"هێز و ئیرادەی ژنان نیشتیمان ڕزگار دەکات"

ژنانی باشووری کوردستان، وەک نموونە لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕوانن کە بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەچوو، دەڵێن کە بووەتە ئیلهام و هاندان بۆ ژنان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان چونکە لەڕووی هزریەوە خۆیان بەرەوپێش بردووە و بڕوایان بە تواناکانی خۆیان هەیە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ بەهۆی بەهاری عەرەبی و قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، وەک بەشێک لە گەلانی سوریا، بڕیاری شۆڕشیدا و لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگەیان دامەزراند و دەستیان بە خۆڕێکخستن کردن و بەردەوامیدان بە شۆڕشدا.

 

١٠ ساڵ بەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان تێپەڕیووە، لە ئێستادا لە ڕۆژئاوای کوردستان سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک پەیڕەو دەکرێت و لە خاکێکی پشتگوێخراوەوە بووەتە خاکێکی بەرهەمهێن، بناغە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوورییەکانی پتەوکردووە و توانی ئەزموونێکی سەرکەوتوو بەدەستبهێنێت، ژن بووەتە پێشەنگی شۆڕش و هەوێنی بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد و لە ڕووی هزریەوە بەرەوپێش چوونیان بە خۆیانەوە بینیووە.

 

دەربارەی پێشەنگایەتی، ئیرادە و هێزی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا پرسیارمان لە ژنانی شاری سلێمانی کرد تا چەندە هێز و ئیرادەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە نموونە و پێشەنگ بۆ ژنان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان.

 

"کۆبانێ قەڵغانی ژنە، چونکە ژن ڕزگاری کرد"

ژیلان ئومێد، ژنێکی گەنجی شاری سلێمانییە و مامۆستایە، دەربارەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشەنگایەتی و بەرخۆدانی ژنان وتی: ئەو شۆڕشەی لە کۆبانێ کرا ١١ ساڵ پێش ئێستا بە پێشڕەوی ژن بەڕێوەچوو، لەلایەن یەپەژە کە هەموویان ژنانی گەنج بوون، ئەمەش چاویکردینەوە و لێرەوە وەک ژنان حەماسیەت گرتبووینی و هانیدەداین کە ئەگەر رۆژێک لە ڕۆژان وڵاتەکەمان داگیربکرێت بە هەمان شێوە خۆمان بەرەوپێشببەین و بڵێین ژنان دەتوانن هەر کارێک بیانەوێت ئەنجامیبدەن و شۆڕش و چەک هەڵگرتنیش تایبەت نییە بە پیاوان، بەڵکو ژنان دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر دەتوانن ئەنجامیبدەن.

 

ژنان بۆ پاراستنی خۆیان لە ساڵی ٢٠١٣ یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژەیان دامەزراند، بوون بە نموونەی ئیرادەی ژنی ئازاد و هێزی ژنی کوردیان بە تەواوی دنیا ناساند، لەم بارەیەوە ژیلان وتی: ئیرادەی ژنانی ڕۆژئاوا کاریگەری کردە سەر ژنانی ئێرە و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان پەیوەندییان بە کۆلێژی سەربازییەوە کرد و چوونە ناو بەرەکانی جەنگ، وای لە ژنان کرد بێدەنگ نەبن بەرامبەر هەر توندوتیژییەک کە بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت و داوای مافەکانیان بکەن.

 

ژیلان ئومێد باسی لە هێزی ژنان لە ڕزگارکردنی کۆبانێ کرد و وتی: "کۆبانێ لای من قەڵغانی ژنە، چونکە ژن بەرپای کرد و ژنیش ڕزگاری کرد، ڕاستە یارمەتی هەبوو بەڵام ئەوەی هێزی سەرەکی بوو ژنان بوون، کەواتە ئەوە سنگی قەڵغانی ژنە و هەموو ژنێک لە سەرانسەری جیهاندا ئەگەر ناوی کۆبانێ ببیستێت دەبێت شانازی بە ژن بوونی خۆیەوە بکات، کە لەو ڕەگەزەیە کە کۆبانێی ڕزگار کردووە."

 

ڕۆژئاوای کوردستان نمونەی بەرەوپێشچوونی ژنە لە ڕووی فکرییەوە

شاتوو ئەنوەر، ژنێکی گەنجی دیکەی شاری سلێمانیە، باسی لە هێز و ئیرادەی ژنان کرد لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: ژنیش دەتوانێت باشتر لە پیاوان شۆڕش بکات و شار و نیشتیمانی خۆیان ڕزگار بکەن و دەتوانن ئازادیی بەدەستبهێنن و هەر شتێک کە بیانەوێت ئەنجامی بدەن.

 

دامەزراندنی سیستمی خۆڕێوەبەری لە سەر بنەمای ئازادی ژن، ژینگەپارێزی و نەتەوەی دیموکراتیک، ژنی سەرلەنوێ ژیاندەوە و ئاشنایکرد بە ڕۆڵ و تواناکانی، شاتوو ئەنوەر لەو بارەیەوە وتی: پەیڕەوکردنی سیستمی دیموکراتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرئەنجامی باشی هەبووە، چونکە ئازادی بۆ ژنان زۆر باشە و دەتوانێت یارمەتی ژنان بدات کە بەرجەستەی باشتری ئامانجەکانی بکات، لێرە ژنان کەمێک ئازادییان هەیە بەڵام وەک پێویست نیە و دەرفەتەکانی بەردەمیان وەک پیاوان نیە.

 

ئێستا لە هەموو جومگەکاندا لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە و خاوەن بڕیارن، ژیلان ئومێد باسی لەوە کرد کە گرنگە مۆدێلی ڕۆژئاوای کوردستان وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو سوودی لێ وەربگیرێت و وتی: بەرجەستەکردنی ئەو سیستمی دیموکراتیکەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە بەهەمان شێوە لێرەش بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوکات ژنانیش لە ڕووی فکری، چەک هەڵگرتن و سەرجەم شتەکانی دیکە دەتوانن دەرەنجامی باشی لێ وەربگرن و بەرەوپێش بچن، ئەنجامی باش و بەسوود بۆ کۆمەڵگەکەمان بەدەستبخەن.