فیدراڵیزم لە ژێر سێبەری دەرەبەگایەتیدا

زریان رەحمان- راگەیاندنکار

یەکێک لەو شتانەی لە یادەوەری گەلی کورددا ماوەتەوە، سیستمی دەرەبەگایەتییە، ئەو کاتانەی بەگ، نەک هەر خاوەنی زەویوزار، بەڵکو خاوەنی چارەنووسی رەعیەت و جووتیاریش بوو، ئەو کاتە زەوی هێز بوو، هەرکەس تاپۆی بەدەستەوە بوایە، دەسەڵاتی ژیانی ئەوانی ‌تریشی بەدەستەوە دەبوو، ئەمڕۆ و لەم سەردەمەدا هەرچەندە ئەو سیستم و پێکهاتەیە داڕماوە، بەڵام کێشمەکێش لەسەر خاوەندارێتی هێشتا بەردەوامە، بەڵام بە شێوەیەکی سەردەمیانە. 


لە نوێترین ململانێدا، وەزیری دارایی عیراق سکاڵای یاسایی دژی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە و داوای کردووە بڕیاری ٣٣٢٦ی ٢٤-١١-١٩٩٢ هەڵبوەشێنرێتەوە، بە پێی ئەو بڕیارە هەموو موڵک و ماڵ و زەوییە حکومییەکانی سنووری هەرێم کە پێشتر بە ناوی حکومەتی ناوەندییەوە بوون، خرانە سەر وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێستاش بەغدا دەڵێت ئەو بڕیارە بنەمای یاسایی نییە و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە.


ناکرێت ئەم رێکارە لە دەرەوەی ناکۆکییەکان و پەیوەندییە ئاڵۆز و پڕ ناسەقامگیرییەکانی  هەولێر و بەغدا تاوتوێ بکرێت، چونکە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەغدا هەر کارتێکی فشاری بەدەستەوە بووبێت بەکاری هێناوە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی هاوسەنگی هێز، لە بارمتەگرتنی مووچەی مووچەخۆرانەوە، هەتا گرێدانی بە هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەغداوە و داوای پشک لە داهاتی نانەوتی و هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردن و بەرێوەبردنی سنوورەکان و خاڵە گومرگییەکان و ..هتد، ئێستاش دۆسێی موڵک و ماڵ و زەوی و زارە حکومییەکان بووە بە ئامرازێکی یاسایی بۆ تەواوکردنی پلانی کۆنترۆڵکردنی سامانەکان.

 

گرنگی ئەم دۆسێیە زۆر زیاترە لە ناکۆکییە ئیدارییەکان
ئەگەر بڕیاری دادگا لە بەرژەوەندی بەغدا بێت، لە لایەک خاوەندارێتی هەزاران موڵکی حکومی دەچێتە ژێر پرسیار و لەلایەکی دیکەوە چوارچێوەی یاسایی بەرێوەبردنی دامەزراوە گشتییەکان لە هەرێم گۆڕانکارییان بەسەردا دێت کە لێکەوتەی زۆر گرنگ و جددی لەسەر ئاستی حوکمڕانی و وەبەرهێنان و کارگێڕی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.


لە کۆتاییدا، ئەوەی بە رواڵەت ناکۆکییەکی یاساییە لەسەر تۆمار و بەڵگەنامەکانی موڵک و ماڵ و زەویوزارە حکومییەکان، لە بنەڕەتدا تیشکدانەوەی پرسیارێکی ریشەییە: لە پێکهاتەی فیدراڵی عیراقدا کێ دەسەڵاتی بەسەر سەرچاوەکان و سامانەکاندا هەیە؟ وەڵامی ئەو پرسیارەش تەنها چارەنووسی ئەو دۆسێیە دیاریی ناکات، بەڵکو رێڕەوی داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا-ش دیاریدەکات.

 

ململانێی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەم زووانە کۆتایی نایەت.