سیستمی هاوسەرۆکایەتی بنەمای چەسپاندنی یەکسانی ڕەگەزی

سیستمی هاوسەرۆکایەتی، ئەو سیستمەیە لەسەر فکری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوبووەتەوە، لەپێناو چەسپاندنی یەکسانی ڕەگەزی و بەدەستهێنانی ئازادی ژن.

سیستمی هاوسەرۆکایەتی، ئەو سیستمەیە لەسەر فکری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوبووەتەوە، لەپێناو چەسپاندنی یەکسانی ڕەگەزی و بەدەستهێنانی ئازادی ژن، لە ئێستادا ئەو سیستمە بە ئاستێکی کەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری کوردستان جێبەجێدەکرێت، هۆکارەکەش زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستمی کۆنەپارێزی دەوڵەتە کە دەیەوێت ژن لە چوارچێوەی خۆیدا بهێڵێتەوە و دووربێت لە بەدەستهێنانی ئازادی.

 

شنیار بایز

سلێمانی- وشەی "هاو-سەرۆکی" وەک خودی وشەکە نوێ نییە، گوزارەیە لە بەڕێوەبردنی دەزگایەک یان دامەزراوەیەک لەلایەن ژنێک و پیاوێکەوە کە ئامانج لێی چەسپاندنی بنەمای یەکسانی ڕەگەزیی و هاوسەنگ کردنی ڕەگەزە جیاوازەکانە.

 

ئەم سیستمە لە کوردستان لەم ١٠ ساڵەی دواییدا لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" پەیڕەوکرا، بۆ یەکەمین جار لە ساڵانی دوای ٢٠٠٠ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانە تاکەکەسییەکەی ئیمڕاڵیدا، تیۆر و تێزی هاوسەرۆکایەتی داڕشت و داوای لە بزوتنەوەکەی کرد کەلەسەر بنەمای ئەو تێکۆشانە دەیان ساڵەی پێیگەیشتوون، سیستەمی بەڕێوەبەری پێشوو بگۆڕن بۆ هاوسەرۆکایەتی، واتە بەشداری ژنان لە ٪٥٠ بێت.

 

شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، سیستمی هاوسەرۆکایەتی ڕوونکردەوە: لە باشوری کوردستان لە کۆی ٣٠ ساڵ حکومڕانی و بوونی سیستمێک لە ژێر ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی هەزاران ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، حیزبی، مافی مرۆڤ، ژینگەیی، ئاژەڵان و منداڵان، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی جێبەجێ بکرێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی نوژنها لە باشوری کوردستاندا، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی سلێمانی-هەڵەبجە، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی هەن کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو دەکەن.

 

"سیستمی هاوسەرۆکایەتی هەنگاونان و تێکۆشانە لەپێناو سیستمی دیموکراسی و پێشخستنی هاوسەنگی ڕەگەزی"

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لە باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە لە ژێر ڕۆشنایی فکری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان باوەڕییان بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی هەیە،، شەهێن محەمەد پێیوایە سیستمی هاوسەرۆکایەتی تێکۆشانێکە بۆ بەدەستهێنانی دیموکراسی و پێشخستنی هاوسەنگی ڕەگەزی، هەروەها جیاکارینەکردنی نێوان ژن و پیاوە.

 

ئاماژەی بەوەدا لە باشوری کوردستان ڕێکخراوەکان بە جۆرێک داوای مافی ژن و پێشەنگایەتی ژن دەکەن دەڵێن "یەکسانی و دادپەروەری"، بەڵام شەهێن محەمەد پێیوایە شتێک نییە بە ناوی یەکسانی لە گەردووندا، چونکە لە ڕووی فیزیکی و جەستەییەوە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ژن و پیاو تاکەکانی گەردوون، بۆیە نەک بۆ دەستکەوتنی یەکسانی دەبێت تێکۆشان بکەین. بەڵکو بۆ پاراستنی هاوسەنگی نێوان ڕەگەزە جیاوازەکان پێویستە تێکۆشان بکەین.

 

"لە سیستمی هاوسەرۆکایەتیدا ژن دەتوانێت هاوسەنگی خۆی بدۆزێتەوە"

ژینگەو گەردوون لەسەر دەستی مرۆڤەکان شێوێندراون و مرۆڤ بووەتە ناوەند لە گەردووندا و کۆی گشتی پێکهاتەکانی دیکە خراونەتە خزمەتی مرۆڤەوە، هەر بۆیە هەموو پێکهاتەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بۆیە شتێک نییە بە ناوی یەکسانی.

شەهێن محەمەد بە پێویستی دەزانێت تاک کەسایەتی خۆی بدۆزیتەوە بەتایبەتی ژن، وەک باسی دەکات ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان لە پرسی کەسایەتیدا دەڵێت "لەناو کۆمەڵگادا ئەوەی کۆمەڵگای گەیاندووە بەم ئاستە و کۆمەڵگای ڕووبەڕووی قەیرانی فکری کۆنەپارێزی کردووەتەوە لە تاکی ژندا کراوە"، بۆ ئەوەی ژن کەسایەتی خۆی بدۆزێتەوە دەبێت ڕێگا چارەسەری بگرێتە بەر، یەکێک لەو هەنگاوانە پاراستنی هاوسەنگی ڕەگەزییە کەلە سیستمی هاوسەرۆکایەتیدا تەواو جێبەجێ بووە و ژن دەتوانێت لە ڕێیەوە توانا و هێزی خۆی بەکار بهێنێت تا ڕادەی بڕیاردان و سەرۆکایەتی کردن.

