نوێبوونەوە، نهێنی سەرکەوتنی ڕێناسە

هەر چەند مانگ جارێک نوێکاری لە شێوازی دیزانی کێکەکانی دەکات، هەمیشە دەیەوێت باشترین و خۆشترین کێک پێشکەش بکات، ئەزموونی حەوت ساڵ کارکردنی هەیە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ڕۆژانە وێڕای کاری فەرمانبەری زۆرینەی کاتەکانی لە فرۆشگای هەویر و شیرینیەکەی بەسەر دەبات، لەگەڵ کارمەندەکانیدا بە هێمنی و ئاگادارییەوە کاردەکەن، دەیانەوێت باشترین و بە کوالێتی ترین پێشکەشی کڕیارەکانیان بکەن.

 

ڕێناس محەمەد، تەمەنی ٣٤ ساڵە، ئەو بەهرەیەکی بێ وێنەی لە دروستکردنی شیرینیدا هەیە، بۆنی کێکەکانی تەواوی دوکانەکەی داگیرکردووە، هەر بەهۆی ئەو بەهرەیەوە بەردەوام لەلایەن خێزان و کەسە نزیکەکانیەوە هاندەدەرا تا دەست بە کاری دروستکردنی شیرینی بکات، وەک خۆی دەڵێت بەهرەکەی لە دایکییەوە بۆ ماوەتەوە و دایکی کارامەییەکی زۆری لە دروستکردنی شیرینیدا هەیە.

ڕێناس زۆر گرنگی بە پاکوخاوێنی کارەکانی دەدات وێڕای ئەوەی دەیەوێت بۆچوونی کڕیارەکانی لەسەر بەرهەمەکانیان وەربگرن و ڕەخنەکانیان بە هەند وەربگرن، بەڵام بەردەوام شێواز و دیزاینی نوێ دروست بکەن، هەر ئەو نوێبوونەوەیەش بە بنەمای سەرکەوتنی دەزانێت.

 

دەشڵێت "بەگشتی خەڵکی ئێمە حەزی لە شرینی زۆر نییە، دەیانەوێت شەکری کەم بێت، لە سەرجەم تەمەنەکان کڕیارمان هەیە، بە تایبەت کەسانی بە تەمەن دێن بۆ کڕینی کولیچەکانمان و دەڵێن تامی کولیچەی قەدیمی دەدات".

 

"تۆڕی کۆمەڵایەتی پرسی پەیوەندی خاوەنکار و کڕیارە"

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سوودێکی زۆری پێگەیاندووە، پێی وایە پردێکی پەیوەندییە لەنێوان خۆی و کڕیارەکانیدا، دەڵێت "خەڵک دەڵێت من بێ کێشەم چونکە دوورم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام مەرج نییە هەمیشە خراپ بێت، دەکەوێتە سەر بەکارهێنانی خۆت، بەو هۆیەوە من لە سلێمانی ناسرام و متمانەیان بە کارەکانم کرد".

 

ڕێناس باس لەوە دەکات، کە بەپێی بۆنەکان دیزاین و ڕەنگی کێکەکانیش دەگۆڕێت، بە نمونە لە ئاهەنگی سەری ساڵ زیاتر ڕەنگی سپی و سوور بەکاردێت، لە خەنەبەندان و ڕۆژی ڤالانتایندا ڕەنگی سوور بەکاردێت، یاخود زۆرجار ڕەنگەکان لەگەڵ دیزانی شوێنەکان یان جلی کەسەکان دەگونجێنن، چەندین جۆر کێکی جیاوازیان بە تامی جیاواز هەیە، بەپێی خواستی کڕیارەکانیان کێکان دروست دەکەن.

 

شوێنی فرۆشتنی کێکەکانی ڕازاندووەتەوە

بە هاوکاری خوشکەکەی دیزاینی شوێنەکەی کردووە، بەشی فرۆشتنەکەی بە کێکی ڕەنگاوڕەنگ ڕازێندراوەتەوە، چەندین جۆر کێکی لێیە بۆ فرۆشتن، ڕەنگەکان گونجێندراون لەگەڵ یەکتردا کەشێکی هێمن بۆ شوێنەکە دروستکراوە، کە چاو و مێشک ئارام دەکاتەوە، ئەم گونجاندنە لە بەشی دروستکردنی کێکەکەشدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمەش شوێنی کارکردنەکەیانی کردووەتە جێگایەکی ئارام و دڵگیر.

"ناوی بەیک فۆڕ می واتە بۆم ببرژێنە، بۆیە ئەو ناوەم هەڵبژاردووە تا زۆرترین واتای هەبێت، بیرۆکەی ناوەکەم خوشکەکەم داینا".

 

ئێستا لای ڕێناس نزیکەی ١٣ کارمەند کاردەکەن، ئەو دڵخۆشە کە دەتوانێت هەلی کاری بۆ کەسانی دیکەش ڕەخساندووە، فرۆشگای هەویر و شیرینییەکەی لە شەقامی بەختیارییە، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨ بەیانی بۆ چواری ئێوارە کاردەکەن، بەشی فرۆشتنەکەشی تا کاتژمێر ١١ شەو کراوەیە.

 

کارمەندەکان بەوە ئاسودەن کە لای ژنێک کار دەکەن، کەژاڵ محەمەد ماوەی حەوت ساڵە کار دەکات هەر لە سەرەتایی دەستپێکردنی ڕێناسەوە لەگەڵیدایە، دەڵێت مامەڵەکردنی ڕێناس لەگەڵ کارمەندەکاندا هاوڕێیانەیە، وەک خێزانێک بەیەکەوە کاردەکەن، لەیەکەوە نزیکن و لە کێشە و زەحمەتییەکانیان تێدەگات.

ت.پ