ڕێکخراوی شاڕێ لە پێناو پشتگیری گەنجاندا ئیڤێنتێکی ڕێکخست

ڕێکخراوی شاڕێ بۆ پشتگیریکردنی کاری سەربەخۆی گەنجان ئیڤێنتێکی ڕێکخست و تێیدا براندی ڕۆنیاسیان وەک نمونەی سەرکەوتنی ژنێکی گەنج ناساند.

هەڵەبجە

 

ئێوارەی دوێنێ ڕێکخراوی شاڕێ لە پێناو پشتگیری گەنجاندا، ئیڤێنتێکی تایبەت بە (گۆڕانکارییەکانى لاوان لە لاوێکی بەکاربەرەوە بۆ لاوێکی وەبەرهێن) سازکرد و لە ئیڤێنتەکەدا وەک پشتیوانییەک بۆ پرۆژەکانی گەنجان، ناساندنێکى بۆ براندی ڕۆنیاس ڕێکخست.

 

لە سەرەتایی ئیڤێنتەکەدا لەلایەن ئاکۆ محمد، مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە بۆ گەشەپێدانى مرۆیی، سەبارەت بە بازاڕکردن و مارکێتینگ باسی لە بەشداریکردنی گەنجان کرد لە دروستکردنی هەلی کار و پەرەدان بە کارەکان، هەروەها هۆکارەکانی زوو دەستبەکارکردن و دەست هەڵگرتن لە کارەکانیان خستەڕوو، پاشان چەندین بیرۆکە بۆ بوون بە خاوەن پڕۆژە و کاری گەنجان پێشنیار کرا و خرانەڕوو.

ژیلیا سەروەت میرزا، خاوەنى بیرۆکەى ڕۆنیاس، تایبەت بە ئاژانسی ژنها دوا و وتى: "من دەرچووى زانکۆم و کاریگەری دایکم لەسەربووە، چونکە دایکم بەرگدروویەکی باش بووە"، ژیلیا پێی باش بووە گرنگی بە بیرۆکەکەی بدات و لە ڕێگەى ئۆنلاینەوە کار دەکەن تاوەکو کارەکانیان فراوانتر بکەن و ببنە خاوەن دوکانی خۆیان.

 

ژیلیا لە ئێستادا دوکانی نییە تا کارەکانی تێدا نمایش بکات، بەڵام کڕیاران سەردانی ماڵەکەی دەکەن و بەدڵی خۆیان کار و دیزاینیان بۆ دەکات، دەربارەی چۆنیەتی کارەکانیان ئەو دیزاینەرە ئاماژە بەوە دەکات کە پێیان خۆشە کورداندن بکەن و بیرۆکەى وڵاتانى تر وەرنەگرن، وتیشی: "براندەکەمان تایبەتە بە ژنانی باڵاپۆش تا ئەوانیش بێبەش نەبن لە دیزاینەکان".

خەنسا جەبار محەمەد، هەرچەندە دەرچووی بەشی کوالێتی کۆنتڕۆڵە بەڵام دانەمەزراوە و پەرەی بە حەز و خولیاکانی داوە، لە ئێستادا کاری دروومان دەکات، بووەتە مامۆستای دروومان و چەندین ژنی دیکەی فێری دروومان کردووە، خەنسا هەوڵ دەدات ببێتە خاوەنی براندی خۆی، سەرەتا چەندین پارچەی بۆخۆی دووریوە و پاشان کەسانی دیکە حەزیان لێی بووە و داوایان کردووە بۆیان دووبارە بکاتەوە، ئەو بەرگدرووە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە کار دەکات.

 

خانسای بەرگدروو باس لەوەدەکات کە باوەڕ بەخۆبوون بنەمای سەرکەوتنە و کام شت قورس بێت، دەبێت بیکەینە ئامانج و متمانەمان بەخۆمان هەبێت بۆ بەدەستهێنانی، هەرئەوەش بنەمای سەرکەوتنە لە ژیان.

ت.پ