۆشانەکانی ژنان لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دوور لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی.

 

سیستمی دەسەڵاتدارێتی و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەمیشە سڵی لە ژنی ئازادیخوازی شۆڕشگێڕ کردووەتەوە، بۆیە ژنانی تیکۆشەر دەکرێنە ئامانجی سەرەکی و تیرۆر دەکرێن لەپێناو ڕێگریکردن لە فکری ئازادیخوازی، بەڵام بە پێچەوانەوە تابێت تێکۆشانی ژنان لە پێناو ئازادیدا زیاتر و زیاتر دەبێت.

 

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کژار، باسی لەوەکرد کۆمەڵکوژییەکان دووبارە دەبنەوە، ئەمساڵ دەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی پاریس بوو، بەڵام چەند ڕۆژێک بەر لە یادکردنەوەکەی دووهەمین کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا، هۆکاری ئەمەشی بۆ بوونی ژنانی پێشەنگ گەڕاندەوە، وتی: ئەنجامدانی هەر خەباتێک دووبارە سوێند خواردنە بەو تێکۆشانەی ئەو ژنانە بەرپایان کرد.

 

ڕوونیکردەوە تەواوی ئەو ژنە پێشەنگانە خاوەن بیروباوەڕێکی پەروەردەکراون، لەسەر بنەمای ئازادی و بە ئامانج گەیشتنیان گەشەیان بە خۆیانداوە، خاوەن فکر و فەلسەفەیەکن کە تێکۆشان دەکات لەگەڵ ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی پیاوسالاریدا، هەر بۆیە دەکرێنە ئامانجی دوژمنان.

 

" ژنانی ناو تەڤگەری ئاپۆیی ئامانجی سەرەکی دوژمنانن"

ڕۆزەرین کەمانگەر ئاماژەی بەوەدا ژنانی پێشەنگ بە گشتی و ژنانی ناو تەڤگەری ئاپۆیی کە بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیووە و پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەن، ئامانجی یەکەمی دوژمنانن، "ساکینە جانسز تەواوی بیرکردنەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕەد دەکردەوە هەر لە سیستمی فۆدالیزمەوە بیگرە تا دەگاتە سیستمی سەرمایەداری، نەک تەنها ئاڕاستەی فکری کۆمەڵگەی کوردی و کوردانی گۆڕی، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا جێپەنجەی دیارە، ئامانجی ژنانی کورد لە تێکۆشان و پێشەنگایەتی، بریتییە لە گۆڕانکاری لە زهنیەتی کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگەکانی دیکەی جیهان، ژنانی کورد بوونەتە نمونەی شۆڕش بۆ ژنانی جیهان وەک ئازەر، بەلوچ، عەرەب، ئەفغانی و چەندینی دیکە، بەمەش بۆ سیستمی سەرامایەداری، زلهێزەکانی جیهان و دەوڵەت نەتەوەکان مەترسی هەیە، بۆیە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشە نەبڕاوەکان دەبنەوە"

 

"ڕۆحی شۆڕش لە هیچ کات و جێگەیەک قەتیس نامێنێت"

ڕۆزەرین کەمانگەر، باسی لەوەکرد، ڕۆحی شۆڕشگێڕی لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا قەتیس نابێت و تەواوی جیهان دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەگەر تێکۆشانێکی تایبەتی نەبێت و گشتی بێت بۆ تەواوی کورد و ئازادیخوازان، وتیشی: بێگومان تێکۆشان و شۆڕشی ساکینە جانسز تێکۆشانێک بووە لەپێناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ئازادکردنی فکری تاک، شۆڕشی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی لە پێناو گەلێکی چەوساوەی سیستمی دەسەڵاتدارێتی بووە، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەمووانە درێژەپێدەری بین، یەکبگرین و هاوبەشانە هەوڵبدەین لەپێناو خزمەتکردن بەو فکرەی بونیادنەری ئازادیخوازییە.