بازاڕێکی شەوانە ژنانی دەستڕەنگینی هەڵەبجە کۆدەکاتەوە

سەندیکای ڕستن و چنینی هەڵەبجە بەمەبەستی پیشاندانی تواناکانی ژنان، شەوانی مانگی ڕەمەزان لە ناو بازاری هەڵەبجە ژنان بە کارە دەستیەکانیان کۆدەکاتەوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ژنانی هەڵەبجە کە هەمیشە ئامادەن بۆ دەرخستنی تواناکانیان، بە کارە دەستی و دەستڕەنگینیەکەیان لە شەوانی ڕەمەزاندا لە بازاڕێکدا کۆدەبنەوەو سەرنجی سەردانکەرانی بازاڕەکە بۆ کارەکانیان ڕادەکێشن، ئەم بازاڕە وابڕیارە ماوەی شەش مانگ بەردەوام بێت و شەوانە بۆماوەی چوار کاتژمێر دوکانەکان کراوە دەبن.

 

سۆزان شەعبان سەرۆکی سەندیکای ڕستن و چنین لە هەڵەبجە باسی لەوەکرد مەبەستیان لەم کارە خستنەگەڕی توانای ژنانی هەڵەبجەیە، وتی: "بینیمان لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئەم کارە دەکرێت، بۆیە پێمان خۆش بوو هەڵەبجەش بێبەش نەبێت لەم بازاڕیکردنە".

 

ئەوەشی خستەڕوو، شەوانە نزیکەی ٢٥ ژن کارەکانیان نمایش دەکەن و شەو بەشەو ژمارەکەش ڕوو لە زیاد بوونە، شەوانە لە کاتژمێر ٨:٠٠ بۆ ١:٠٠ بازاڕەکەیان کراوە دەبێت وە خوازیارە ژنان نەترسن و بچنە دەرەوە بۆ کار کردن.

 

"لەم بازارەدا بەرهەمەکەم ساغ دەکەمەوە"

ژنان زۆر بوون  لە هەموو بوارەکاندا بەشداریان کردبوو لە گۆشەیەکی بازاڕەکەدا "نەفیە قادر" خەریکی نان کردن بوو، چوینە تەنیشتی و باسی لەوەکرد ئێواران دێتە بازاڕەکەو وتی: "سەرجەم ئەو نانەی کردوومە لەلایەن ئەو هاوڵاتیانەوە کە سەردانم دەکەن ساغ دەبێتەوە".

 

"هیوادارین شوێنەکەمان بەردەوامی پێ بدەن و بتوانین بەردەوام کارەکانمان نمایش بکەین"

ژنانی بەشداربوو بە خۆشەویستیەوە لە کارەکەیان دەڕوانن و خوازیارن بتوانن بەردەوام ئەم بازاڕەیان هەبێت، خەیاڵ حسێن خۆی بە خۆشحاڵ دەزانیت کە لەم شوێنەدا کارەکانیان بۆ نمایش دەکەن و وتی: "هیواخوازم ماوەی مانەوەمان بۆ درێژبکەنەوە لە شەش مانگ بۆ ساڵێک".

 

سەبارەت بەو کارانەی کە لە بازاڕەکەدا نمایش کراون خەیاڵ ئاماژەی بەوەکرد کە لە بابەتی جوانکاری ژنان و جلی کوردی و تا دەگاتە نان و خواردەمەنی گەرم لە بازاڕەکەیان دەست دەکەوێت، دەربارەی ڕێژەی سەردانیکەرانی خەڵک بۆ بازارەکە وتیشی: " ئەم چەند شەوەی سەرەتا هاوڵاتیان ئاگادار نەبوون لە کارو چالاکیەکان بەڵام ئیستا وردە وردە زیاد دەکات و کارەکانیشمان بەرەوپیش دەچێت".

 

بونی بازاڕ تەنها لە مانگی ڕەمەزاندا نا بەڵکو پێویستە بە دریژایی ساڵ بێت

چەندین ژن لە تەمەنە جیاوازەکان و منداڵ سەردانی بازارەکەیان دەکردو پێداویستییەکانی خۆیان دەکڕی، شەهێن عومەر مامۆستایەک بوو بۆ کڕینی پێداویستی سەردانی کردبوو وتی: "دەستخۆشی لە ژنەکان دەکەم چونکە ئەرکەکانی سەرشانی ئێمەیان سوک کردووە، چونکە ئێمە بەڕۆژ دەواممان هەیەو بەشەو کاتمان هەیە بۆ پێداویستی کڕین، بێگومان شتی سروشتی ببرێت بۆ دیاری جوانترو بە نرخترە".