تارا حسێن: دەسەڵات و گەل لە باشوری کوردستان ئامادەکاریان بۆ مەترسی نییە

تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی باس لەوەدەکات کە دەسەڵات خاوەن هێزی پاراستنی کۆمەڵگە نییە بۆیە دەبێت گەل لە دەرەوەی دەسەڵات خۆی بپارێزێت، وتیشی: ژن دەبێت ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەنە نمونەی خۆیان و بەرگری لە خۆیان بکەن.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- هێرشەکانی داعش لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بەردوامی هەیە، لە دوای هێرشی ٢٠ی کانوونی دووەم بۆ سەر زیندانی غوێران لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، لە باشوری کوردستانیش لە ١٣ی ئاداردا چەتەکانی داعش لە گوندی گردەهارە-ی نزیک چیای قەرەچووغ هێرشیانکردە سەر خاڵێکی سەربازیی فیرقەی ١٤ی سوپای عێراق، هەروەها بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان ده‌زگای دژه‌تیرۆری عێراق و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، هه‌وڵی چەند چەتەیەکی داعشیان پوچه‌ڵ كرده‌وه‌، كه‌ ئاماده‌كارییان ده‌كرد بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی خۆكوژیی له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا، ئەمە سەرەڕای چەندین هێرش بۆسەر گوندەکانی ناوچە جێناکۆکەکان.

 

مەترسییەکانی داعش لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان هاوتای یەکن و زەرەرمەندی سەرەکی هاوڵاتییە، بەڵام لە باشوری کوردستان  هەوڵدەدرێت مەترسییەکان پیشانی هاوڵاتی نەدرێت و وەها وێنا دەکرێت کە هێرشەکانی داعش پەیوەست نییە بە باشوری کوردستانەوە، لەو بارەیەوە تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بە نوژنهای ڕاگەیاند کە دەسەڵات هەوڵدەدات لە ڕێگەی سێکتەرەکانی ڕاگەیاند، پەروەردە، سیاسی و دیبلۆماسی و ئەو ڕۆژەڤانەی دروستیدەکات هاوڵاتیان سەرقاڵ بکەن، "هەموو ئەو کارە دیبلۆماسی و بەڕێوەبردنەی دەیکات تەنها شکڵییە و کاری لەسەر جەوهەری پرسە گرنگەکان نەکردووە کە بابەتی ئاسایش و پاراستنی دەستکەوتەکانە، بەڵکوو هەوڵیان پاراستنی بەرژەوەندییە شەخسییەکانە وەک بیرە نەوتەکان و پڕۆژە بازرگانییەکانیانە".

 

"دەسەڵات لە باشوری کوردستان پلانی بۆ داهاتوو نییە"

تارا حسێن باس لەوەدەکات کە سیاسەتکردن لە باشوری کوردستان ڕۆژانەیە و پلانی داهاتوویان نییە وتیشی: بۆ هێزی حکومڕانی گرنگە داهاتوو ببینیت و پێشبینی و پلانی پاراستنی دەستکەوتەکانت هەبێت، باشوری کوردستان دەریایەک خوێنێ بۆ ڕژاوە تا بووەتە خاوەنی دەستکەوت، بەڵام هەموو ڕۆژێک بۆشایی بۆ دروستدەکرێت و دەبێتە زەمینەی دروستبوونی داعش، کە ئەمە هەموو ڕۆژێک مەترسی زیندوبوونەوەی داعش بۆسەر شار بە شار و گوند بە گوندی باشوری کوردستان هەیە".

 

لە درێژەی قسەکانیدا باس  لەوەدەکات دەسەڵاتی کوردی هێندەی هەوڵی بێدەنگکردنی ئازادیخوازان دەدات هێندە چاوی لە بەربەستکردنی بیری تیرۆریستی و فاشیزم و داعشییەت نییە، "ئەوەندەی ئازادیخوازان زیندان دەکات، ئەوەندە کاری لەسەر بیری تیرۆریستی نەکردووە کە ئەمە زۆر مەترسیدارە، چونکە ئەگەر دوێنێ شەنگال بێت، ئەمڕۆ ڕۆژئاوای کوردستان بێت، سبەی سلێمانی و هەولێرە، وە ئێمە لە ساڵی ٢٠١٤دا هەولێرمان بینی کاتێک داعش لە مەخمور نزیک بووەوە هەموو شارەکەیان بەجێهێشت، چونکە سیاسەت و دەسەڵاتەکەی ئامادەسازییەکەی وەهای نەبوو بیپارێزێت، هەروەها کۆمەڵگەکەش لە ئامادەکارییەکی وەهادا نییە کە ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە و خۆی بپارێزێت".

 

"پێویستە لە دەرەوەی دەسەڵات ژن لە زانستی ژنەوە فێربێت بەرگری بکات"

لەبارەی چارەسەرییەکان بۆ دۆخی باشوری کوردستان و چاوەڕوان نەبوونی دەسەڵات، تارا حسێن ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت گەل چاوەڕوانی لە دەسەڵات نەمێنێت کە بمانپارێزن لە مەترسی دەسەڵات، "چونکە  ئەو دەسەڵاتە چەندە کەرکوک، داقوق، شەنگال و مەخوری پاراست، هەر ئەوەندەش دەتوانێت هەولێر و سلێمانی و دهۆک بپارێزێت، بۆیە دەبێت ئەو هێزانەی کە خۆیان پێ ئۆپۆزسیۆنە خاوەن پرۆژە بن و بەڕاستی بەدیل بن".

 

تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لەبارەی چارەسەرییەکانی لەلایەن گەلەوە پێشبخرێت وتی: گەل دەبێت لە دەرەوەی زهنیەتی دەسەڵاتداری خۆی پێشبخات لە ڕووی فکری و جەستەی و بەرگریدا، ئەمەش بۆ هەموو توێژەکانە بەتایبەت ژنان، ئێمەی ژنان دەبێت لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ئەزمون وەربگرین و لە زاستی ژنەوە فێرببین، با ژنانی شەنگال پێش ئەوەی کارەسات ڕووبدات بکەینە نموونەی خۆمان و ئامادە بین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان".

 

ت.پ