زەلال جگەر: لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە ڕوونی نەبوونی هەڵوێستەکان دەبینرێت

زەلال جگەر، ئەندامی ئەنجومەنی پەیەدە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی خەڵکی ناوچەکە بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییەوە کرد.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا - ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی شێوازە جیاوازەکانی هێرش و شەڕ بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بەشدار لە کاروباری قەیرانەکانی سووریاوە بووە، کە هەموو ئەمانە لە پێناو تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیکن

 

هەموو وڵاتان هەوڵی بەهێزکردنی حوکمڕانی خۆیان دەدەن

زەلال جگەر، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک- پەیەدە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهات و ڕووداوەکانی گۆڕەپانی سیاسی جیهانی و سووریا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ کرد و وتی: کۆتایی ئەمساڵ کاتی بەدەستهێنانی دەسەڵاتە، بە ساڵێکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە دادەنرێت بۆ بوون یان نەبوون، زلهێزە باڵادەستە جیهانییەکان کە زاڵن بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک ڕووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، بە هەموو سیاسەت و پلانەکانیانەوە، بە دوای سەپاندنی کاریگەری و مانەوەی خۆیان لە ناوچەکەدا دەگەڕێن، لە ترسی توندبوونەوەی قەیرانەکان و هاتنی شەڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وڵاتانی ئەوروپا، قوڵبوونەوەی قەیرانەکان لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیای بچووک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وایکردووە هەموو دەوڵەتە پاوانخوازەکان کار بۆ پاراستن و بەهێزکردنی حوکمڕانی خۆیان بکەن.

 

زەلال جگەر لەبارەی بارودۆخی چوار پارچەی کوردستان و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی: دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرش و بەئامانجکردنەکانی بە ڕێگە و فۆرمی جۆراوجۆر بۆ سەر ناوچەکانی هێزی پاراستنی ڕەوا لە چیاکانی کوردستان و پێشێلکاری و تاوانەکانی بەرامبەر بە خەڵک و سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستان و تورکیا چڕتر دەکاتەوە، هەروەها لە ڕێگەی سەردان و کۆبوونەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، کاردەکات بۆ قڕکردن و سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد، ئەمەش لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هێرش و بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێل و خەڵک درێژە پێدەدات.

 

بۆ پووچەڵکردنەوەی بەرخۆدانی ئاوارەکانی عەفرین، تورکیە سیاسەتی سیستماتیک پەیڕەو دەکات

زەلال جگەر باسی لەو تاوانانە کرد کە دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستیدا ئەنجامی دەدات و وتی: ئەو ناوچانەی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی داگیریان کردووە ڕۆژانە شاهیدی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی دەبنەوە، سەرەتا دەستیان بە سڕینەوەی بوونیان لەسەر خاکەکەیان کرد، ئێستاش بە توندوتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە درێژە بە سیاسەتی بە تورکی کردن و گۆڕینی تایبەتمەندی و دیمۆگرافیای ناوچەکە دەدەن و دەیکەنە بەشێک لە خاکی تورکیا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم سیاسەتە لە کانتۆنی عەفرین بەتایبەتی ئەنجام دەدرێت، سەرکوتکردن و سڕینەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێم و بنیادنانی نیشتەجێبوون لەسەر زەوییەکان هەمان سیاسەتە، لەم دواییانەدا سیاسەت و شەڕێکی تایبەت لە عەفرین دادەڕێژرێت، ئەویش دەستکاریکردن و ڕاکێشانی ئاوارەکانی عەفرینە، کە لە شەهبا و حەلەب و ناوچەکانی دیکە بۆ گەڕانەوەیان بۆ عەفرینی داگیرکراو بەرخۆدان دەکەن، لەسەر بانگەشەی کە کورد بن و بوونی کورد لە عەفرین دەپارێزن، ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە لەگەڵ هاتنی بنەماڵەکانی عەفرین بۆ ناوچەکە قێزەونترین پراکتیزە و پێشێلکاری بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت.

 

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، خۆڕاگری و بەرخۆدانی ئاوارەکانی عەفرین لە بەرامبەر سیاسەتەکانی داگیرکەری تورکیا و ڕاکێشانیان لە پشت هەوڵ و پلانەکانییەوە، شەڕێکی شۆڕشگێڕانەیە، کە بەرخۆدێرانی عەفرینی لە دژی نادادپەروەری و گۆشەگیری و ستەم و هەموو ئەو پێشێلکاری و تاوانانەی تورکیا بۆ قڕکردنی کورد ئەنجامی دەدەن، بەڕێوەدەبەن.

 

"سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ئازادی ژنان و یەکڕیزی"

زەلال جگەر لە درێژەی قسەکانی باسی لە کۆچی خەڵکی ناوچەکە کرد بەرەو ئەوروپا، کە بە چارەسەرێکی ڕیشەیی نازانرێت بۆ ئەو قەیرانەی خەڵک بەدەستیەوە دەناڵێنن لە وڵاتەکەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەرەو لەناوچوون و لەدەستدان کۆچ دەکەن، بەتایبەت کە زۆرینەیان بەلەمەکانیان ژێرئاو دەکەوێت و لە دەریادا دەخنکێن، لە کۆتاییشدا زەلال جگەر داوای لە هەموو ژنانی جیهان کرد یەکگرتوو بن و پێکەوە دژی هەموو ئەو زلهێز و دەسەڵاتدارانە بوەستنەوە کە زاڵن بەسەر ژنان و ئازادییەکەیدا، وتیشی: لە هەموو ئەو شەڕ و ململانێیانەی کە لە جیهاندا بەسەر سەدان کەسدا ڕوویانداوە، ساڵانێکە ژنان ئەو هێزانە بوون کە بوون و زمان و کولتوری ڕەسەنی گەلان دەپارێزن و ئەمەش ئەوەیە کە ژنان دەبێ بیسەلمێنن، جارێکی دیکە ڕیزەکانیان یەکبخەنەوە و سەدەی ٢١ بکەنە سەدەی ئازادی ژنان.