سڵاڤۆی ژیژەک هاتە دەنگ

کەژاڵ نوری - نووسەر

 

لەنامەیەکدا پێرێ فەیلەسوفی گەورەی سڵۆڤێنی سڵاڤۆی ژیژاک کە بۆ نوسەرێکی کوردی ناردووە ئەڵێ، "ژن ژیان ئازادی زۆر بە نرخترە لە بیرۆکەی می توو-me too".

 

تێزی فکری سیاسیی ژن ژیان ئازادی لە ئێستادا، سنوری کوردستان و ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوینی تێپەڕاند و بووە بە جوڵانەوەیەکی گەورەی سیاسیی نێودەوڵەتی. ئەم تێزە فکرییە سیاسییە، کە مەتنی قوڵی فەلسەفی و رەهەندێکی قوڵی مێژویی هەیە و خاوەندارییەتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبەر ئۆجەلان. کە لە کتێبی چوارەمی مانیڤێستۆی شارستانیەتی دیموکراتیک بۆ یەکەمجار دایهێنا، تێکڕا لە ئەنجامی ئەو لێگەڕین و بەدواداچوونە قوڵەوە کە ئۆجەلان وەکو ئەنترۆپۆلۆژیستێک لە بواری ئەنترۆپۆلۆجیا (زانستی مرۆڤ ناسی)  و ئەنترۆبایۆلۆژیستێک لە بواری (زانستی رەچەڵەکی مرۆڤ) و  لێکۆڵینەوەی ورد لە تەوتەمیزم واتە (یەکەمین ئایینی مرۆڤی سەرەتایی لەسەر زەوی)دا کردی فۆرمۆلە بوو.

 

لە پاڵ ئەوانەشدا، ئۆجەلان زۆر بە قوڵی ڕۆچووە نێو لێکۆڵینەوە، لە عەقڵی ئیبتکار و داهێنەرانەی مرۆڤی سەرەتایی و کۆمەڵگە کلانیەکانەوە، بە وردبوونەوە لە سیستمی خێزانی کلانی و دایک سەنتەریی، بیرمەندی گەورەی جیهان، عەبدوڵا ئۆجەلان مەتنی فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی دارشت، کە تێزێکە قسە لەسەر فکری سیاسیی و ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی ژن دەکات، لە کۆمەڵگەی کلانیدا. هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئۆجەلان. زانستی ژنۆلۆژی داهێنا، کە زانستێکە تەواوی رەوتە فیمینیستیەکانی جیهانی تێپەڕاند و هەر لە سەرەتاوە پێش ساڵی دوو هەزار و سیانزەش، پەکەکە، دروشمی ژن ژیان ئازادی کرد بە تێزی فەلسەفەی ئەو زانستە جێندەرناسییە.

 

هەر بە هەمان پێودانگە کە فەیلەسوفێکی گەورەی وەکو سڵاڤۆی ژیژاک، لە جوڵانەوەی می توو بە بەهاتر تەماشای دەکات، ئاخر خۆ گاڵتە نییە کە لە ئێستادا، ئەو دروشمە سنورەکانی بڕیووە و تەنانەت نەیارەکانی پەکەکەش، لە کوردستان و ئێران و ناوچەکە و جیهان، لە ئاپۆچییەکان بڵندتر دەیڵێنەوە. هەموو ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لە دژی پەکەکە و ئۆجەلان بە تەنیا دێڕێکیش بووبێ، دژایەتی خۆیان بۆ ئەو حەرەکەتە راگەیاندبێ، ئەمڕۆ لە ئاپۆچیەکان قایمتر ئەڵێن:- ژن ژیان ئازادی.

 

لە پشت تێزی فکری سیاسیی ژن ژیان ئازادییەوە، ئۆجەلان لە کتێبی ژنۆڵۆژیدا بە وردی داوای گەڕانەوەی ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی ژن دەکات لە نێو کۆمەڵگەدا. وە دژ بە کومەڵگەی هیرارشیکی پیاو سەڵتەنەتخوازیی دەوەستێتەوە.

 

ئەوەی گرنگە لەسەر مرۆڤی کورد ئەوەیە لە ئێستادا، خاوەندارێتی لەو تێزە فکرییە سیاسییە بکات و هەوڵبدات، لێی نەدزرێ. چونکە هەندێ لە فارسەکان بە خەیاڵی پڵاوی خۆیان ویستیان بیشێوێنن و بیکەن بە ژن ژیان پەهلەوی، کە خۆشبەختانە ئەمانە کۆمەڵێک دەنگی کز و نەبیستراوی ناو شیعەگەرای ئێران بوون. بەڵام بەداخەوە ئەوەی زۆر جەرگبڕبوو بۆ من ئەوەبوو، کە هەندێ لە ژنانی نوخبەی سلێمانی هاتن ئەو تێزەیان لە ژن ژیان ئازادییەوە، گۆڕی و کردیان بە ژن ژینا ئازادیی. بەم کارەیان من وەکو کەژاڵ نوری پێموایە، کە بە فیتی لایەنێکی سیاسیی بووبێ، ئەمەش یان بۆ موجامەلەکردنی تورکیا بوو، یان لە ترسی تورکیا بوو، لە حاڵەتی هەردوو ئەگەرەکەدا، مرۆڤ بە دیار پەرتەوازەیی ماڵی کورد و بێ ئیرادەیی کورد و خاوەندارێتی نەکردن لە تێزە فکرییە سیاسییە کوردییە خۆماڵیە، کە لە ئێستادا لە سەر ئاستی گەلانی دنیا دروشمێکە بۆ بونیادی زیندووی ژن لە کۆمەڵگەکاندا. دۆش دابمێنێ و خەفەت لەو عەقڵیەتی خۆ بە بچوک زانیە بخوات. یاخود خەفەت لەو خۆ بواردنە بخوات لە ئاست ئۆجەلاندا، گەلۆ ئۆجەلان فەیلەسوفە، بەدەر لەم پێناسەیە، هیچ پێناسەیەکی تر قبوڵ ناکات.