"ژنانی گیلک دژی ئەقڵیەتی پیاوسالاری کە وەلایان دەنێت ململانێ دەکەن"

نیگار ڕەشیدی، چالاکوانی ژنان دەڵێت: یاسا و سزای جیاواز، بێ کار کردنی ژنان لە کۆمەڵگە، ترسی ڕژێمی ئیسلامییە لە نەمانی هەژموونی بەسەر نیوەی کۆمەڵگەدا.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- لە سەروبەندی ساڵڕۆژی تیرۆری ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد و بە ئێران و جیهاندا بڵاوبووەوە، سەرکوتکردن لە دژی نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی و بە تایبەت ژنان چڕتر بووەتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زۆرێک لە شارەکانی پارێزگای گەیلان، بەشێک لە چالاکوانانی ژن بە بیانووی درۆ دەستبەسەر کران.

 

"ساڵی ڕابردوو ناڕەزایەتییەکان بوو بە شۆڕش"

نیگار ڕەشیدی، چالاکوانی فێمینیست، سەبارەت بە شۆڕشی ژنان، کە لە سەرانسەری جیهاندا دانی پێدا نراوە، وتی: ماوەی ٤٠ ساڵە زوڵم بەرامبەر کۆمەڵگە دەکرێت و ڕژێم لەسەر ژنان چڕی کردووەتەوە، تا ئێستاش بەردەوامە، حیجابی زۆرەمڵی لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ ڕەزایەتی ژنانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەو واتایەی کە خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان بەشێک بووە لە خەباتی گەل لە دژی ستەمکاری، بەڵام لەناو بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و ژناندا، کۆمەڵەی پەلکە زێرینە ڕووبەڕووی زۆرترین هێرش و ئازار بوونەوە، چونکە بوونیان بە تاوان دەزانرا، ئەم ناڕەزایەتیانە ڕەوتێکی بەرەو سەرەوەیان هەبووە، کاتەکانیان کورت بووەتەوە و تا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی گۆڕا بۆ شۆڕش.

 

"ئەو وێنە درۆیانەی کە ڕژێمی ئیسلامی لە کوردستان و بەلوچستان دروستی کرد، شکێندران"

ناوبراو بە ئاماژە بە فراوانبوونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستانەوە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران، وتی: کورد پێشکەوتنی لە خەباتدا هەیە و ئەمەش بەڕوونی دەرکەوتووە، ئەو وێنە ناڕاستانەی کە ڕژێمی ئیسلامی لەسەر کوردستان و بەلوچستان دروستی کردبوو، هەڵوەشایەوە، بەلوچستان و کوردستان و خەڵکی شارەکانی تر لەیەکتر نزیکبوونەوە، هێزی گەلی خۆیان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێرانەوە دۆزیەوە، تۆڕی هەواڵیان دروستکرد و ئەمەش سەرەڕای بەردەوامی گرتن و سەرکوتکردن و کوشتنەکان بەردەوامی هەیە، لە ساڵیادی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا ئەم سەرکوتانە و بێدەنگکردنی دەنگی گەل چڕتر بووەتەوە.

 

سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو و دەستگیرکردنی چالاکوانان، نیگار ڕەشیدی وتی: لە ئێراندا خەڵک بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، بە پەراوێز دادەنرێن و بێ پێداویستین، گەیلان یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەدەست هەژارییەکی بەربڵاوەوە دەناڵێنێت، ساڵانێکە بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت کراوە، هەژار کراوە، پیشەسازییەکانی لەناوچووە، کێڵگە بەناوبانگەکانی چا و برنجەکەی وێران بووە، بەردەوامی ئەم هەژاریەش ناڕەزایی خەڵکی لێدەکەوێتەوە. جگە لەوەی گەیلان ژنی شۆڕشگێر و چالاکی هەیە کە لەبەردەم حکومەتدا وەستاون و سەپاندنی هێزیان قبوڵ نەکردووە و هەمیشە داوای داواکارییەکانیان دەکرد، لەڕاستیدا هەموو ناوچەکان لەژێر فشاردان و میللەتی گیلاکیش بەشێکە لەوانن، ناڕەزایەتی هەیە و ناشتوانرێت بێدەنگ بکرێت، چونکە ژیانی ڕۆژانەیان لە مەترسیدایە و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانیان دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.

