جلوبەرگە کەلتورییەکان خواستێکی زۆریان لەسەرە

ژنێک لە هەڵەبجەی تازە بیست ساڵە کاری بەرگدروویی دەکات و دەستاودەست کارەکانی دەگەیەنێت بە کڕیارەکانی لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان .

هەوار محەمەد

شارەزوور- کەژاڵ ساڵح، دانیشتووی شارەزوورە و ماوەی ٢٠ ساڵە کاری دروومان دەکات، ئەو زیاتر کاری ئامادەکراو لە ماڵەوە دەکات و کارەکانی لە نێو شارەزوور و لە ڕێگەی دەستاودەست کردن دەفرۆشێت، ئێستاش لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە دەیگەیەنێت بە کڕیارانی.

 

کەژاڵ باس لە ئەزموونی کارەکەی دەکات و دەڵێت لە ڕابردوودا کاری دروومانی سادەتر بوو، بەڵام لە ئێستادا گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە، ئەو بەرگدرووە کە خۆی پەرەی بە تواناکانی داوە و سۆشیال میدیاش هاوکارێکی باشی بووە، لە پاش دروومان فێری دیزاین و دەستڕەنگینی و چنینیش بووە و ئارەزوو دەکات براندێکی تایبەت بە ناوی خۆیەوە "کەژاڵ" دروستبکات.

 

کەژاڵ باس لە دیزاینەکانی دەکات کە بۆ چ تەمەنێک گونجاون و دەڵێت: هەموو بابەتێکم هەیە بۆ ژنانی گەنج و بە تەمەن و کڕیارەکانیشم لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە جلوبەرگ و کەرەستە جوانکارییەکانم دەبەن.

سەرنجڕاکێشی کارەکانی و دڵسۆزییەکەی بووەتە هۆی زیادبوونی کڕیارەکانی، کەژاڵ بە دڵخۆشی و ڕوویەکی گەشەوە باس لەو ژنانە دەکات کە بەردەوام لە گەڵیدابوون وکارەکانیان بەرز نرخاندووە و دەڵێت: ژنان پشتگیرم بوون و دەستخۆشییان لێکردووم، هۆکاری بەرەوپێشچوونم بوون.

 

زۆرجار ژنان کە دەستدەبەن بۆ کارێک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قورسی و ئاستەنگی دەبنەوە، هەم لە کارەکەیان هەمیش لەلایەن خێزان و کۆمەڵگاوە، بەڵام کەژاڵ دەڵێت: لە ماوەی ٢٠ ساڵی کارکردنم هیچ ئاستەنگییەکم بۆ دروست نەبووە لەبەرئەوەی ئارەزووی خۆم بووە، من نەمخوێند بۆیە پێم باشبوو پیشەیەکی خۆمم هەبێت.

 

ئەو بەرگدرووە یەکێک لە کۆڵوانەکانی زۆر حەز لێیە و زۆرینەی کات بەکاریدەهێنێت، ئەو دەشڵێت: بۆ هەموو تەمەنێک جیاواز کارەکانم دەدرووم و دەچنم، بە نمونە لە کۆڵوانەدا بۆ ژنانی بەتەمەن سادەتر و نەرم و بێ لیرە و لەرزانە دەیچنم بۆ ئەوەی ئاسوودەتر بن لە جوڵە و هەڵسوکەوتیان .

 

هەروەها باس لەوەش دەکات ئەو جلوبەرگانەی شیوازێکی کەلتورییان لە خۆیاندا هەڵگرتووە بەرداوام داواکارییان لەسەرە و ژنان زیاتر خواست و ئارەزوویان بۆ جلوبەرگە کەلتورییەکان هەیە.

 

کەژاڵ سەبارەت بە کارکردنی ژنان و بوونی ئابورییەکی سەربەخۆ دەڵێت: من بەردەوام پشتگیر و هاوکاری ژنانم لەوەی کارێک بۆ خۆیان بکەن، چونکە کارکردن لە ڕووی دەروونی و ماددیەوە سوود بە ژنان دەگەیەنێت .

ت.پ