 

"پەیڕەو نەکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتییژیەکانی ژنان"

لە باشوری کوردستاندا لەناو پارت و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکاندا سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەوناکرێت، ئەمەش دەریدەخات ئەقڵیەتی کۆنەپارێزی و دەسەڵاتی پیاوسالاری، دەسەڵاتدارە و حکوم دەکات، کە بووەتە هۆکار بۆ چاوساندنەوەی کۆمەڵگا و ڕووبەڕووبونەوەی نادادی و نادیموکراتی.

 

شەهێن محەمەد دەڵێت: "سیستمی هاوسەرۆکایەتی بووەتە مۆدێلێک زیاتر لە وڵاتانی جیهان و ئەوروپا جێبەجێ دەکرێت وەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان،  ئەمەش بە پێشەنگایەتی ژن دەکرێت، چونکە پێیان وایە سیستمی هاوسەرۆکایەتی چارەسەری هەموو ئەو کێشانەیە کەلە ئێستادا هەیە.

 

وەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت "شۆڕشی باشوری کوردستان شۆڕشی ژنە و ئەگەر ژن دەستی پێنەکات شۆڕشێک بەرپا نابێت، چونکە باشوری کوردستان یەکێکە لەو پارچانەی کە زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دەکرێت و ژن دەچەوسێندرێتەوە"، بۆیە جێبەجێکردنی مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی باشترین ڕێگە چارەسەرییە لە باشوری کوردستان.

 

دەبێت سیستمی هاوسەرۆکایەتی چۆن جێبەجێ بکرێت؟ و تا چەند تەڤگەری ئازادی لەڕووی فکریەوە کاری پێدەکات؟

دەربارەی کارو بڕیاری ژن وەک دەستەی بەڕێوەبردن و هاوسەرۆکێک لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، شەهێن محەمەد وتی: "ژنان لە تەڤگەری ئازادیدا لەبری پەراوێزخستنیان زیاتر بەرپرسیارێتیان هەیە، چونکە بە گشتی هاوسەرۆکایەتی بەرپرسیارێتی گشتی ڕێکخستنە، نابێت کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی، ئەنجومەنەکان بکرێت و تەنها هاوسەرۆکی پیاو ئامادە بێت".

 

ئاماژەی بەوەشدا نابێت بڕیارێک لە کۆبوونەوەیەک دەربکرێت کە هاوسەرۆکی ژن پێشنیاری لێوەرنەگیرابێت و ڕەزامەند نەبێت، نابێت لە تەڤگەری ئازادی کۆمیتەیەک دروستبکرێت بێ ئەوەی ژن تیایدا بەشدار نەبێت، هەروەها ژنان لەناو تەڤگەری ئازادیدا جگە لەوەی لە ئاستی گشتیدا بەرپرسیارێتیان هەیە خۆسەرییەکی خۆشیان هەیە کە دەبێت کێشەکانی ژن خۆیان چارەسەری بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن و خۆیان سەربەخۆیانە کار دەکەن،ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن و دواجار خۆیان پلان و پێشنیاری خۆیان دەنووسن، هیچ کام لە پیاوەکان مافی ئەوەیان نییە ڕەخنە لەو پلان و پێشنیارەکانی ژنان بگرن.

 

"بۆیە لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان هەموو بنەماکانی هاوسەرۆکایەتی جێبەجێدەکرێت چونکە بابەتێکە تەنها بە ڕووکەش نییە بەڵکو بە فکر کاری پێدەکرێت."

 

"لە باشوری کوردستان حیزبەکان سیستمی هاوسەرۆکایەتیان شێواندووە، لە بەری ژن و پیاوێک، دوو پیاو بووەتە هاوسەرۆک"

لە باشوری کوردستان حزبێکی سیاسی سیستمی هاوسەرۆکایەتی جێبەجێکرد، بەڵام تەواو پێچەوانەی ئامانجی سیستمی هاوسەرۆکایەتی و دوور لە پاراستنی هاوسەنگی ڕەگەزی جێبەجێیان کرد، شەهێن محەمەد دەڵێت: حیزبێک نەیتوانیبێت لە دوای چەندین ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی ئەقڵی تاکگەرایی تێبپەڕێنێت، باوەڕی بە توانا و بیرکردنەوەی ژن نەبێت و لەسەر زهنیەتی کۆنەپارێزی بێت، ناتوانیت بڵێی لە سیستمی هاوسەرۆکایەتی سەرکەووتوو دەبێت.

 

"ژنان زۆر هەن لەو هێزە سیاسییەدا بەڵام نە باوەڕ بە تواناکانیان دەکرێت نە بوونەتە بڕیاردەر، بەڵکو ئەنجومەنی هەرە باڵای سیاسی ئەو حیزبە ئەگەر ژنی تێدا بێت تەنها ڕووکەشین و هیچ نەبوونەتە خاوەن بڕیار، بۆیە ئەم سیستمە لەلایەن دەسەڵاتە زلهێزەکانی باشور شێوێندراوە و دوو پیاو بوونەتە هاوسەرۆک."

 

شەهین محەمەد بە ئەرکی تەڤگەری ئازادی و هەموو ڕێکخراوە سەربەخۆکانی دەزانێت تا بتوانن ببنە پێشەنگ بۆ جێبەجێکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی و تێبگەن لە تواناکانی ژنان، "پێویستە ژنان خۆیان هۆشیار بکەنەوە و ببنە خاوەن فکری خۆیان و خاوەن پڕۆژەی چارەسەری خۆیان بن، بتوانن متمانە لە کۆمەڵگادا دروستبکەن و خۆی بسەلمێنێت کە خاوەن چارەسەرییە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا و دەسەڵات سیستمی هاوسەرۆکایەتی قبوڵ بکەن.".

 

ت.پ