 

"ژنان هەوڵدەدەن ڕووخساری خەباتەکانیان پڕ ڕەنگ بکەن"

نیگار ڕەشیدی، بە گرنگیدان بە دۆخی ژنان و نەبوونی ڕووماڵ لە میدیاکان و هەوڵی حکومەت بۆ ئەوەی زیاتر زیانیان پێ بگەیەنێت، وتی: لە هەموو ئێراندا پیاوسالاری هەیە و ئەمەش لەگەڵ هەموو داواکارییەکانی دیکتاتۆری ئایینیدا دەگونجێت، بەڵام هەوڵەکانی ژنان بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان لە ڕێگەی هەڵمەتی یەک ملیۆن واژۆ و خەباتی دیکەوە، لەبەر ئەوەیە کە سیستەمی دادوەری ئێران پەیوەستە بە یاسای شەریعەتەوە، بەڵام ستەمکاری بۆ هیچ شوێنێک نەچووە، ژنانی گەیلانیش لەم هەڵمەتەدا زۆر چالاک بوون و ئەم هەڵمەتە زۆر سەرکەوتوو بوو و ژنانی لە هەموو بەشەکانی ئێراندا یەکخست و ئێستا ناتوانین بڵێین گەیلان جیایە لە بەشەکانی دیکەی ئێران، ژنانی گەیلان لەگەڵ پێکهاتەی جەستەی پیاوسالاریدا ململانێ دەکەن، کە پشتگوێیان دەخات و مافەکانیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لە پێویستی داراییدا دەیانهێڵێتەوە، لە پێکهاتەی پیاوسالاریدا هەموو شتێک هی پیاوە و ئەمەش وا دەکات ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە وابەستە و جیا بمێننەوە، تووشی توندوتیژی دەبن و هیچ پێکهاتەیەک لە کۆمەڵگەدا نییە کە پشتگیری لە ژنان بکات، ئەگەر کەسێک لە ماڵەوە ناسەلامەت بێت، هیچ شوێنێکی نییە بۆی بڕوات و ئەمە بۆ ژنانی گەیلانیش هاوشێوەیە، هەوڵماندا ئەو دەنگانە بەرز بکەینەوە، دەنگی گیلاکەکان نابیسترێت، گەیلان بووەتە شوێنێکی گەشتیاری، زنجیرەیەک بابەتی فانتازیا لەسەر گەیلان دەوروژێنرێت، بەهۆیەوە لایەنەکانی ستەمکاری، کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی گەلی گیلاک هەیە، نابیسترێت و نابینرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وەک چۆن گەل پشتیوانی خۆی لە ئۆپۆزسیۆن یان هەبوونی یەک پێشەنگ وەرگرت و ڕێکخراوی جیاجیایان پێکهێنا، ژنانیش کاری خۆیان دەکەن و هەوڵ دەدەن تیشک بخەنە سەر ئەو وێنانەی پەیوەستن بە خەباتەکانیانەوە، لێرەدا کەس چاوەڕێی چەپی کۆن ناکات، چونکە چەپ هێشتا هەوڵی نەشکاندنی پێکهاتەی پیاوسالاری دەدات و ئەمەش خەباتی ژنان قورس دەکات، بەڵام ژنان ڕۆژانە لە شەقامدا خەبات دەکەن، ژنانی گیلانیش بەشێکن لێیان.

 

"هۆکاری یاسا و سزادان ترسی ڕژێمی ئیسلامییە لە لەدەستدانی هەژموونی بەسەر نیوەی کۆمەڵگەوە"

نیگار ڕەشیدی لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، ڕژێمی ئیسلامی لە نەمانی هەژموونی بەسەر کۆمەڵگەوە دەترێت، بۆیە فشارەکانی لەسەر ژنان توند دەکاتەوە، وتیشی: ئێمە هەوڵێکی زۆر دەدەین بۆ بوێرانە باسکردنی ناوەندگەرایی، بۆ دروستکردنی گوتار. یاسا و سزای جۆراوجۆر و دەرکردنی ژنان لە کار و تیرۆری ڕژێمی ئیسلامیی، ترسی ئەو ڕژێمەیە و شکاندنی هەنگاوەکانی تری ڕژێم نیشان دەدات، ئێمە لەسەر بنەمای پێویستی خۆمان بەرەو پێشەوە دەڕۆین، لە ژێر فشارێکی بەردەوامی ڕۆژانەدا دەژین و دەگەینە ئەو باوەڕەی کە دەڵێین، یان مردن، یان بەدەستهێنانەوەی مافە لەدەستچووەکانمان.