دژی بێباکی و لە ستایشی تووڕەییدا: مرۆڤ ناتوانێت شتێک بێت کە نەیبینیوە

د. چۆمان ھەردی

ئێمە لە سەردەمێکی جیاوازدا دەژین، سەردەمێک کە ژن تیایدا دینامۆی گۆڕانکارییە، لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژھەڵات و ئێران ژنان ڕابەری بزوتنەوەی ئازادیخوازین، ئەوان بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی داگیرکار، دیکتاتۆرییەت، پیاوسالاری، ھەژاری و نادادپەروەری دەجەنگن،  بۆیە بە یارمەتی فایەق بێکەس، ئەم بەیتە لەگەڵ ئەمڕۆدا دەگونجێنم و دەڵێم:

 

میللەتی بێ عیلم و بێباک چۆن بە ئیستیقلال ئەگات؟

واسیتەی بەرزی و تەرەققی ھیممەتی ژنانەیە (١)

 

تووڕەیی ژن لە سیستەمە چەوسێنەرەکان و بەگژداچوونەوەی نادادی کردەگەلێکی خۆماڵی و خۆکردیین و ھاوردەی ھیچ شوێنێک نین، ژنان لە بەشە جیاکانی کوردستان چیتر بە کۆتوبەندی پیاوسالاری و ستەمکاری ڕازی نین و خاوەندارێتی جەستە، بڕیار و ژیانی خۆیان دەکەن، کەچی لە باشوور تازە پیاوانی دەسەڵاتدار پێماندەڵێن ژن کێڵگەی دروستکردنی منداڵە، ژن دەبێت لە ماڵەوە بێت و خزمەتی مێرد و منداڵی بکات، ژن دەبێت خەتەنە بکرێت تا شەھوەتی کەم بێتەوە و ”بەدڕەفتاری“ نەکات، مافی پیاوە ھەرکاتێک ویستی و گەر بە زۆریش بێت لەگەڵ ژنەکەی بخەوێت.

 

لە باشوور کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژن، ڕێگرتن لەوەی ھۆشیاربێت، بخوێنێت و کاربکات وەک شێوازێک لە پاراستن نمایشدەکرێن، سیستەمی پیاوسالاری ھەر خۆی مەترسی دەستدرێژی، گێچەڵی سێکسی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دروستدەکات و ئەم مەترسییانەش بەکاردێنێت و بە ناوی ”پاراستنی ژن“ەوە ڕێگری لە بەشداری ژن دەکات لە کایە ھونەری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان.

ئەم پیاوسالارە ئایینی، حیزبی و نەریتخوازانە ھەموو توانای خۆیان بەکاردێنن تا ژن بە دەستەمۆیی و بێدەسەڵاتی بھێڵنەوە، ھەر بۆیە لە ساتێکدا کەسێک یان گرووپێک ھەڕەشە لەو سیستەمە بکات کە ئەوان دەیان ساڵە دەیچنن و دروستی دەکەن، ئەوا بەوپەڕی ھێزی خۆیانەوە پەلاماری دەدەن.

سیستەمە لاوازبووەکان و ئەوانەی لەژێر مەترسیدان ھەمیشە توندوتیژترینن "جا ئەوە دەوڵەتی ئێران بێت یان سیستەمی پیاوسالاری"، ئەوان بەھێزترین چەکەکانی خۆیان بەکاردێنن تا داکاکۆکی لە مانەوەی خۆیان بکەن، بۆیە گەر یەکێک لێی پرسیت: ئایا گۆڕانکاری ڕوویداوە؟ پێی بڵێ: ئەو ھەموو ھێرشە توندەی دەکرێتە سەر ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەڵگەیە بۆ ئەوەی درز کەوتۆتە گوتار و تێڕوانین و ھەوڵەکانی زۆرداران و پیاوسالارانەوە.

 

فێمینیستەکان دەمێکە وتوویانە: مرۆڤ ناتوانێت شتێک بێت کە نەیبینیووە، بە واتایەکی تر گەر ژنان ھەرگیز ژنێکی ئازاد و ئازا نەبینن، پێیانوایە کە شتی وا بوونی نییە و ناتوانن وا بن، بەڵام سەیری ئەو ھەموو ژنە تووڕە و ئازاد و ئازایەی دەوروبەرمان بکە کە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە و چیتر بێدەنگ نابن، ئەوان ڕۆژانە پیشانماندەدەن کە گەر پێکەوە کاربکەین، دەتوانین لە پیاوسالاری و نادادپەروەری دەربازبین.

 

بەڵام ژنانی گەنجی باشوور، پێش ھەموو شتێک بخوێنەرەوە، خۆت پەروەردە بکە، ھاوپشتی ژنانی دەوروبەرت بکە، ستراتیژی کارت ھەبێت و وزەی خۆت بپارێزە بۆ کاتی گونجاو.

 

ئازادی لە ڕواڵەت و جوانکاری و جلوبەرگدا کورتمەکەرەوە، چونکە ئازادی واتە بەرپرسیارێتی، خۆت پێبگەیەنە تا بتوانی بەرپرسیارێتی بڕیاردان و خاوندارێتی خۆت ھەڵگریت، بێباک مەبە لە چەوسانەوە! تووڕە بە بەرامبەر بە زوڵم، تووڕەیت لە نادادپەرەوەری بەکاربێنە تا شەڕ و گۆڕانکاری گەورە بکەیت کە تەنھا بە گرووپ دەکرێت نەک بە شەڕی بچووک و بەتەنھا، لە شەڕە تەنھاکاندا زۆرجار دەدۆڕێیت بەڵام لە کاری پێکەوەییدا ھیوای سەرکەوتنت ھەیە.

 

(١) لە بنەڕەتدا بەیتەکەی مامۆستا فایەق بێکەس بەمجۆرەیە:

میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن بە ئیستیقلال ئەگات؟

واسیتەی بەرزی و تەرەققی ھیممەتی مەردانەیە