بە زمانێکی سادە

تارا ئەحمەد - ڕۆشنبیر

 

ئازادی بە مانای بەرەڵایی نییە

بێ لەچکی بە مانای ڕوتی نییە

 

لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی و فڕێدانی لەچک و سوتاندنی لەچکەکانیان لەلایەن کچان و ژنانی ئێرانەوە، ئیسلامی سیاسی کەوتووەتە ژەهر بڵاوکردنەوە و ڕیکلامکردن بۆ ناشیرینکردنی ئەم ڕاپەڕینە. سەرباری ئەوەی ئەمانە کە تەواو لەگەڵ بە کۆیلەکردنی ژنانن و کاریان ئەوەیە کە دەیانەوێت خەڵکی داماو و نەزان بکەنە قوربانیی و بیانکەنە لەشکرێکی هەرزان بۆ پەلاماردانی خەڵکی ئازادیخواز، دەشیانەوێت وێنەی ژنانی بێ لەچک وەک ڕوت نیشانبدەن. هەر کەسێکی ئازادیخواز باسی ئازادی و یەکسانی و ڕێز بکات وەک بەرەڵا و بێڕێز نیشانی بدەن .

 

ژنان بە هەموو مانایەک مرۆڤن و مافی بڕیاردانیان هەیە لە هاوسەرگیری و منداڵ بەخێوکردن و جلوبەرگ پۆشین و چوونە دەرەوە و کارکردنی لە دەرەوەی ماڵ، ئەی ژن گوێ بۆ ئەو ئاخوندانە مەگرن کە سەر بە ئیسلامی سیاسین، بەڵکو تۆ ئازادی حەز بە چی دەکەیت، جا لەچک یان بێ لەچکی، گرنگ ئەوەیە بڕوات بە ئازادی هەبێت .

 

ژنان لە کوردستانی باشووردا غەدری گەورەیان لێدەکرێت بەهۆی هاندان و فتواچێتی پیاوانی بازرگانی ئاینیەوە، ژنان دەچەوسێنرێنەوە، سەرکوت و ئیهانە دەکرێن و تیرۆر دەکرێن. باوک و برا و مێرد و کوڕیان فریودەدرێن کە بە ناوی شەرەفەوە دەستببەن بۆ کوشتنی خوشک و ژن و دایک و کچیان.

 

ئەمڕۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بە ژنان و پیاوانەوە هاتوونەتە سەرجادە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو غەدرە گەورەیەی بەرامبەر بە ژینا و ژنانیش کراوە و خوێنێکی زۆریش ڕژاوە و بەردەوامیشە. ئەرکی ئێمەشە کە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ئەو ژن و پیاوە ئازادیخوازانەی یەکگرتووانە هاتوونەتە مەیدان. گرنگە کە باش بزانین هەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێراندا واتا ئاڵوگۆڕ لە عێراق و کوردستانی باشووریشدا.

 

با هەموو بە یەک دەنگ بڵێین نەفرەت لە زۆرەملێی و سەرکوت و بێدەنگکردنی و تیرۆرکردنی ژنان و خەڵکی ئازادیخواز.